موعتەزیلە

قوتابخانەی ئایینی(ئیسلامی)

موتەزیلە یان موعتەزیلە یەکێکن لە دەستە کەلامییەکانی ئیسلام. موعتەزیلە باوڕیان وایە کە باس لەسەر باوڕ و بنەماکانی جیھان دەبێت لەسەر بنەڕەتی عەقڵ بکرێت، موعتەزیلە باوڕیان بەوەیە کە عەقڵ ڕێنوێنێکی باشترە لە شەرع.[١]

زانیاریدەستکاری

وشەی موعتەزیلەدەستکاری

سەبارەت بە خودی وشەکە لە (اعتزل)ەوە ھاتووە، واتە:(جیابونەوەی شتێک لە شتە سەرەکییەکە)، بەڵگەش ئەم ئایەتەیە لە سوورەتی دوخان،  وَإِنْ لَمْ تُؤْمِنُوا لِي فَاعْتَزِلُونِ   (دوخان:٢١) (کوردی: وە ئەگەر باوەڕم پێناھێنن ئەوە وازم لێ بھێنن (و خراپەم دەربارە مەکەن)).[٢]

دروستبوونیدەستکاری

سەبارەت بە دروستبوونی ئەم کۆمەڵەیە چەند ڕایەکی جیاواز ھەیە لەسەری لەوانە:[٣]

  1. لە ئەنجامی دروستبونی گفتووگۆ لەنێوان واسڵ کوڕی عەتا و حەسەنی بەسڕی لەسەر ئەوەی ئایا مرۆڤ توانای ھەیە بەسەر کردەوەکانی خۆیدا یاخود نا؟ ئەمەش لەسەر بناغەی یەکێک لە بنچینە سەرەکییەکانی ئەم گرووپەیە کە بریتییە لە (المنزلە بین المنزلتین- شوێنێ لەنێوان دوو شوێندا) ھەربۆیە دەوترێ کاتێ حەسەنی بەسڕی ئەمەی بیست، فەرموی: (اعتزلنا واصل).
  2. لایەنی دووەم بۆ ھۆکاری سیاسی دەیگەڕێننەوە: ئەو کاتەی کە ئیمامی عەلی و موعاویە چارەسەری ناکۆکییەکانیان کرد، کۆمەڵێ لە ھەردوو گرووپەکە (عەلی و موعاوییە) جیابوونەوە (فاعتزلوا الفریقین).
  3. بەڵام قازی عەبدولجەبار ھەمەدانی (مێژوونوسی موعتەزیلە) دەڵێ: جیابوونەوە مەبەست لە دانانی مەزھەبێکی نوێ و گرووپێکی ھەڵگەڕاوە و جیا نییە، بەڵکو تەنھا گرووپەکەیان لەسەر ئەم فەرموودەی خواو پێغەمبەر داناوە، ئەویش:

ا. خودای گەورە دەفەرمووێ: ((وأعتزلکم وما تدعون)). (مریم :٤٨).

ب. پێغەمبەر دەفەرمووێ: (من أعتزل الشر سقط فی الخیر).

٤. لە ئەنجامی بەیەکگەیشتنی فیکرە جیاواز و فەلسەفییەکانی ناوچەکانی دی لەگەڵ دینی ئیسلامدا، کۆمەڵێک موتەئەسیر بوون بە فەلسەفەی (یونانی، ھندی، بیروباوەری یەھودی و نەسرانییەکان) دامەزرێنەری ئەم فیکرەش (واصلی کوڕی عەتائە) (٨٠–١٣١ک) کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی حەسەنی بەصری، بەڵام کاتێ بۆچوونی (شوێنێ لەنێوان دوو شوێنیدا) دانا یان (نە کافرە و نە موسڵمان) بە یەکێ لە جیابوان دانرا لە حەلەقەکەی حەسەنی بەصری. لەکۆتایدا دەگەینە ئەوەی بڵێین، موعتەزیلە کۆمەڵێکن کە ئەھلی سوننەت ئەوانیان ناو ناون موعتەزیلە، بەڵام ئەوان خۆیان ناویان لە خۆیان ناوە ئەھلی عەدل و تەوحید، ڕایان وایە ھیچ شتێک کۆن نییە جگە لە خوای گەورە. پێنج بنەمایان ھەیە کە قوتابخانەکەیان لەسەری دامەزراوە، ئەوانیش: (دادپەروەری، یەکتاپەرستی، ھەرەشە و ترساندن، شوێنێ لە نێوان دوو شوێندا، ئەمر بە چاکە و ڕێگریکردن لە خراپە) .. موعتەزیلەکان زیاتر لە بیست گرووپن، بە گشتی پێیان وایە کە خوا ناتوانێ ڕێگر بێت لە چاکەکان یان ھێنانی خراپەکان. بە کورتی دەتوانین بڵێین یەکەم قوتابخانەی کەلامییە کە بیروباوەری ئیسلامیان بە عەقڵ لێک دەدایەوە، لە بەصرەدا تەشەنەیان سەند لە ساڵی ١٠٠کۆچییەوە.[٤]

دەسەڵاتی موعتەزیلەکاندەستکاری

  • یەکەم دەرکەوتنیان:

لەگەڵ دەستپێکردنی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا موعتەزیلەکان دەسەڵاتیان پەیدا کرد.[٥] لەکاتی حوکمڕانی مەنصوردا (١٣٦–١٥٨ ک / ٧٥٣–٧٧٤ز) عەمری کوڕی عبید کە یەکێ بوو لە دامەزرێنەرانی موعتەزیلە، بووە ھاوڕێیەکی خۆشەویستی مەنصور و ئەویش ڕێزێکی زۆری لێدەنا و گەورەتر لە گشت زاناکانی ئەو کاتی دادەنا و فەزڵی دابوو بەسەریاندا و دەیگوت، «کلکم یمشی ڕووید کلکم طالب صید، غیر عمرو بن عبید».

مەنصور زۆر کات بانگی دەکرد تاوەکو ئامۆژگاری بکات، ئەوەبو ڕۆژێکیان باسی لە ھاوەڵە یەکەمینەکان دەکرد مەنصور دەستی کرد بە گریان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی کاریگەری ئەم کەسایەتییە لەسەری، لەگەڵ ئەوەی مەنصور ڕێزێکی زۆری لە موعتەزیلەکان دەگرت بەڵام ھیچ پۆستێکی حکومیانی پێنەئەدا. لە دوای مردنی عەمری کوڕی عوبێد خەڵکی لە دەوری ئیبراھیم کوڕی عەبدوڵڵا کۆبونەوە کە فیکرەی شیعەیی ھەڵگرتبوو، بۆیە بەتوندی لێیان درا لەلایەن دەسەڵاتەوە. بە ھەمان شێوەش لە دەورەی مەھدیدا (١٥٨–١٦٩/٧٧٤–٧٨٥ز)، کپ کرانەوە و بەتوندی لێیانیدا و ژمارەیەکی لێیان کوشت وەک: (صالح کوڕی عبد القدوس، بشار کوڕی برد). بەڵام لە دەورەی ڕەشیددا (١٧٠ک / ٧٦٨م) دووبارە ھەستانەوەی بە خۆوە بینی.[٦]

  • دووەم دەرکەوتنیان

لە سەرەتای دەورەی ڕەشیدەوە(١٧٠–١٩٣ک/٧٨٦–٨٠٨ز) دووبارە دەسەڵاتیان بەرز بۆوە، لەوانە (یەحیا کوڕی حەمزە حەزرەمی) لە ساڵی (١٨٣ک/٧٧٩ز)، کە یەکێ بوولە قەدەرییەکان و بووە قازی لە دیمەشق. ڕەشید بۆ خۆیشی ھەندێ لە موعتەزیلەکانی لە خۆی نزیک کردەوە، لەوانە (سەمامەی کوڕی ئەشرس) لە بەغداد و یەحیا کوڕی ئیبن موبارەکیش لەڕێگای پەروەردەکردنی مناڵەکانی یەزید کوڕی مەنصورەوە پەیوەندی بە خولەفاکانی بەنی عەباسەوە کرد بەتایبەتی ڕەشید و دەستی کرد بە پەروەردەکردنی مناڵەکانی (ئەمین و مەئمون)، لە یاقوتەوە دەگێڕێتەوە: (محمد کوڕی مناذر ١٩٨ک/٨١٤ز)، جنێوی بە موعتەزیلە داوە، لەسەر ئەمە نەفیان کردووە لە بەسرە بۆ حیجاز و لەوێ ھێشتیانەوە تاوەکو وەفاتی کرد، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی دەسەڵاتی موعتەزیلە لەناو خیلافەتدا بەر لە ھاتنە سەر کاری مەئمون.

  • سێیەم دەرکەوتنیان

لە سەردەمی عەباسی زێڕیندا دوو ڕووی جیاواز پەیدابوو، یەکیان بریتی بوو لە دەستگرتن بە پاشماوە و گەراِنەوە بۆ دەقی فەرمودە و وازھێنان لەسەر پێوانەو قیاس تەنھا لە ناچاریدا نەبێت، دووەمیشیان بریتی بوو لە خستنە گەڕی عەقڵ و کردنی بە پێوانە بۆ لێکدانەوەی مەسەلە ئاڵۆزەکان. نموونەی یەکەم، فەرمودە ناسان و لەپشتیانەوە خەڵکیش، بەڵام دووەم موعتەزیلە بوون کە ھەڵگری کردنەوەی زانستە تازەکان بوون، ململانێ و ناکۆکی فیکری لەنێوان ئەم دوو لایەدا ڕوویدا لە مزگەوتەکان و حەلقە دەرسییەکاندا و چەکیشیان بریتی بوو لە بەڵگە و نموونە.

مەئمونیش، نزیکبۆوە لە دووەمیان و ملکەچ بوو بۆ جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان، ئەمەش بەھۆی ئەو تێکەڵییەی وا دروست ببوو لە لەنێوان موعتەزیلە و دەسەڵاتی خیلافەتدا، وەک لە بەشەکانی پێشودا باسمان لێوەی کرد کە چۆن موعتەزیلە لە ماڵەکانی بەنی عەباسدا خۆیان چەسپاند. ئیبن جوزی دەڵێ: (مەئمون خۆشەویستی بۆ جۆرەھا زانست ھەبوو، لە دانیشتنەکانیدا جۆرەھا موتەکلمین دادەنیشتن و ھەوڵیشیان تەنھا بۆ سەرخستنی عەقڵانییەکان بوو)، پاشتر دەڵێ: (ئەمەش بۆسەرکەوتنی کۆمەڵانی جەھمیش، مەبەست پێی موعتەزیلەیە بوو، لە نێو خەڵکیدا و پاشان بانگەواز بۆ کردنی)، لە نزیکانیش لەم دەورەیەدا لە خەلیفەوە: (یەحیا کوڕی مبارک، ئەبو بەشری کوڕی سەمامە، ئەبو ھوزەیل کوڕی عەلاف) بون. ئەمەش بویە ھۆی گەشەسەندنێکی گەورەی فەلسەفە لە جیھانی ئیسلامیدا کەمێژونوسان ھۆکاری ئەم گەشەندنەش جگە لەو ھۆکارانەی وا باسمان لێوە کردن، دەگەڕێننەوە بۆ دانانی (ئەحمەد کوڕی دەبی دۆاد ئیادی) بە قازی، کە پاشتر بووە ھۆی دروستبونی پەیوەندی لەنێوان ئەو و خەلیفەدا، لە ساڵی (٢٠٤ک/٨٢٨ز) و خەلیفە بە ھەمان شێوە کەوتە ژێر کاریگەری ئەویش تاوەکو لەژێر کاریگەری ئەودا بووە ھۆی دەرکەوتنی مەینەتەکە، کە لە مێژووی ئیسلامیدا ناسراوە بە (المحنە) کە ھەمو سەرچاوەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئیبن دۆاد بەرپرسیاری سەرەکییە لەو کارە.

دەرکەوتنیان لەم سەردەمەدادەستکاری

  • یەکەم / الھذیلییە: ھاوەڵانی دەبی ھذیل حمدان، کە ڕێبازی موعتەزیلی وەرگرتوە لەلای (عوسمان کوڕی خالیدی تەویل). کەسایەتییەکی گەورە بوە لە قوتابخانەی بەصرە، بەناوبانگ بوە بە موناقەشەکردن و قەناعەت پێکردن. ئەبو ھژیل خاوەنی ڕەوانبێژییەکی فراوان بوە لە دەربڕیندا و بەڵگەی دەھێنایەوە لە کاتی گفتوگۆی دا بە بەیتە شیعر و ھەمو تەمەنی تەرخان کرد بوو بۆ موناقەشەکردن لەگەڵ زنادقەو مەجوسەکان و بتپەرستەکاندا، ھەتاوەکو لەبارەیەوە دەوترێت کە (٣٠٠٠) کەس لەسەر دەستی موسڵمان بوون. صاڵح لەبەیتێکیدا ئاماژەی پێدەدات و دەڵێ:

ابا الھذیل جزاک اللە من ڕجل فأنت حقا لعمری معضیل جدل.

  • دووەم / الحفصیە: ھاوەڵانی ئەبو عەمر حفص فرد، نازناوی ئەبو یەحیایە و خەڵکی وڵاتی میصر بووە و ژیاوە لە کۆتایییەکانی سەدەی دووەم و سەرەتای سەدەی سێیەم. لەسەرەتاوە موعتەزیلی بووە و پاشتر گۆڕاوە بۆ جەبری، وەک ئەم وتەیەی دەڵێ: (کردەوەکانی مرۆڤ خوا دروست کەریانەو دواتر مرۆڤ)، سەفەری کرد بۆ بەصرە کە لانکەی موناقەشەی موعتەزیلەکان بوو، لەوێ گەیشت بە دەبی ھژیل، بەڵام لە موناقەشەکەیدا سەرنەکەوت، لە کتێبەکانی سەردەمی جەبریدا: (الاستطاعة، الرد علی المعتزلە، التوحید، الرد علی النصاری).
  • سێیەم / الجاحظیە: ھاوەڵانی (ئەبو عپمان کوڕی بەحر کوڕی مەحبوب) بەھۆی خوێندنەوەی زۆری کتێبە فەلسەفییەکان و تێکەڵ بوون لەگەڵیاندا، بوە یەکێ لەپێڕەوانی گرووپی موعتەزیلە، ئەمەش لە مەقالە ڕەوانبیژییەکانیدا دیارە، ئەحمەد کوڕی مرتضی (مردوە لە١٣٢٥ک / ٩٣٤م) لە بارەیەوە دەڵێ: (نەمبینیوە زمان پاراوتر لە دەبی ھذیل و جاحظ).

جاحز (١٦٣–٢٥٥ک/٧٨٠–٨٦٩ز)، لە بەصرە لەدایک بووە و گەورە بووە و مردووە. لەبەر ئەوە کاریگەری ئەو سروشت و ئاووھەوایەی لەسەر بووە کە لە ژیانیدا کەسێکی توند دەربچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەسێکی گەورە لەڕوی تێڕوانین و وردبینی و باسی و بەھێزی لە دەربڕیندا. گۆج بوە لە کۆتایی تەمەنیدا و مرد کاتێ کەوتە ژێر کتێبەکانییەوە.

  • چوارەم / الراوندییە: دامەزرێنەری ئەم گرووپە (دەبی حسین کوڕی یەحیا کوڕی ئیسحاق ڕاوەندی)، ناسراوە بە (ئیبن ڕاوەندی)، لە نێوان ساڵانی (٢٠٥–٢١٥ک/٨٢٠–٨٣٠ز) موعتەزیلی بوە و دواتر بووە دوژمنیان و ژمارەیەکی زۆر لەکتێبی دژ نووسین، لە ناودارترینیان (فصیحة المعتزلە)، ئەم کتێبەی ڕەد کرایەوە لەلایەن جاحیز لەژێر ناوی (فجیلة المعتزلە)، دواھەمین کتێبیشی ڕەدکرایەوە لەلایەن (دەبی حسین خیاط)ەوە کە ناوی ڕاوەندی بردبو بە (ابن الراوندی الملحد).
  • پێنجەم / الثمامییە: ھاوەڵانی ثمامە کوڕی ئەشرس نمیری، لە بیرباوەرەکانیاندا لاوازی نەفس نزمی کۆبووەتەوە، دەیانگوت: (فاسق ئەگەر بە فسقەکەیەوە بمرێ و توبە نەکات، ئەوا لە دۆزەخدا دەمێنێتەوە بۆ ھەتا ھەتایی).

شەشەم / النجارییە: دامەزرێنەری حسین کوڕی محمد مردوە لە (٢٣٠ک/٨٤٥ز) لەگەڵ موعتەزیلەکاندا لە چەند خاڵێکی پەیوەند بە یەکتاپەرستیوە ھاوڕان، وەک ڕەدکرنەوەی ئەو سیفەتانەی لە کەس و خوادایە، قورئان مەخلوقە، ئینکاریکردنی بینینی خوا لە ڕۆژی دوایدا.

گەشەسەندنیاندەستکاری

بەھۆی ئەو گەشەسەندنە گەورەیەی موعتەزیلە بەخۆیەوە بینی لە دەورەی مەئموندا، لە کۆتایی فەرمانڕەوایییەکەیدا (٢١٨ک/٨٣٢ز) بووە ھۆی دەرکەوتنی مەسەلەیەکی وروژێنەر کە لە مێژووی ئیسلامیدا دەناسرێ بە (میحنە)، دەرکەوتنەکەشی بۆ سێ خاڵی سەرەکی دەگەڕێتەوە:

  • یەکەم / گەشەسەندنی زمان پاراوی و ڕەوانبیژی و زانست فراوانی و زۆربونی ھاوەڵانی مەزھەبی عەقڵی (ڕاسیۆنالیست) کە لەبەردەمی ئەمانەشدا ئیبن دەبی داود بوو.
  • دووەم / بوونی مەئمون و حەزکردنی لە فیکر و فەلسەفە و فراوانی و قووڵی فیکری و کەوتنە ژێر کاریگەری زانستی وەرگیراو و وەرگێڕاو.
  • سێیەم / بەگەر خستنی مەسەلەیەک (مەخلوقی قورئان)، کە پێویست ناکات ئەوەندە گرنگی پێبدرێت، چونکە نەئەرکانی دینە و نە خوای گەورەش لە ڕۆژی دوایدا پرسیارمان لەبارەیەوە لێدەکات.

میحنەتەکە لە مێژووی ئیسلامیدا بەم شێوازە باسی لێوەکراوە «ساڵی ٢١٨ک/٨٣٢ز و باسکردنی میحنەتی قورئانی مەجید» لەم ساڵەدا مەئمون نوسی بۆ ئیسحاق کوڕی ئیبراھیم لە بەغداد کەدادوەران و شایەتان و موتەکەلمین تاقی بکەنەوەبە قورئان و بڕیاری لەسەربدەن کە قورئان دروستکراو و نوێیە و فەرمانبدەن ببێتە بڕیار و کاری پێبکەن، پاشانیش کتێبێک لەو بارەیەوە بنوسرێت، و ببنە ڕێگر لەبەردەم ئەوانەی ڕەفزی ئەوە دەکەن. کتێبەکە لە ڕەبیعی یەکەمی ئەو ساڵەدا لەلایەن حەوت کەسەوە قبوڵ کرا، ئەوانیش: (محمد کوڕی سعد نووسەری واقدی، ئەبو مسلم مستملی یەزید کوڕی ھارون، یەحیا کوڕی موعین، ئەبو خیثمە زھیر کوڕی حەرب، ئیسماعیل کوڕی داود، ئیسماعیل کوڕی دەبی مەسعوود، ئەحمەدی کوڕی دورقی) ئەمانە کاتێ پرسیاریان لێکرا لەبارەی قورئانەوە، وەڵامی گشتیان ئەوەبو کە قورئان مەخلوقە. پاشتر ئیسحاقی کوڕی ئیبراھیم نوسراوی مەئمونی پێگەیشت کە فەقییە و دادوەران تاقیبکاتەوە بە ئامادەبونی ئیسحاق کوڕی ئیبراھیم، ئەوانیش: (بەشیر کوڕی وەلید کندی، عەلی کوڕی دەبی مقاتل، ژیال کوڕی ھیثم سجادە، قەواریری، ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، …).

پاش ئەوەی دوو جار کتێبەکەی مەئمونیان خوێندەوە و لێیتێگەیشتن.

– ئیسحاق: چ دەڵێی دەربارەی قورئان؟

– بشر کوڕی وەلید: دەڵێم قورئان کەلامی خوایە.

– ئیسحاق: من پرسیار ناکەم لە تۆ لەسەر ئەمە، بەڵکو دەمەوێ بزانم مەخلوقە؟

– بشر کوڕی وەلید: اللە دروستکەری ھەمو شتێکە.

– ئیسحاق: ئایا قورئان شتە؟

– بشر کوڕی وەلید: بەڵێ.

– ئیسحاق: ئایا دروست کراوە؟

– بشر کوڕی وەلید: نەخێر دروستکەری نییە و لەمە باشتریشم لێنابیستیت، لەمە زیاتر قسەشی لەسەر ناکەم. دوای ئەمە لە ھەریەکێ لەوانی دی دەپرسرا، دەیگوت: قورئان کەلامی خوایە جگە لە ئیبن بکاو دەیگوت، قورئان مەعجولە! لەسەر ئەو وتەیەی خوای گەورە کە دەفەرمێ: ((إنا جعلناە قرانا عربیا)).

– ئیسحاق: مەعجول مەخلوقە؟

– ئیبن بکاو: بەڵێ.

– ئیسحاق: قورئانیش مەخلوقە؟

– ئیبن بکاو: ناڵێم مەخلوقە، بەڵکو مەجھولە.

پاشان ئەمانە گشتیان نوسرانەوە و ھێنرانەوە بۆ مەئمون، مەئمونیش فەرمانیدا کە لەملی ھەریەکە لەوانە بدرێ کە دژی خەلقی قورئان ڕابوەستێ، لەبەرامبەر ئەم فەرمانەدا لە کۆمەڵەکە تەنھا چوار کەس وەستان (سجادە، قەواریری، ئەحمەدی کوڕی حەنبەل، محمدی کوڕی نوح). دەستکرا بە لێدانیان. سجادە وتی: قورئان مەخلوقە و ئازاد کرا، بۆ ڕۆژی دواتر قەواریریش ھەمان شتی وت، تەنھا ئەحمەد و محمد مانەوە سووربون لەسەر وتەکەیان. مەئمون ئەو کات لەخوراسان بوو فەرمانیدا کە بیان نێرن بۆلای بەڵام لە ڕێگادا محمدی کوڕی نوح وەفاتی کرد و مەئمونیش لەوێ پێش ئەوەی ئەمان بگەنە ئەوێ وەفاتی کرد، ئیمام ئەحمەدیش بۆ خۆی تەنھا مایەوە. کە دواتر لەدەورانی موعتەسەم ئەم کارە دووبارە بۆوە و بیری موعتەزیلی بەردەوام بوو تاوەکو لەدەورانی خەلیفە موتەوەکلدا ھەڵگیرا و ڕەفزکرا.

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ 'Abd al-Jabbar (1965). 'Abd al-Karim 'Uthman (ed.). , ed. Sharh al-Usul al-Khamsa (in Arabic). Cairo: Maktabat Wahba.
  2. ^ http://www.historyofkurd.com/2016/11/28/ھەوڵێک-بۆ-شوناسی-موعتەزیلە/
  3. ^ https://www.facebook.com/muhammad.faiqkallhury[بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی][بەستەری مردووی ھەمیشەیی]
  4. ^ پەرتوکی صدیق عبداللە اغجلری: دراسات فی المژاھب و الفروق الاسلامییە
  5. ^ پەرتوکی زھدی حسن جاراللە: المعتزلە
  6. ^ پەرتوکی الاشعری: مقالات الاسلامیین، ج1