فەلسەفەی دین

لقێ لە فەلسەفە کە خۆی سەرقاڵی دین و خوا و ماریفەت و زمانی دینی دەکات
(لە فەلسەفەی ئایینەوە ڕەوانە کراوە)

فەلسەفەی دین بەشێک لە فەلسەفەیە کە میتۆدە فەلسەفییەکان بە کار دەبا بۆ شیکردن و ھەڵسەنگاندنی پرس و بابەتە دینییەکان. بەتایبەت سروشتی دین تاوتوێ دەکا، دەکرێ بڵێین ئەقڵ بۆ ئیمان دەخاتە گەڕ. ئاکامەکانی ئەم بەگەڕخستنە و ئەوەی لێی بەرھەم دێ، دەبنە ئاخێزگەیەک بۆ باس و وتووێژ و قسەملانێی جۆربەجۆر.

سروشتی دین

دەستکاری

لە دیندا، شایەتیدان لەسەر ھەبوونی واقیعێکی پیرۆز و، گوێڕایەڵی فەرمانەکانی ئەو واقیعە بوون و، بەجێھێنانی ھەندێ ڕێوڕەسمی تایبەت کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و ئەو واقیعە دادەمەزرێنێ، کارێکی ئاسایییە. دین کاریگەریی زۆر بەربڵاوی ھەیە لەسەر جیھانبینیی دینداردا و، ھەڵوێستی لەمەڕ جێگە و پێگەی خۆی لە نێو جیھاندا دیاری دەکا. دینەکان زۆرن، ھەر یەکەشیان میلیۆنان و بگرە میلیاردان باوەڕمەندیان ھەیە. بانگەشەی ھەمووشیان لە بابەت ئەو واقیعە پیرۆزەوە ھەمان شتە، بەڵام، بۆ نزیکبوونەوە لێی و گەیشتن پێی، ھەر یەکەو ڕێگەی خۆی دەنێتە بەر پێ. ئەوەی دینەکان ئیددیعای دەکەن، بە میتۆدی زانستی شیاوی ساغکردنەوە نییە و، لە ئەزموونەوە دوورە. بۆ وێنە، ئیسلام و مەسیحیەت و جوولەکایەتی، باوەڕیان ئەوەیە خوایەک ھەیە، ھەموو شت ئەو خولقاندوویەتی و، ھەموو کارێکی پێ دەکرێ، زانا و خەیری موتڵەقە، بەڵام، ناتوانین پیا بڕوانین یا بە ھیچ شێوەیەک تاقی بکەینەوە. دینە ڕۆژھەڵاتییەکان، لەوانە بوودیزم و ھیندویزم، باوەڕیان بە دۆنادۆن ھەیە، یانی دەڵێن مرۆڤ لە دوای مردنی، ھەمیسان لە قاڵبی مرۆڤ یا گیانلەبەرێکی تر لە دایک دەبێتەوە و، ئەم کارە ئەوەندە دووپات دەبێتەوە تا لە کۆتاییدا مرۆڤ «عاقیبەت بە خێر» بێ. ئاشکرایە باوەڕگەلێکی وەک ئەمانە لە ڕووی زانستیییەوە ئیسپات ھەڵناگرن.

بەم چەشنە، وا دێتە بەرچاو دوو دەستە باوەڕمان ھەیە: باوەڕی ئیمانی و باوەڕی ئەقڵانی. باوەڕە ئەقڵانییەکان ئەوانەن کە لەسەر ڕوانین و ئەزموون و ڕامان و فکرکردنەوەی ئەقڵانییەوە ڕاوەستاون، ئەوانەن کە لە زانست و لە ماتماتیکدا دەیانبینین. ئەم جیاوازییە لە نێوان باوەڕی ئیمانی و باوەڕی ئەقڵانیدا، ئەو کاتە کێشە ساز دەکا کە دژی یەکتر بوەستن و لەگەڵ یەکا ناتەبا بن. کەوایە، بۆ بیرکردنەوە لە بابەت ئەم بانگەشە دینییە بەربڵاوانە و ھۆکارەکانی باوەڕ بەوانە و ناکۆکییەکانی نێوانیان، مرۆڤ پەنا دێنێ بۆ فەلسەفە، کە بۆ تێگەیشتن لە جیھان دەسەودامێنی بەڵگەھێنانەوە و شیکردنەوەی ئەقڵانی دەبێ.

بابەتەکانی فەلسەفەی دین

دەستکاری

بابەتەکانی فەلسەفەی دین دەبن بە سێ بەش:

  • بەشی دووەم، پرسیارە فەلسەفییەکانن دەرھەق بە خودی دین. زمانی دینی چییە؟ ئەزموونی دینی چییە؟ ئایا ئەزموونی دینی لە ھەموو دینەکاندا ھەیە؟ ئایا ئەو تێگەیشتانەی لە زەینی ئێمەن بەسەر بابەتە پیرۆزەکانیشدا شیاوی سەپاندنن؟ چۆن دەبێ بیر لە جۆراوجۆریی دینەکان بکەینەوە؟ ئایا جیاوازییەکانی نێوانیان زۆر قووڵ و بنەڕەتییە یا بە پێچەوانەوە زۆر لە یەک نزیکن؟
  • سێیەمین بەش لە بابەتەکان و مژارەکانی فەلسەفەی دین دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵسەنگاندنی بانگەشە دینییەکان لە ڕێگەی وردبوونەوەی فەلسەفییەوە. یانی ھێنانەوەی بەڵگە بە قازانج و بە زیانی بانگەشە دینییەکان.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • ون اراگون، ریموند (1399). اصطلاحات کلیدی در فلسفە دین (بە فارسی). انتشارات علمی و فرھنگی. p. 1-6.