فریدریش شیلەر

یۆھان کریستۆف فریدریش فۆن شیلەر یان فریدریش شیلەر (١٠ی تشرینی دووەمی ١٧٥٩ لە مارباخ ئام نێکا - ٩ی ئایاری ١٨٠٥) شانۆنووسی گەورەی ئاڵمانییە. لە سەردەمی ژیانی خۆی ھاوەڵی گۆتە بووە و ئەدەبی ئاڵمانی بەم دوو کەسایەتییە پێناسە دەکرێت.

فریدریش شیلەر

ژیاندەستکاری

یۆھان کریستۆف فریدریش فۆن شیلەر، شاعیر و فەیلەسوف و مێژوونووسێکی ئەڵمانی بووە و، لە ١٠ نۆڤەمبەری ساڵی ١٧٥٩ لە ئەڵمانیا لەدایک بووە. کوڕە تاقانە بووە، باوکی پزیشکی سەربازی بووە و، دایکیشی ئافرەتێکی ئایینپەروەر بووە ھەر بۆیە خۆشەویستیی ئایین و ڕەوشت و نمونەی بەرزی لە ناخی شیلەر چەسپاندووە. شیلەر وانەی لە قوتابخانەی لادێکەیان خوێندووە و دواتر چۆتە قوتابخانەی زمانی لاتینی. ساڵی ١٧٧٣ یاسای خوێندووە، بەڵام ساڵی ١٧٧٥ چۆتە بەشی پزیشکییەوە و لەم کاتانەدا دەستی کردووە بەنووسینی شیعر و شانۆگەری.

شیلەر لە ساڵی ١٧٧٧ دەستی کردووە بە نووسینی شانۆگەریی دزەکان کە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ڕەھا بەرجەستە دەکات و داوای پەنابردن دەکات بۆ ئازادی بە مەبەستی ڕزگاربوون لە چەوساندنەوە و زوڵم و زۆری کۆمەڵگا. ئەم شانۆگەرییە لەساڵی ١٧٨٢ لە مانھایم نمایش کراوە و سەرکەوتنێکی ئەفسانەییی بەدەست ھێناوە و لەنێوان شەو و ڕۆژێکدا کردوویەتی بە یەکێک پڕشنگدارترین کەسایەتییە ئەدەبییەکانی ئەڵمانیا.

لەساڵی ١٧٨٤، شیلەر لە فایمار جێگیر بووە و لەوێ گۆتەی ناسیوە و بوون بە دوو ھاوڕێی گیانیبەگیانی. ھەر لەم ماوەیەدا، یەکێک لە نایابترین شیعرەکانی خۆی نوسیوە و، دواتر بیتھۆڤنی ھونەرمەند ئاوازی بۆ داناوە. ھەروەھا، گرنگیی بە مێژوو داوە و لە ساڵی ١٧٨٧ بۆتە مامۆستای مێژوو لە زانکۆی یینا؛ بەھەمان شێوە گرنگیی بە فەلسەفە داوە و چەندین نووسینی فەلسەفیی لە سەر ھونەر و ئەدەب بڵاوکردۆتەوە.

فریدریش شیلەر لە ساڵی ١٧٩٠ ھاوسەرگیریی کردووە و دوو کوڕ و دوو کچیان بووە. لە ساڵی ١٨٠٥ دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا و دەستبەردارنەبوونی لە نووسین، لەتەمەنی ٤٥ ساڵیدا کۆچی دواییی کردووە.