عەبدولعەزیز یامولکی

کەسایەتی سەربازیی، دیبلۆماتکار و سیاسەتوانی کورد بوو


عەبدولعەزیز یامولکی (لەدایکبووی ٢١ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٠، مەککە - ٢٥ی تەممووزی ١٩٤٧، بەغدا) کەسایەتی سەربازیی، دیبلۆماتکار و سیاسەتوانی کورد بوو. ئەو سکرتێری باڵیۆزی عێراق بووە لە کابوول، بۆمبای و تاران.

عەبدولعەزیزی یامولکی

لەدایکبوون٢١ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٠
مەرگ٢٥ی تەممووزی ١٩٤٧
نەتەوەکورد
پیشەسەرباز، باڵیۆز

عەبدولعەزیز، سەرۆکی ­­­کۆمەڵەی ئارەزوومەندانی پوولکۆکردنەوەی عێراقی (جمعیة هواة جمع الطوابع العراقیة) بوو.

سەرەتای ژیان

دەستکاری

لە کاتێکدا باوکی سەرۆکی ئەرکانی فیرقەی حیجاز بوو. پاشان بە ماڵەوە چوونەتە ئەستەمبوڵ، لە ناوچەی نیشانتاش جێگیربوون، ئینجا خۆی و سنە، کە باوکیی لێ کرابوو بە قونسوڵ. لەوێوە لە تشرینی یەکەمی ١٨٩٥ چوونەتە سلێمانی، لە خانووەکەی حسێن پاشای خەندان نیشتەجێ بوون. بە منداڵی لای عیرفان ئەفەندی دەستی بە خوێندن کردووە. گواستوویانەتەوە بۆ بەغدا، چونکە باوکی لە قونسوڵخانەی قارسەوە براوە بۆ ئەرکانی ئۆردووی شەشەم لە بەغدا. لە ٨ی ئەیلوولی ١٨٩٨، خراوەتە پۆلی یەکەمی قوتابخانەی ئەعدادیی موڵکی، تا پۆلی دووەمی لەوێ خوێندووە. لە ئازاری ١٩٠١، گەڕاوەتەوە بۆ ئەستەمبوڵ.

خوێندن و ژیانی سەربازی

دەستکاری

عەبدولعەزیز لە ئایاری ئەو ساڵ، لە پۆلی دووەمی ڕوشدییەی سەربازیی بەشکتاش وەرگیراوە. کانوونی یەکەمی ١٩٠٢ کە باوکی گواستراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەرکانی جەنگی فیرقە لە سیواس، ڕوویانکردووەتە ئەو شارە. براوەتە دوایین پۆلی ڕوشدییەی سەربازی لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٠٣ تەواوکردووە. ئەمجا چوونەتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، خراوەتە قوتابخانەیەکی فەرەنسەیی لە بەگئۆغڵوو. سەعید پاشای خەندانی خاڵی، لە قەڵەمی تابیعییەتی بابی عالی دایمەزراندووە. ماوەیەکیش لە قوتابخانەی سوڵتانییەی گەڵەتە سەرای دەوامی کردووە.

عەبدولعەزیز لە تشرینی دووەمی ١٩٠٤، لە ئەعدادیی سەربازیی قولەلی وەرگیراوە. دواتر لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٠٦، براوەتە مەکتەبی حەربییەی شاهانەی بەنغالی. لە ١٩٠٩، خوێندنی سەربازیی تەواوکردووە. کە مەکتەبی حەربییەی بڕیوە، لە بەغدا دامەزراوە و چووەتە کەتیبەی ٣١هەمی سوارە لە کەرەنتێنەی بەغدا. لە ١٩١١، براوەتە کەتیبەی دووەمی سوارە لە ئەستەمبوڵ، ئەمجا کەتیبەی یەکەمی تیرهاوێژی نموونەیی. یاریدەدەری فەرماندە بووە لە شەڕی باڵقان و جەنگی یەکەم لە دەردەنیل و گەمارۆدانی کووتی ئەمارە و شەڕەکانی ئێران. مەدالیای شانازی و جەنگ و لێهاتوویی و ئایزۆن کرۆسی ئەڵمانیی وەرگرتووە. لە ئاگربەستی شەڕی باڵقاندا، کراوە بە فەرماندەی فیرقەی ٢٧هەمی نیزامیی بەیرووت لە دەردەنیل. پاشان بووە بە یاوەری فەرماندەی فەیلەقی یەکەمی نموونەیی. پاش ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ شوێنی پێشووی خۆی. لە ١٩١٤ کە جەنگ ڕاگەیێندراوە، کراوە بە یاوەری کەتیبەی یەکەمی نموونەییی تیرهاوێژ، کە بەرەو سنووری بوڵگاریا جووڵاوە. بەشداری شەڕی قەرەچاڵی بووە لە کەنداوی سارۆس دژی ئینگلیز. ئەمجا کەتیبەکەی براوەتە ئەستەمووڵ، مووسڵ، بەغدا و کووتی ئەمارە. پاش شەڕی کووتی ئەمارە، لەگەڵ کەتیبەکەی چووەتە ئێران و هەشت مانگی لێماوەتەوە. ١١ی ئازاری ١٩١٥ لە ترسی گیرانی بەغدا گەڕاونەتەوە. بەشداری شەڕەکانی چیای حەمرین بووە. وەک یاوەر گواستراوەتەوە بۆ لیوای پێنجەمی سوارەی قۆقاز لە جەرابلوس و چووەتە بەرەی فەلەستین.

پاش شەڕی شۆنە، برایە هۆبەی مێژووی جەنگ لە ئەستەمبوڵ. کە ئاگربەستی ١٩١٨ ڕاگەیێندرا، بە یاوەری داماد فەرید پاشای سەرۆکوەزیران دانراوە، لە کۆلیجی حقووقیش خوێندوویە. پاشان کراوە بە یاوەری سوڵتان وەحیدەدین. دوادوای ١٩٢٢ کە یووزباشی (نەقیب) بووە، وازی لە وەزیفە هێناوە. دوو جار دراوەتە دادگا. توانیویە هەڵێ بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا. خێزانەکەیشی هاتووەتە بەرلین و تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ گەڕاوەتەوە بۆ عێراق. ١٩٢٤ چووەتە ناو سوپای عیراق، لە سریەی دووەمی ڕمهاوێژی دانراوە. ١٩٢٤ لەگەڵ سوپای عیراق بووە کە پەلاماری سلێمانیی داوە و ١٩ی تەممووز گەیشتوونەتە ناوشار. تا ١٩٢٧ لە سلێمانی ماوەتەوە. ١٩٢٨ چووەتە خولێکی سەربازیی کۆلیجی ئەرکان لە بەغدا. ١٩٣٠ بە پلەی ڕائید جێگری فەرماندەی کەتیبەی دووەمی تیرهاوێژ بووە لە بەغدا، پاشتر کەتیبەی سێیەم لە مووسڵ و دواتر کەرکووک. ١٩٣٢ لەگەڵ سریەکەی براوە بۆ شەڕی ناوچەی بارزان. ئەمجا براوەتە فەرماندەییی سریەی موستەودەعی سوارە لە بەغدا. بەهاری ١٩٣٦ لە بەڕێوەبەرێتیی گواستنەوەی ئامێرەکی (ئالی)ی وەزارەتی بەرگری دانراوە. سەردەمی حوکمی بەکر سدقی، گواستراوەتەوە بۆ یاریدەدەریی فەرماندەییی کەتیبەی سێیەمی سوارە لە مووسڵ. ئەندامێکی ڕێکخراوی نهێنیی ئەستێرە ئاگرینەکان (النجوم الناریة) بووە، کە ئامانجی سەرەکیی لەناوبردنی بەکر سدقی بووە، کە لە ١١ی ئابی ١٩٣٧ دا غافڵکوژیان‌کردووە. پاشان کراوە بە بەڕێوەبەری گواستنەوەی ئامێرەکی لە وەزارەتی بەرگری. ١٩٣٩ کراوە بە ئەندامێکی ئەنجومەنی سەربازی بۆ دادکاریی پیلانگێڕان و تاوانباران. ٣ی ئایاری هەمان ساڵ کراوە بە سەرۆکی ئەنجومەنی عورفیی سەربازی. سەرەتای ١٩٤٠ چووەتە سەر کاری پێشووتری.٢٢ی شووباتی ١٩٤٠ خانەنشینکراوە. هێنراوەتەوە بۆ کارکردن و بووە بە بەڕێوەبەری پڕۆپاگەندەی گشتی.

وەک باڵیۆز

دەستکاری

٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٠ کراوە بە سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەی عیراق لە کابول. ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٤١ بووە بە کارهەڵسووڕێن (القائم بالأعمال) لە کابول. کۆتاییی ئەو ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا، هەر لە وەزارەتی دەرەوە ماوەتەوە تا ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٤٢، کە کراوە قونسڵی یەکەم لە بۆمبای.

پاییزی ١٩٤٤ وەک سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەی عیراق لە تاران دانراوە. ٤ی شووباتی ١٩٤٥ خزمەتەکەی لەوێ تەواوبووە و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا. کانوونی یەکەمی ١٩٤٦ خۆی پاڵاوتووە بۆ پەرلەمان لەسەر ئاستی شاری سلێمانی، لەبەر ساختەکاری خۆی کێشاوەتەوە. ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٧ لە دەستەی بەڕێوەبردنی گواستنەوەی سەرنشینان کاری‌کردووە، ١٩٥٠ دەستی لێهەڵگرتووە. لە ١٩٧٠ کە بە سەردان چووەتە ئێران، دوو ساڵ گیراوە و بە تێکەوتنی شای ئوردن بەردراوە.

٢٥ی حوزەیرانی ١٩٨١ لە بەغدا ماڵئاواییی لە ژیان کردووە.

بەرهەمەکان

دەستکاری

نووسینی لە "ژین" و "کوردستان"‌دا بڵاوکردووەتەوە. ئەم بەرهەمانەیشی هەیە:

  • کوردستان و کورد اختلاللری، طهران، ١٩٤٦، (ئەم کتێبە کراوە بە کوردی)
  • هەندێ لە مەترووکاتی مصطەفاپاشا یامولکی
  • کشف القناع عن بعض الوقائع العراقیة، الجزء الأول، بغداد، ١٩٥٧
  • مذکراتي، عني بنشرە مجید صالح ورفیق صالح، (من منشورات مرکز ژین للتوثیق والدراسات)، مطبعة ژین، السلیمانیة، ٢٠١٩.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  • گۆڤاری کوردستان ١٩١٩-١٩٢٠، ئەستەمووڵ، ئامادەکردنی سدیق ساڵح و ڕەفیق ساڵح، بنکەی ژین، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل٢٩-٣١.