دەروازە:پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان/پەیماننامە نێونەتەوەیییەکان/٣

پەیمانی لۆزان (بە فەڕەنسی: Traité de Lausanne) پەیماننامەیەکی ئاشتییە کە لە کاتی کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵانی ١٩٢۲-١٩٢٣ دانوستان لەسەر کراوە و لە کۆشکی ڕوومین، لە شاری لۆزان، سویسڕا، لە ٢٤ی تەممووزی ١٩٢٣دا واژۆ کرا. ئەم پەیماننامەیە بە فەرمی ئەو ململانێیەی یەکلایی کردەوە کە لە سەرەتادا لەنێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و کۆماری فەڕەنسی ھاوپەیمان و بەریتانیا و شانشینی ئیتاڵیا و ئیمپراتۆریەتیی ژاپۆن و شانشینی یۆنان و شانشینی یوگۆسلاڤیا و شانشینی ڕۆمانیا لە سەرەتای جەنگی جیھانییەوە ھەبووە. دەقی ڕەسەنی پەیماننامەکە بە زمانی فەرەنسییە. پەیمانەکە دەرئەنجامی ھەوڵی دووەمی ئاشتی بوو دوای پەیماننامەی شکستخواردوو و پەسەندنەکراوی سیڤەر کە ئامانجی دابەشکردنی خاکەکانی عوسمانی بوو. پەیماننامەی پێشووتر لە ساڵی ١٩٢٠ واژۆ کرابوو، بەڵام دواتر لەلایەن بزوتنەوەی نیشتمانیی تورکیاوە ڕەتکرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکە خەباتیان کرد. لە ئەنجامی جەنگی نێوان یۆنان و تورکیا ، ئیزمیر وەرگیرایەوە و ئاگربەستی مودانیا لە تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ ڕاگەیەندرا. لەم کۆنگرەیەدا گەلێک بابەتی تایبەت بە کێشە ناوچەیی و ڕامیارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موسڵ و سیستەمی تەنکە دەریایییەکان و کێشەی سیستەمی مافی بێگانە و کێشە ئابووری و دارایییەکانی وەک قەرزی گشتی عوسمانی و پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووریی بێگانە خرانە بەر باس و گفتوگۆ. کۆنگرەی لۆزان کە پەیمانی لۆزانی لێ کەوتەوە، زەبرێکی کاریگەری لە بابەتی کورد و کێشە ڕەواکەیدا و نەیھێشت ئاوات و داخوازییەکانی کورد بەپێی پەیمانی سیڤەر بێتە دی. لە ڕاستیدا لە هیچ بەشێکی ئەم پەیمانەدا هیچ ناوێک لە گەلێک بە ناو کورد نەهاتووە. دەقەکانی پەیماننامەکە لە چەندین شوێندا خەڵکی وڵاتی تورکیا بە تورک ناو دەبات وەک بڵێی هیچ نەتەوەیەکی دیکە لەو وڵاتەدا نییە. زیاتر...