دەروازە:مۆسیقای کوردی/ژیاننامەی ھەڵبژێردراو/٢

عەدنان کەریم ھونەرمەند، گۆرانیبێژ و مۆسیقازانی کورد، خەڵکی شاری کەرکووک و دانیشتووی شاری سلێمانییە. عەدنان کەریم لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، و لە بنچینەدا خەڵکی دێی ژاژڵەی سەر بەناوچەی شارباژێڕە. لە شاری سلێمانی ژیانی منداڵی و سەرەتای ژیانی ھونەری گەشەی سەندووە. ساڵی ١٩٨٥ بەشی نیگارکێشانی لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩١دا کوردستانی بەجێھێشتو‌وە و ئێستا لە سوید لەگەڵ مھاباد خانی ھاوسەری و سێ منداڵەکەی لە شاری ئوپسالا دەژین. سەرەتای کاری ھونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی بە گۆرانیی دەسماڵێ. پاشان لە ساڵی ١٩٨٠دا، گۆرانیی کازیوەی لەگەڵ تیپی موسیقای سلێمانی تۆمار کرد بۆ شانۆگەریی زەلکاو، کە بەرھەمێکی شانۆیی تیپی شانۆی پێشڕەوی کوردی بوو لە سلێمانی. ئەم گورانییە کە لە ئامادەکردنی دلێر ئیبراھیم و ئاوازی ئارام خەچەدوریان بوو، سەرەتایەکی باش بوو بۆ ناسینەوەی دەنگی خۆی و تایبەتمەندێتی ھەڵبژاردنی ڕەوتی ھونەری.

ساڵی ١٩٨٣، گۆرانیی شەوی تاریک و بێدەنگی تۆمار دەکات لە ئامادە کردنی ئەنوەر قەرەداغی. لە ھەمان ساڵدا پەیوەندی کردووە بە تیپی مۆسیقای نەورۆزەوە کە سەر بە تیپی موسیقای سلێمانی بوو و عوسمان محەمەد سەرپەرشتی دەکرد.

زیاتر...