تیشکی گاما (بە ئینگلیزی: Gamma Ray) تیشکێکی کارۆموگناتیسییە بەمەش لە شەپۆلەکانی ڕووناکی دەچێت بێجگە لەوەی کە درێژی شەپۆلەکەی زۆر لە درێژی شەپۆلی ڕووناکی کورترە واتا لەرەی شەپۆڵی زیاترە لەهەریەک لە (حەوت جۆرەکانی شەبەنگی کارۆموگناتیسی) وزەیەکی زۆر بەرزی ھەیە و بە خێرایی ڕووناکی دەردەچێت ، توانایەکی زۆری لە تێپەڕبوون بە ناو تەنەکاندا ھەیە ، تەنھا ئەو بەربەستە ئەستوورانە نەبێت کە لە قوڕقوشم دروست کراون.

وێنەی دەرچوونی تیشکی گاما لە ناوکی گەردیلە
تیشکەکانی گاما چیین؟

ئەم تیشکە بەھۆی وزەکەیەوە دەناسرێتەوە ، تیشکی گاما وزە زۆر بەرزەکان کە زاناکان تێبینیان کردوون لە ناوچە گەرمەکانی گەردوونەوە بێن ، گەردیلە تیشکدەرەکان و تەقینەوە ناوکیەکان تیشکی گاما بەرھەمدەھێنن. ئەم تیشکانە دەتوانن شانەی زیندوو بکوژن ، بۆیە لە بواری پزیشکیدا بۆ لەناوبردنی شانە شێرپەنجەییەکان بەکاردێن. تیشکی گاما ناتوانێت بە تەواوەتی بەرگە ھەوای زەوی ببڕێت بۆیە زاناکانی گەردوونناسی دەزگای کەشفکردنی تیشکی گاما لەسەر مانگە دەستکردەکان دادەنێن.

تایبەتمەندییەکانی تیشکی گاما

دەستکاری

تیشکی گاما ناوکە تیشکاوەرییەکان لە شێوەی گورزەیەک لە وزە دەردەکات پێی دەوترێت فۆتۆنەکان ھەمیشە ھاوەڵی دەرچوونی تەنۆلکەکانی بێتا-یە لە ھەمان ئاستدا کە ھەمان وزەی ھەیە لەھەمان بواردا. تیشکی گاما لە چەند ئەلکترۆن ڤۆڵتێک تا چەند ملیۆن ئەلکترۆن ڤۆڵتێک پێکھاتووە، بەڵام پێچەوانەی تێشکی بێتایە کە ھێواش دەبێتەوە کاتێک وزەکەی ون دەکات و لەکۆتاییدا لەگەڵ گەردەکەیدا یــەکدەگرێت، لە کاتێکدا تیشکی گاما بە سەرجەم وزەکەیەوە بە خێرایی ڕووناکی دەڕوات، تیشکی گاما وزەکەی ون دەکات لە ئەنجامی بەریەککەوتنی بەڕێکەوتدا کە لە ئەنجامی ھاویشتنی ئەلکترۆنەکان لە ناوکەوە بەرھەم دێت، لەوانەیە گشت وزەکەی یان بەشێکی ون بکات لە کاتی بەریەککەوتندا، ئەگەر بەشێکی وزەکەی ونبوو ئەوا بەشەکەی دی بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتندا بەناو بۆشاییدا بە خێرایی ڕووناکی وەک ئەو فۆتۆنانەی کە وزەیەکی کەمتریان ھەیە، تا وزەی فۆتۆنەکانی گاما زیاد بکات وزەی ئەلکترۆنە جوڵاوەکان زیاد دەکات، ئەو ئەلکترۆنانەی کە لەلایەن فۆتۆنەکانی تیشکی گاماوە وزەیان بۆ گوێزراوەتەوە دەبنە ھۆی تێکدانی ناوەندەکە بەھۆی بەئایۆن بوون و وروژاندنی گەردەکانەوە، ھەر کاتێک ئەلکترۆن بەھۆی فۆتۆنەوە دەرباز بێت ئەو ڕووداوەی بەدوایدا دێت تەنیا بەند دەبێت لەسەر خەسڵەتەکانی ئەلکترۆن نەک لەسەر ئەو فۆتۆنەی دەربازی کردووە.

ھاویشتنی ئەلکترۆنی بارگاوی بەھۆی فۆتۆنێکەوە کە وزەکەی (١m ev) بێت لە ناوکەوە بەئایۆن بوونێکی تاک دادەنرێت، ئەلکترۆنەکان لە کاتی ھێواش بوونەوەیاندا دەیان ھەزار لە بەئایۆن بوون و وروژاندن بەرھەم دێنن، ئەو تێکچوونەی پەیدا دەبێت لەسەر ژمارە و جۆری دابەش بوونی فەزایی (distribution Spstial) ئەو بەئایۆن بوون و وروژاندنانە لە جیاتی بەئایۆن بوونی تاک کە لە فۆتۆنی گاماوە پەیدا دەبێت.تیشکی ئێکس جۆرێکی دیکەیە لە تیشکی کارۆموگناتیسی کە لە زۆر خەسڵەتیدا لە تیشکی گاما دەچێت، جیاوازی بنەڕەتی نێوانیان پەیوەندی بەپەیدابوونییانەوە ھەیە، کە تیشکی گاما لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەوە پەیدا دەبێت کە بەسەر ناوکدا دێن، بەڵام تیشکی ئێکس کاتێک دەردەچێت کە گۆڕان بەسەر خولگەی ئەلکترۆنەکانی گەردیلەدا دێت.

زۆربەی جار ئەو ناوکانەی لە ئەنجامی ھەڵوەشاندنی تەنۆلکەکانی ئەلفا و بێتا-ەوە پەیدا دەبن یان ئەو ناوکانەی لە ھەر کردارێکی ئەتۆمییەوە دروست دەبن بۆ نموونە کارلێکە ناوکییەکان لە باری ئاستێکی وروژاودا دەبن، مانای وایە ئەو وزەیەی ئەو ناوکانە دروست دەکەن لەم بارەدا بەرزتر دەبن لەو وزەیەی کە لەباری جێگیریی (زەمینیدا) ھەیەتی واتە بارستایی ناوک لە باری وروژاودا گەورەترە لە بارستاییەکەی لە باری زەمینیدا (ground state)، پاشان لە ماوەیەکی زۆر کورتدا ناوک لە باری وروژاوەوە دەگوێزرێتەوە بۆ باری نیمچە وروژاو یان بۆ باری دامرکانەوە (باری جێگیری زەمینی) بۆ ڕزگاربوون لەو وزە وروژێنەرە زیادەیە ئەویش بەدەرکردنی لەسەر شێوەی تیشکە کارۆمەگناتیسییەکان کە بەتیشکی گاما ناسراوە، ئەم تیشکە لە شێوەی فۆتۆندا دەردەچێت، فۆتۆن یەکەی تەنۆلکەکانی ئەم تیشکەیە. وزەکەی بریتییە لە جیاوزای نێو ھەردوو باری گۆڕانەکە. ناوک دەتوانێت لەوزەی وروژاندن ڕزگاری بێت کاتێک ئەم وزەیە کۆ دەکرێتەوە و دەخرێتەسەر یەکێک لە ئەلکترۆنە خولگەییەکان (بەتایبەتی خولگەی K چونکە نزیکە لەناوکەوە)، ئەلکترۆنەکە دەردەچێت و گەردەکە جێدێڵێت کە بڕێکی دیاریکراو وزە لەگەڵ خۆیدا ھەڵدەگرێت و ئەم کردارەشی بە گۆڕانی ناوخۆیی دەناسرێت، ئەوەی شایانی باسە لەوانەیە نەمانی وروژاندن لەڕێی دەرکردنی تیشکە کارۆموگناتیسییەکان (تیشکی گاما) وە بەگواستنەوەی ناوک لەباری وروژاوەوە ڕاستەوخۆ بۆ باری زەمینی ڕووبدات و یەک فۆتۆنی تێدا بێت کە سەرجەم وزەی وروژاندنەکەی ھەڵگرتبێت، ئەم بارە ئەگەرێکی لاوازی ھەیە بۆ ڕوودانی و پێی دەوترێت گۆڕانی قەدەغەکراو، بەڵام ئەوەی زۆر کات ڕوودەدات گۆڕانە بەقۆناغە یەک بەدوای یەکەکەکاندا.


وزەی گشتی ھەڵگیراو لەلایەن فۆتۆنەکانەوە دەکاتە جیاوازی نێوان وزەی بنەڕەتی و کۆتایی ھەرچەندە ژمارەی قۆناغەکان جیاواز بن. بەشێوەیەکی گشتی گواستنەوە لە باری وزەیەکی بەرزەوە بۆ باری وزەیەکی نزم دەبێت لەگەڵ دەرکردنی تیشکی گاما لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کە بەشێک لەچرکە تێپەڕ ناکات، لەکاتێکدا گواستنەوەی قەدەغەکراو لەکاتێکی درێژخایەنتردا ڕوودەدات. باری وروژاندن لەناوکدا ژمارە بارستە بچووکەکانی دەبێت، لانیکەم (١m ev) لە سەرو باری جێگیربوونەوە و لەناوکە مامناوەندەکاندا لە (١م ev) کەمتر دەبێت، لە ناوکە قورسەکاندا یەکەم باری وروژاو (١m ev - ٠) لەسەرو باری جێگیرەوە دەبێت، بەڵام ناوکە ئەفسوناوییەکان ناوازەن و لەم ڕێسایە لادەدەن بۆ نموونە بزمۆس ١٢٦ نیوترۆن لەناوکەکەیدا ھەیە وەک توخمێکی سووک دادەنرێت و جیاوازی لە وزەکەیدا لەئاستی یەکەمدا (١م ev) دەبێت.


کاتێک گورزەیەکی تەریب لە تیشکی گاما دەکەوێتە سەر ماددەیەک ھەڵدەمژرێت لە ئەنجامدا فۆتۆنێک دەردەچێت کە لەگەڵ گەردێک لە گەردەکانی ماددەکە کارلێک دەکات بە ھەریەکێک لەم سێ کردارە- لە گورزەکەوە ئەویش بەھۆی ھەڵمژینی وزەکەی بەتەواوەتی و لەناوچوونی لەڕێی دیاردەی کارۆڕووناکییەوە یان بەرھەمھێنانی جووتێک فۆتۆن، یان بەھۆی پەرشبوونەوە و لادانی لەڕێڕەوەکەی دیاردەی کۆمپتن، بەمەش ژمارەی فۆتۆنی لێدەر (No) چڕی ماددەکە (dx)ە، واتە تووندی تیشکی گاما بە شێوەیەکی بنەڕەتی کەم دەبێتەوە لە کاتی تێپەڕبوونی بەناو ماددەکەدا ئەویش بەھۆی ونبوونی وزەکەی بەناو چڕی تەنە مژەرەکەدا، لەھەر خاڵێکی ماددەکەدا پەیوەندییەک لەنێو توندی تیشکەکە و ئەستوری ماددەکەدا ھەیە. ھاوکۆلکەی ھەڵمژینی ھێڵی بەندە لەسەر وزەی تیشکی گاما و ھەروەھا لەسەر جۆری ماددەکە ھەڵمژین لە (١سم) لە ماددەکە ڕاستەوانە دەگۆڕێت لەگەڵ توندی فۆتۆنی لێدەر و ژمارەی گەردەکان و ڕووبەری پانە بڕگەی گشتی. ڕێگەکانی گواستنەوەی وزەی تیشکی گاما بۆ ماددە جیاوازییەکی بنەڕەتی ھەیە لەو ڕێگایانەی کە وزە لەتەنە بارگاوییەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ماددە، لەگەڵ ئەوەشدا کە تیشکی ئێکس لە گۆڕانێکی ئەتۆمییەوە پەیدا چەند ڕێگەیەک ھەن کە تیایدا تیشکی گاما کارلێک لەگەڵ ماددەدا دەکات و وزەکەی ون دەکات و دەیدات بەو ماددەیە لەڕێی ئەم سێ کردارە سەرەکییەوە:

  1. دیاردەی کارۆڕووناکی لەم ڕێگەیەدا تیشکی گاما وزەکەی بە تەواوەتی ون دەکات دەیدات بەیەکێک لەو گەردانەی بەماددەکەوە بەستراوە بەم شێوەیە ئەم تیشکە لەناو دەچێت.
  2. دیاردەی کۆمپتن لەم ڕێگەیەدا تیشکی گاما بەشێک لەوزەکەی ون دەکات و دەیدات بە یەکێک لە ئەلکترۆنە سەربەستەکان یان ئەو ئەلکترۆنەی بەلاوازی بەگەردەکەوە بەستراوە بەمشێوەیە ئەم تیشکە لەڕێڕەوەکەی لادەدات.
  3. بەرھەمھێنانی جووتەک کاتێک فۆتۆنی تیشکی گاما وزەکـــەی لە (١.٠٢m ev) گەورەتربێت و بەنزیک ناوکی گەردیلەدا تێپەڕ ببێت ئەوا لە بوارە کارەباکەدا لەناو دەچێت و جوتێک لە ئەلکترۆن و جووتێک لە پۆزترۆن پێکدێت کە وزەکەیان ھاوتای بارستاییەکانیانە دەکاتە (١.٠٢m ev)، ئەمەش کەمترین وزەی پێویستە بۆ بەرھەمھێنانی ئەو جووتە تەنۆلکانە، ئــەگەر وزەی فۆتۆنەکە لەو نرخە زیاتر بێت، ئەو زیادەیە لە ئەلکترۆن و پۆزترۆن وەک توانایەکی لێکدراو دەردەکەوێت و بەشێکی بچووکی دەچێت بۆ ناوکی گەردیلەکە.


ئەم ڕووداوە ئاشکراتر دەردەکەوێت ھەر کاتێک وزەی فۆتۆنەکانی تیشکی گاما زیاتر بێت: ئەگەری بەرھەمھێمانی جووتێک = جێگیری EX ئەم ئەگەرییە زیاد دەکات بەزیادبوونی ژمارەی گەردی ماددەی ھەڵمژەرەکە و توانای فۆتۆن کە لە کەمترین ئاست (١.٠٢ m ev) زیاتر بێت، ئــەم گۆڕانە تایبەتە جووتەکێک لە ئەلکترۆن و پۆزترۆن لە ڕووتەختی کارەبایی ناوکدا دروست دەکات و ھەروەھا لە ڕووتەختی خولگەیی ئەلکترۆنیشدا ئەم ئەگەرییە زیاد دەکات بەزیادبوونی ژمارەی گەردی، لــەوەی پێشەوە تێبینی دەکەین کە ھەردوو ڕووداوە یەکەمینەکەی دیاردەی کۆمپتن کەم دەکەن بەزیادبوونی وزەی تیشکی گاما لە کاتێکدا دیاردەی سێیەم زیاد دەکات بەزیادبوونی وزەی تیشکی گاما، لەمەوە ڕوون دەبێتەوە کە بەرھەمھێنانی جووتە ئەلکترۆن یان پۆزترۆن لە باری وزە بەرزەکانی تیشکی گامادا ڕوودەدات کە وزەکەی لە (٥ م ev)، ھەروەھا ئەو تەنە مژەرانەی کە ژمارەی گەردی گەورەیان ھەیە، ئەوەی شایانی باسە ئەم سێ کردارە سەرەکییە ھەموویان یان ھەندێکییان بۆ گشت وزەکانی تیشکی کارۆموگناتیسی دەست دەدەن لەوانەش تیشکی ئێکس.

تیشکی گاما لە سروشتدا

دەستکاری

لە سروشتدا تیشکی گاما لە خۆرەوە بەھۆی کارلێکە ناوکییەکانەوە پەیدا دەبێت، وزەی تیشکی گاما دەگاتە ١ ملیۆن ئەلکترۆن ڤۆڵت، گالاکسییە ئاسمانییەکان و ئەو ئەستێرانەی بــەفەزادا بڵاوبوونەتەوە بە سەرچاوەکانی تیشکی ئێکس دادەنرێن، زاناکانی گەردوونناسی کار بۆ لێکۆڵینەوە لەم تیشکە دەکەن لەڕێی چەند چاودێرێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە بۆ تێگەیشتن لەنھێنییەکانی ئەم گەردوونە، ھەروەھا توخمە تیشکاوەرییەکانی وەک یۆرانیۆم بە بەردەوامی تیشکی گاما بەرھەمدێنێت.

میکانیزمی کاریگەری تیشکی گاما لەسەر وردە زیندەوەر بەشێوەیەکی بەرفراوان تیشکی گاما لەبەجێھێنانەکانی پاکژکردن و پیشەسازییە پزیشکی و دەرمانسازی و خۆراکی و پاکردنەوەی پاشماوەکاندا بەکاردەھێنرێت لەبەر توانا زۆر بەرزەکەی لە کوشتنی وردە زیندەوەرەکاندا، لەناوبردنی سیستمە زیندەییەکان بەھۆی تیشکی گاماوە لەدوو ڕێگاوە دەبێت: کارلێککردنی ڕاستەوخۆ و کارلێککردنی ناڕاستەوخۆ ئەم دوو زاراوەیە بۆ باسکردن لەکاریگەری تیشکی گاما لەسەر ئاوێتە جیاکراوەکان بەکاردەھێنرێت وەک ئەنزیم و ترشی ناوکی بۆ باسکردنی کاریگەری ئەو تیشکە لەسەر ئەو بوونەوەرانە بەکارناھێنرێت کە سیستمی خانەکانییان پێکھاتەیەکی کیمیایی ئاڵۆزیان ھەیە وەک خانە بەکتریایی و کەڕووییەکان.

مەبەست لەکارلێککردنی ناڕاستەوخۆ کاریگەری تیشکی گامای بە ئایۆن بووە لەسەر گەردیلەکان کە پاش ھەڵمژینییان بۆ تیشکی گاما دەبنە گەردیلە یان ڕەگ یان ئەلکترۆن کە دەبنە ھۆی کارلێکە کیمیاییە لەناوبەرەکانی سیستمی خانەکان. کاریگەری ناڕاستەوخۆی تیشکی گاما بەسەر توێنەرەوەکاندا جێبەجێ دەبێت، ئاویش یەکێکە لەو توێنەرەوە بنەڕەتییانەی سیستمە زیندەییەکان، بەمەش کاریگەری ناڕاستەوخۆ لە ئەنجامەکانی بەئایۆن بوونی گەردیلەکانی ئاوەوە تیشکێک بەرھەم دێنێت کە ڕەگەکانی زۆر چالاکن و ھەروەھا ئەلکترۆنی ئاویشی لێ بەرھەم دێت. مەبەست لەکارلێکی ڕاستەوخۆ گۆڕانە لە واقیعی گەردیلەییدا بــۆ مەبەستە خانەییەکان لە دەمارەکان و گەردیلە چالاکەکان بە کاریگەری تیشکی بەئایۆنکەر نەک بە کاریگەری ئەو گەردیلە و ڕەگانەی لە ئەنجامی بەرکەوتنی گەردیلەکانی دیکەوە بە تیشکی ئایۆنکەرەوە پەیدابوون. زۆرجار بەزاراوەی لە ناوبردنی تیشکدانی ڕاستەوخۆ یان کارلێکردنی ڕاستەوخۆ دەدرێت بەھۆی ئەو کاریگەرییە لەناوبەرەی تیشکی ئایۆنکەر سەر بە ماددە بۆ ماوەییەکانی خانەدا ھەیەتی، چونکە گەورەترین مەبەستی گەردیلەییە لە خانەدا. دی ئێن ئەی لەو گەردیلانە پێکھاتووە کە ئەو زانیاریە بۆماوەییانە ھەڵدەگرن کە بەرپرسن لە زۆرکردن و نوێبوونەوە و دابەشبوون و زۆری دیکە لەو فەرمانە گرنگانەی ناو خانە، لەبەرئەوە لەناوچوون یان کارتێکردن لێیان بەکارێکی کاریگەر دادەنرێت بۆمانەوەی بوونەوەرەکە و توانای لەنیشتەجێ بووندا، ھەروەھا توانای میتاپۆلیزمی خانە لە ناودەچێت بەھۆی شکانی بەندەکان و شکانی شەکری فۆسفاتی و لەناوچوونی تفتە نایترۆجینیەکان، دەتوانین بەھۆی مایکرۆسکۆبەوە خانە بپشکنین لە کاتی دابەشبوونیدا تێبینی گۆڕان بکەین لە پێکھاتەی کرۆمۆسۆمدا لە ئەنجامی بەرکەوتنی بە تیشکی گاما، ئەگەر خانەکە پاش دابەشبوونی دی ئێن ئەی بەر تیشک بدەین ئەوا یەکێک لە کرۆماتیدینەکان گۆڕانێکی بێ شێوەی بەسەردا دێت.

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوە

دەستکاری
  • کتێبی : زانست بۆ ھەموان ، فیزیای پۆلی ١٢ی زانستی.
  • گۆڤاری: زانستی سەردەم، ژمارە ٤٨، لاپەڕە ٥٢.

پەراوێزەکان

دەستکاری


{{شەبەنگی کارۆموگناتیسی}}