ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز

ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز کەمپێکی ڕاھێنانی پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز لە ساڵی ١٩٨٦ لە گوندی حلڤێ لە دۆڵی بێقاع لە لوبنان دامەزراوە. ئەم ئەکادیمیایە بە ناوی مەعسووم کۆرکماز، فەرماندەی پێشووی باڵی چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان ناوی لەسەر نراوەتەوە.[١] ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز ئەمڕۆ دەکەوێتە چیای قەندیل لە سنووری باشوور، باکوور و ڕۆژھەڵاتی کوردستان.

بناغە و شوێنەکان

دەستکاری

بۆ دامەزراندنی ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی کرێکارانی کوردستان لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٦ بڕیار درا.[٢] لە سەرەتاوە شوێنی لە دۆڵی بێقاع لە لوبنان بوو[٣] کە ئەو کاتە لە ژێر کۆنترۆڵی سووریادا بوو.[٤] بەھۆی فشارەکانی تورکیا لە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان و ململانی لەنێوان دەوڵەتەکانی تورکیا و سووریا لە ساڵی ١٩٩٢ بە ناچار لوبنانیان بەجھێشت و دواتر لە دیمەشقی پایتەختی سووریادا نیشتەجێ بوون. ئەکادیمیای مەعسووم کۆرکماز بە دوای دەرکردنی پەکەکە لە سووریا لە ساڵی ١٩٩٨، ڕووی لە باشووری کوردستان کردەوە.[٣]

ڕاھێنان

دەستکاری

مەزندە دەکرێت کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٦ ھەتا ١٩٩٨ کە ئەکادیمیاکە ناچار بووە سووریا بەجێبھێڵێت و لە عێراق نیشتەجێ بێت، نزیکەی ١٠,٠٠٠ چەکدار مەشق و ڕاھێنانیان لەتێدا ئەنجامداوە.[٣] لە ساڵی ١٩٩١ خولی پەروەردە پێکھاتبوو لە دوو مانگ ڕاھێنانی ئایدیۆلۆژی و یەک مانگ ڕاھێنانی سەربازی.[٣] خوێندکارانی نوێ بە دوای ھاتنەوە ناوێکی نوێی ڕۆڕشگێڕانەیەکیان بۆ خۆ ھەڵدەبژارد و سوێندیان دەخوارد بۆ ئەوەی کە بۆ ھێڵی حیزب و شەھیدەکان و سەرکردە دڵسۆز بمێننەوە.[٣] مەبەست لە ھەڵبژاردنی ناوێکی نوێ دوورکەوتنەوە لە سەرکوتکردن بوو و ھەروەھا نیشانەیەک بوو لە دەستپێکردنی ژیانێکی نوێ.[٣]

ھەتا ساڵی ١٩٩٨ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ھەفتانە چەند کاتژمێرێک لەو ئەکادیمیایە وتارەکانی پێشکەش دەکرد، کە چۆزووملەمەلەر (Çözümlemeler بە واتای شیکارییەکان)ی پێدەگوترا.[٣] ئەو وتارانە لە ئەزموونەکانی ژیانی خۆی پێکھاتبوون و دوای ئەوانە نەوبەی بەشداریکردن لە ڕەخنەگرتن لە خۆ بوو.[٣] زۆرجار بیری خوێندکارەکان دەخستەوە کە سەنگەرە سەرەکییەکە مرۆڤ خۆیەتی، کە بڕیارە ببێتە مرۆڤێکی نوێ، و شەڕەکە تا ڕادەیەکی کەمتر دژ بە دوژمنێکی دەرەکییە.[٣] ھەندێک جار ھێرشێکی سوپای تورکیا ھاوشێوەسازی دەکرا.[٣]

کاتی دەست بەتاڵی

دەستکاری

لە ھەندێک ئێواراندا قوتابییەکان کۆدەبوونەوە بۆ یاری تۆپی پێ (کە زۆرجار ئۆجەلانیش بەشداری تێدا دەکرد).[٣] چالاکییەکانی دیکە بریتی بوون لە ھەڵپەڕین یان یاریی بالە.[٣]

دژایەتیی تورکیا بۆ ئەکادیمیاکە

دەستکاری

لە نیسانی ساڵی ١٩٩٢ وەزیری ناوخۆی تورکیا عیسمەت سەزگین بۆ داخستنی کەمپەکە لە لوبنان فشاری خستە سەر حافز ئەسەدی سەرۆکی سوریا، دواتر پەکەکە کەمپەکەی داخست و قسە و باسەکان سەریان ھەڵدا کە ئایا کەمپەکە لە ھەریەک لە ئێران یان قوبرس دادەمەزرێتەوە.[٤] ئوونال ئەرکان، پارێزگاری ھەرێمی باری نائاسایی لە باکووری کوردستان و نەوزاد ئەیاز وەزیری بەرگری تورکیا ھەردووکیان لەو کاتەدا پێشوازییان لە داخستنی ئەو ناوچەیە کرد.[٤]

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «Nimm sie, Apo». Der Spiegel (بە ئەڵمانی). 1991-09-01. ISSN 2195-1349. لە 2022-03-17 ھێنراوە.
  2. ^ Nationalisms and Politics in Turkey: Political Islam, Kemalism and the Kurdish Issue (بە ئینگلیزی). Routledge. 2010-09-13. p. 137. ISBN 978-1-136-93867-2.
  3. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ح خ د ر ڕ Grojean، Olivier (2014-07-09). «The Production of the New Man Within the PKK». European Journal of Turkish Studies. Social Sciences on Contemporary Turkey (بە ئینگلیزی). doi:10.4000/ejts.4925. ISSN 1773-0546.
  4. ^ ئ ا ب Erzeren، Ömer (1992-05-09). «PKK verläßt ihr Camp im Libanon». Taz - Die Tageszeitung (بە ئەڵمانی). p. 10. ISSN 0931-9085. لە 2022-03-16 ھێنراوە.