ئۆرگانۆنی نوێ

کتێبی فرانسیس بەیکن

ئۆرگانۆنی نوێ یەکێک لە بەرھەمە فەلسەفییەکانی فرانسیس بەیکنە کە ساڵی ۱٦٢٠ بڵاوی کردووەتەوە. کارەکە بە زمانی لاتینە و ناونیشانی تەواوی «ئۆرگانۆنی نوێ، یا ڕێنوێنیگەلی ڕاستەقینە دەرحەق بە ڕاڤەی سروشت»ە (بە لاتین: Novum Organum, sive Indicia Vera de Interpretatione Naturae). ناوەکە لە ھەقیقەتدا ئاماژەیەکە بە کتێبی ئۆرگانۆنی ئەرەستوو کە لە بابەت لۆژیک و قیاسەوەیە. لە ئۆرگانۆنی نوێدا، بەیکن بە وردی باسی سیستمێکی لۆژیکیی نوێ دەکا کە بۆ خۆی لای وایە چاکترە لە شێوازە قیاسییە کۆنەکان. ئەمرۆکانێ ئەو سیستمە بە میتۆدی بەیکنی ناسراوە.

لاپەڕەی ناونیشانی ئۆرگانۆنی نوێ
لاپەڕەی ناونیشانی ئۆرگانۆنی نوێ

بۆ بەیکن، دۆزینەوەی زاتی شتەکان پرۆسەیەکی سادەی کشاندنەوە و بەکارھێنانی ئیستیقرایە. بۆ دۆزینەوەی ھۆکاری دیاردە سروشتییەکان، وەک دیاردەی گەرمی، ئینسان دەبێ ھەموو ئەو ھەلومەرجانەی گەرمیی تیا دەدۆزرێتەوە لیست بکا. بەیکن بەمە دەڵێ لیستی حازرەکان. ئەم لیستە بۆ گەرمی دەبێتە خۆر و گڕ و خوێنی ئینسانی زیندوو و ھەڵمی ئاوی کوڵھاتوو و لەمانە. ئینجا، لیستێکی تر دروست بکا لە ھەلومەرجگەلێک کە وەکوو ھەلومەرجەکانی لیستی یەکەم وان، بەڵام، گەرمییان تێدا نییە. ئەمە لیستی بزرەکانە، کە بۆ گەرمی دەبێتە تیشکی مانگ و خوێنی ئینسانی مردوو و سەھۆڵ و لەمانە. بە پێک ھەڵسەنگاندنی ئەم دوو لیستە ھۆکاری دروستکەری گەرمی و، ئەو شتەش کە ئەگەر نەبێ گەرمیش نابێ، دەناسینەوە. لیستێکی سێیەمینیش پێویستە، کە پێک دێ لەو ھەلومەرجانەی تیایانا گەرمی دەتوانێ فەرق بکات. ئەم لیستە پێی دەڵێن لیستی پلەکانی گۆڕان. بێگومان، سروشتی گەرمی دەبێ ئەوە بێ کە لە ھەموو نموونەکانی لیستی یەکەمدا ھەیە و، لە ھیچ کام لە نموونەکانی لیستی دووەمدا نییە و، بە پلەی جیاواز لە ھەموو نموونەکانی لیستی سێیەمدا دەگۆڕێ.

لە لاپەڕەی ناونیشانی ئۆرگانۆنی نوێدا کەشتییەکی بایەواندار کێشراوە کە دەیەوێ بە نێو کۆڵەکە ئەفسانەیییەکانی ھیراکلیس، لە ئەمبەر و ئەوبەری جەبەل تاریق، دەرباز بێ و، ئاوەکانی دەریای ناوین، کە بست بە بستی ناسراوە و نەخشەکانی بەوردی تۆمار کراوە، بەجێ بێڵێ و بەرەو ئۆقیانووسی نامۆ و نەناسراو بڕوا. ھاوشێوەی ئەم وێنەیە، بەیکنیش بەھیوا بوو لێکۆڵینەوەی ئەزموونی، کە ئەو بانگەشەی بۆ دەکرد، بتوانێ سنووری ئیدیا کۆنەکانی زانست ببەزێنێ و، ڕێگایەکی نوێ بنوێنێ بەرەو تێگەیشتن لە جیھان.

بتەکان

دەستکاری

بەیکن لە ئۆرگانۆنی نوێدا بەو ئاکامە دەگات کە پابەندبوون بە بیروبڕوای ئەم و ئەو جۆرێ بتپەرستییە. لەم ڕووەوە، یەکەم ھەنگاو لە ڕێگەی دروست فکرکردنا، چاوکردنەوەیە و خۆ ڕزگارکردن لە شوێنکەوتنی کوێرانە. بەم چەشنە، بەیکن بە قۆرت و لەمپەرەکانی سەر ڕێگە کە ئینسان بەرەو فکری شێواو و ناڕێک دەبەن، دەڵێ «بت» و، ئەیانکاتە چوار بەشەوە: بتەکانی خێڵ، بتەکانی ئەشکەوت، بتەکانی بازاڕ و، بتەکانی تیاتر.

بتەکانی خێڵ ئەو بتانەن ھەموو خێڵی مرۆڤ ھەیانە. خەتاگەلێکن لە سروشتی مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووە. وەکوو کەمھێنانی ھەستەکانمان و کەموکووڕییەکانیان لە دەستخستنی زانیاریی لە بابەت ڕووداوەکان و دیاردەکانەوە.

بتەکانی ئەوشکەوت ئەو ھەڵە و سووچانەن دەگەڕێنەوە بۆ تایبەتمەندییەکانی دانە بە دانەی مرۆڤەکان. ھەر کەس لە ڕوانگەی خۆیەوە سەیری ژیان دەکا و شتێک بە گرنگ دادەنێ و بە ڕاستی دەزانێ. ھەر کەس لە ئەوشکەتی خۆیا دەژی، ئەشکەوتێ کە نایەڵێ ڕووناکیی ڕاستیی دەرەوە ببینێ.

بتەکانی بازاڕ وشە فریودەرەکانن، یا پەندی پێشینان و قسەگەلی نەستەقی لە شار و بازاڕا زۆر بیستراو کە ئاوێتەی ھەڵە و خەتان.

بتەکانی تیاتر ئەو بیروبڕوا و تیۆرییە زانستی و فەلسەفییانەن کە بە زەق و زەوقی زۆر و، بە بانگەشە و بانگەواز، دەیانھێننە سەر شانۆ بۆ ئەوەی دڵی بینەر بڕفێنن و، جێ تەنگ بکەن بۆ شک و فکر و ھەڵسەنگاندن.

سەرچاوەکان

دەستکاری