ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کرواتیا

ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کرواتیا (بە کڕواتی: Hrvatska nogometna reprezentacija) نوێنەرایەتی وڵاتی کرواتیا ئەکات لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێی پیاوان, لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیاوە (ناسراو بە (HNS)) سەرپەرشتی دەکرێت. ئەم تیپە لەلایەن ھەردوو دامەزراوەی جیھانی فیفا و ئەوروپی یووفا بە فەرمی ناسێنراوە لە پاش جیابوونەوەی لە وڵاتی یووگۆسلاڤیا. ھەر لە سەرەتاوە وەکو تیپێکی بەھێز و کێبەرکێکار دەرکەوت بە تایبەت لە کەمپینی پاڵەواتنەکانی بۆ یۆرۆی ١٩٩٦. لە ساڵی ١٩٩٨، زۆر بەتوندی کێبەرکێی کرد لە یەکەم بەشداریکردنی لە جامی جیھانییدا و توانی پلەی سێیەم بەدەستبھێنێت. ھەروەھا داڤۆ شوکەری ھێرشبەری تیپەکەیش بوو بە گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە. بیست ساڵ دواتر، کرواتیا توانی بگاتە یاری کۆتایی جامی جیھانی ٢٠١٨، وە یاریزانی ناوەندکاری تیپەکەیش لۆکا مۆدریچ بووە باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە. ئەوکاتە کرواتیا گەنجترین ھەڵبژاردە بوو (لە ساتی دامەزراندنییەوە) توانیبووی بگاتە قۆناغی یەکلاکەرەوە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەدا ھەروەھا لە ١٠ باشترین تیپەکانی ڕیزبەندی فیفای جیھانی بوو.

ھەڵبژاردەی کرواتیا لە یاری کۆتایی جامی جیھانی ٢٠١٨


لە ساتی دامەزراندنیەوە، کرواتیا نەیتوانیوە بگاتە دوو پاڵەوانێتی گەورە: یەکەمیان یۆرۆی ٢٠٠٠ بوو، ئەوی تریشیان جامی جیھانی ٢٠١٠ ی فیفا بوو. قورسترین دۆڕانیان لە خولی نەتەوەکانی ساڵی ٢٠١٨-١٩ بوو بەرامبەر ھەڵبژاردەی ئیسپانیا بە ئەنجامی ٦-٠، لە کاتێکدا کە گەورەترین بردنەوەیان لە یاریەکی دۆستانەدا بوو بەرامبەر سان مارینۆ بە ئەنجامی ١٠-٠ لە ساڵی ٢٠١٦ دا. گەشەکردن و بەھێزبوونی ئەم تیپە وایکردووە کە چەند کێبەرکێکارێکی سەرسەختیان بۆ پەیدا ببێت، بۆ نموونە لەگەڵ ھەڵبژاردەی ئیتاڵیادا دێربی ئادریاتیکۆیان ھەیە و بەھۆی ناکۆکییە سیاسیەکانیشیان لەگەڵ سربیادا یاریەکانی نێوانیان گرژی و ئاڵۆزی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت.


ئەم ھەڵبژاردەیە نوێنەری دووەم-بچووکترین وڵاتە لەڕووی دانیشتووان و جەماوەرەوە کە توانیوویەتی بگاتە کۆتاییەکانی جامی جیھانی، لەدوای ئۆرۆگوایی و ھۆڵەنداوە. لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا، کرواتیا ریکۆردی زۆرترین یاری ھەیە کە بە لێدانی یەکلاکەرەوە کۆتایی ھاتووە. ھەروەھا زۆرترین یاری کردووە لە کاتی زیادکراودا. ئەمە سەرباری ئەوەی کە توانیوویەتی زۆرترین پێنالتیش لە یاریەکدا بگەڕێنێتەوە. ھاوشانی ھەڵبژاردەکانی تری وەکو کۆڵۆمبیا و فەرەنسا لەلایەن فیفاوە وەکو باشترین جوڵەکەری ساڵ دیاریکراوە کە زیاتر لە جارێک ئەمەی ئەنجامداوە، لەماوەی ١٩٩٤ و ١٩٩٨دا خەڵاتی بۆ ئەم سەرکەوتنانە لە ڕیزبەندی فیفادا وەرگرتووە.[١] [٢] ئەوکاتەی کە بە فەرمی لە فیفادا وەرگیرا، لە ڕیزبەندی ١٢٥ی جیھانیدا بوو؛ لە پاش ئەنجامە باشەکەی لە جامی جیھانی ١٩٩٨دا، توانی ھەڵبکشێت بۆ پلەی سێیەمی جیھان، تۆمارێکی پێوانەیی و سەرکێشانەی لە مێژووی ڕیزبەندی فیفادا تۆمارکرد.

یاریگاکانی کرواتیا

دەستکاری

زۆربەی یاریەکانی کرواتیا لە یاریگاکانی خۆیدا لە یاریگای ماکسیمیر ئەنجامدەدرێت لە زاگرێب، کە لە هەمان کاتدا یاریگای یانەی داینەمۆی کرواتیشە. ئەم یاریگایە لە ساڵی ١٩١٢ بونیادنراوە و لە ساڵی ١٩٩٧ نوێکراوەتەوە. یەکێک بوو لەو دوو یاریگایەی یۆگۆسلاڤیا کە لەلایەن یوفاوە بۆ یۆرۆی ١٩٧٦، میوانداری یاریەکانی تێداکرا، هاوشانی یاریگای ڕێد ستار (ئەستێرە سورەکە) لە بلاگراد. لەو ساتەی کە یەکەمین یاری هەڵبژاردەکەی تێدا ئەنجامدرا بەرامبەر هەڵبژاردەی لیتوانیا وەکو یاریگای یاریەکانی نەتەوەیی کرواتیا دیاریکرا. فیدراسیۆنی تۆپی پێی کرواتیا پێشتر ڕەزامەندی پیشاندابوو کە بەهاوکاری حوکومەت یاریگاکە نوێ بکەنەوە و فراوانی بکەن کە تەنیا جێگەی چل هەزار تەماشاکەری تێدا دەبێتەوە. بەڵام ئەم پلان لەکۆتاییدا لەلایەن سەرۆک شارەوانی زاغرب میلان باندیچەوە ڕەتکرایەوە لە ٢٠٠٨ دا بەبیانووی تێچووە زۆرەکانی پلانەکە.


هەندێک لە یاریەکانی هەڵبژاردەکە لە یاریگا بچووکەکانی تری وڵاتەکە ئەنجامدەدرێت. بۆ نموونە یاریگای پۆلیود لە سپلیت کە میوانداری زۆرێک لە یاریەکانی پاڵاوتنی ١٩٩٥ی کرد، کە یەکەم یاریان بە یەکسان بوون لەگەڵ ئیتاڵیادا کۆتایی هات. لە ماوەی ١٩٩٥ بۆ ٢٠١١، کرواتیا هەرگیز یاریە بەهێز و یەکلاکەروەکانی لە یاریگای پۆلیود نەبردوەتەوە. کە میدیای ناوخۆی کرواتیا ئەم گرێییەی بە ''نەفرەتی پۆلیود'' وەسفدەکرد. ئەم گرێی سەرنەکەوتنە دواجار بەرامبەر جۆرجیا کۆتایی هات. کاتێک هەڵبژاردەی کرواتیا لە دواوە بوو بەگۆڵ، بەڵام گەڕایەوە و یاریەکەی بردەوە. هەروەها هەندێک لە یاریگاکانی تر وەکو کانتریدا لە شاری ریجیکا و گرادسکی ڤرت لە ئۆشیک ڤارتێکس لە ڤارازدین میوانداری یاریەکانی پاڵاوتنیان دەکرد. بەهۆی ئەوەی ئەم یاریگایانە تەماشاکەری کەمتر دەگرن و دانیشتوانی دەوروبەری هەندێک لە یاریگاکان ناڕەزایەتیان پیشاندەدا یاریەکانی لەم یاریگایەنەدا کەمتر ئەنجامدەدرێت.

شانازییەکانی

دەستکاری

پاڵەوانێتییە گرنگەکان

پاڵەوانێتییە لاوەکییەکان

  • نازناوی هەسان
    • پلەی یەکەم: ١٩٩٦
  • جامی کیرین
    • پلەی دووەم: ١٩٩٧
  • جامی کۆریا
    • پلەی یەکەم ١٩٩٩
  • جامی ساڵی تازەی لونار
    • پلەی سێیەم: ٢٠٠٦


نازناوەکانی دیکە

  • باشترین جوڵەکەری ساڵ (ڕیزبەندی فیفا)
    • پلەی یەکەم: ١٩٩٤، ١٩٩٨

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ https://web.archive.org/web/20140719093354/http://www.fifa.com/worldranking/news/newsid=1974233/index.html. لە ڕەسەنەکە لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)
  2. ^ https://web.archive.org/web/20080720140712/http://www.fifa.com/classicfootball/awards/gala/bestmover.html. لە ڕەسەنەکە لە ٢٠ی تەممووزی ٢٠٠٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ھێنراوە. {{cite web}}: پارامەتری |title= ونە یانیش واڵایە (یارمەتی)

.ھەڵبژاردەی تۆپی پێی کرواتیا