پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە ڕووسیا

پەتای جیھانیی کۆڤید-١٩ لە وڵاتی ڕووسیا بەشێکە لە پەتای جیهانیی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای ٢٠١٩ (COVID-19) کە هۆکارەکەی نەخۆشیی سەختی کۆئەندامی هەناسەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ٢ (SARS-CoV-2). لە ڕێکەوتی ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ڕووسیا پشتڕاست کرایەوە کاتێك پشکنینەکانی دوو هاووڵاتیی چینی لە شاری (تیومێن - Tyumen ) و (چیتا - Chita) بۆ ڤایرۆسەکە ئەرێنی دەرچوو و توانرا هەردوو بارەکە چواردەورە بگیرێت.

ڕێکارە سەرەتایییەکانی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوە بریتی بوو لە سنووردارکردنی هاتووچۆی سنووری لەگەڵ چین و ئەنجامدانی پشکنینی زۆر و چڕ. دوابەدوای زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە ئیتاڵیاوە بۆ وڵاتانی تر لە ڕێکەوتی ٢ی ئازارەوە، ڕووسیا هەستا بە زیادکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە وەک (هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکان، داخستنی قوتابخانە، شانۆ و مۆزەخانەکان، داخستنی سنوور و ڕاگەیاندنی ماوەی کارنەکردن و ئەمەیش هەتا ١١ی مایسی ٢٠٢٠ بەردەوام بوو. هەتا کۆتاییی مانگی ئازاری ٢٠٢٠ زۆرینەی بەش و ویلایەتەکانی ڕووسیا هەستابوون بە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری (بە مۆسۆکۆشەوە) و هەتا ١٧ی نیسانی ٢٠٢٠ بارەکانی تووشبوون لە هەموو ناوچەکانی ڕووسیا پشتڕاست کرابووەنەوە.[١]

ڕووسیا خاوەنی بەرزترین (تووشبووی پشتڕاستکراوە) بوو لە ئەورووپا و لە جیھانیشدا دوای (ویلایەتە یەکگرتووەکان، هیندستان و بەڕازیل)  پلەی چوارەمی بەر دەکەوت. بەپێی زانیاری و ژمارەکانی (ناوەندی قەیرانی نەتەوەییی ڤایرۆسی کۆرۆنا) هەتا ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ڕووسیا خاوەنی ١،٢٨٥،٠٨٤ تووشبووی پشتڕاستکراو، ١،٠١٦،٢٠٢ چاکبۆوە، ٢٢،٤٥٤ باری گیان لەدەستدان و ٥٠.٣ ملیۆن پشکنینی ئەنجامدراو بووە.[٢][٣]

خزمەتگوزاریی تەندروستی دەستکاری

لە ١٩ی ئازاردی ٢٠٢٠ حکومەتی ڕووسیا هەستا بە بڵاوکردنەوەی ئەم زانیارییانە دەربارەی بەردەستی بوون و ژمارەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان: دانانی زیاد لە ٥٥ هەزار جێگە (تەختی خەو - قەرەوێڵە)، ١٢ هەزار یەکەی چاودێریی چڕ و ٣٩٦ ناوەندی چاودێری. دامەزراوە پزیشکییەکان خاوەنی زیاد لە ٤٠ هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکردن و ١٢٤ ئامێریش بۆ پشکنینی (هەناسەدانی شانەکانی دەرەوەی جەستە - Extracorporeal Membrane Oxygenation - ECMO ).  هەروەها حکومەتی ڕووسیا هەستاوە بە تەرخانکردنی سەرمایە بۆ کڕین و دابینکردنی ٥٠٠ ئامێری زیاتر (کە ١٧ دانەیان ئامێری " ECMO "ن). و بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی حکوومەت، لەم کاتەدا ٦ هەزار پزیشکی نەخۆشییە گواستراوەکان،  نزیکەی ٢ هەزار پزیشکی سنگ (کۆئەندامی هەناسە) و ١٨ هەزار پەرستار بە بەردەوامی ئامادەن بۆ دابینکردنی یارمەتی و خزمەتگوزاریی تەندروستی.[٤]

کاریگەریی ئابووری دەستکاری

لە ڕێکەوتی ٢٠ شوبات دا وەزیری دارایی (ئانتۆن سیلوانۆڤ) لێدوانی دا کە لە هەر رۆژێك دا ڕووسیا نزیکەی ١ ملیار روبڵ (دراوی ڕوسی) (١٣ ملیۆن دۆلار) لەدەست دەدات بەهۆی کەمبوونەوەی بازرگانی لەگەڵ وڵاتی چین دا. و لە ٥ی ئازاردا سەرۆکی (ئەنجومەنی ڕووسیی بۆ بازرگانییە گەشتییەکان) ڕایگەیاند کە بواری گەشتوگوزار بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ٢٧ ملیار رۆبڵ (٣٥١ ملیۆن دۆلار) زیانی بەرکەوتووە.[٥]

لەئەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن، داواکاری لەسەر بەرهەمی کارگەکان و ئامرازەکانی گواستنەوە کەم بۆوە. هەروەها کەم بوونەوەی داواکاری لەسەر نەوت و لە ئەنجام دا دابەزینی نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو. ئەمەش بووە پاڵنەر بۆ کۆبوونەوەی ئۆپێك (ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەی نەوت - OPEC  ) لە ٥ی ئازاردا لە شاری ڤێنا. دوای کۆبوونەوەکە، ئەندامانی ئۆپێك ڕێك کەوتن لەسەر کەم کردنەوەی بەرهەم هێنانی نەوت بە (١.٥ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێك دا) بۆ نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠. پاش ئەم بڕیارە ئۆپێك داوای لە ڕووسیا و وڵاتانی نائەندامانی ئۆپێك کرد کە بەهەمان شێوە جێبەجێکەری بڕیارەکە بکەن. لە ٦ی ئازاردا ڕووسیا داواکەی ڕەت کردەوە و ئەمە کۆتایی هێنا بە ڕێکەوتنەکان و هاوبەشییەکان و دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری ڕەت کردنەوەکو نرخی نەوت بە ڕێژەی %١٠ دابەزی. لە ٨ی ئازاردا سعودییەی عەرەبی دەست پێشخەری کرد لە پەیڕەوکردنی (جەنگی نرخی نەوت) کە بووە هۆی زیاتر دابەزاندنی نرخی نەوت بەڕێژەی %٣٠. لە ئەنجامی ئەم دابەزین و کەم بوونەوە زۆرەی نرخی نەوت دراوی روبڵی ڕووسی دووچاری پاشەکشەیەکی زیاتر بۆوە و بۆ چوارەمین ساڵ نرخەکەی لەخواروو دۆلاری ئەمریکییەوە بوو.[٦]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "New Figures Suggest Russia's Coronavirus Death Toll Underreported". The Moscow Times. 10 July 2020.
  2. ^ "Росстат представил данные о смертности от COVID-19 за июнь". rbc.ru.
  3. ^ "Russia More Than Doubles April Coronavirus Death Toll". The Moscow Times. 13 June 2020.
  4. ^ "В России выявили первые два случая заражения коронавирусом". TASS. 31 January 2020. Archived from the original on 31 January 2020. Retrieved 31 January 2020.
  5. ^ "Coronavirus: UAE announces six more cases of Covid-19". The National.
  6. ^ "World Federation Of Societies of Anaesthesiologists – Coronavirus". wfsahq.org. Archived from the original on 12 March 2020. Retrieved 15 March 2020. ١٢ی ئازاری ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.