پرسی زەین-لەش

پرسیاری فەلسەفی لە چۆنیەتیی کارلەیەککردنی زەین و لەش

پرسی زەین-لەش ئەو پرسەیە کە بە تەنگ پەیوەندیی نێوان زەین و لەشەوەیە و، دەپرسێ ئاخۆ پەیوەندیی نێوان تایبەتمەندییە زەینییەکان و تایبەتمەندییە فیزیکییەکان چۆناوچۆنە؟[١]

ڕوون و ئاشکرا نییە کە زەین و لەش چۆن دەلکێن پێکەوە. بۆ نموونە، ھەست بە خەمباری کردن، کە پێشھاتێکی زەینییە، دەبێ بە ھۆی دەست بە گریان کردن، کە دۆخێکی فیزیکیی سەر بە جەستەیە. گاڵتەیەک بە «خۆش» زانین، کە پێشھاتێکی زەینییە، دەبێ بە ھۆی پێکەنین، کە ھەمیسان سەر بە جەستەیە. ھەست بە ئێش کردن، کە لە ناو زەیندایە، دەبێ بە ھۆی خۆدوورگرتن لە ھەندێ ئاکار و، ھەر ئاوەھا بەم جۆرە.

بە تەرزێکی ھاوشێوەی ئەمە، ئەگەر بۆ نموونە بە ھۆی خواردنی ھەندێ دەرمان یا مەی و بادە، گۆڕان و ھەڵگەڕانەوەیەک لە کیمیای جەستەدا ڕوو بدات، بە تایبەت لە ھیی مێشکدا، بە ئاشکرا بارودۆخی زەینیش گۆڕانی بەسەرا دێت.

بە شێوەیەکی گشتی، ھەبوونی ئەم لێکگرێدراوییە لە نێوان زەین و لەشدا مەسەلەساز نییە. مەسەلەکان ئەو کاتە ساز دەبن کە مرۆڤ بیەوێ لە ڕوانگەی زانست یا میتافیزیکەوە بە وردی ئەم پەیوەندییە شی بکاتەوە. ئەو کاتە، ھەر لە ڕێگاوە ئەم پرسیارانە سەر ھەڵدەدەن:

  • ئاخۆ کار دەکەنە سەر یەکتر؟
  • سروشتی ئەم کارلەیەکترکردنە چۆناوچۆنە؟
  • ئایا دەکرێ ئەم کارلەیەککردنە ببێ بە بابەتی خوێندن و لێکۆڵینەوە؟
  • ئەگەر زەین و لەش دوو ھەبووی جیاجیا نین و ھەر یەک ھەبوون، ئایا دەکرێ ڕووداوە زەینییەکان بە پێی ڕووداوە فیزیکییەکان ڕوون بکرێنەوە؟ یا بە پێچەوانەوە؟

ئەمانە و پرسیارگەلی دیکەی لەم چەشنە کە لە بابەت پەیوەندیی نێوان زەین و لەشن، ھەموو لە ژێر ئاڵای پرسی زەین-لەشدان.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Robinson، Howard (2023)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Dualism»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2023 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2024-07-13 ھێنراوە