پاسەوانی سپی (بە ڕووسی: Белая гвардия) ڕۆمانێکی میخائیل بۆلگاکۆڤە کە یەکەم جار لە ساڵی ١٩٢٥ لە گۆڤاری ئەدەبیی ڕۆسیا (Rossiya) بڵاو کراوەتەوە. ڕۆمانەکە تا ساڵی ١٩٦٦ لە یەکێتیی سۆڤیەتدا دووبارە چاپ نەکرایەوە.

بەرگی پاسەوانی سپی

پاشخان دەستکاری

پاسەوانی سپی یەکەم جار لە گۆڤاری ئەدەبیی ڕۆسیا-ی سەردەمی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٢٥[١] بە شێوەی زنجیرەیی دەرکەوت، بەڵام گۆڤارەکە پێش تەواوبوونی زنجیرەکە داخرا. کتێبە تەواوکراوەکە لە ساڵی ١٩٢٧ لە پاریس بڵاو کرایەوە. وەشانێکی سانسۆرکراو لە ساڵی ١٩٦٦ لە یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرایەوە. ئینجا، پاش ماوەیەکی زۆر، وەشانە کامڵەکە لە ساڵی ١٩٨٩ بڵاو کرایەوە.

دوای ئەوەی دوو بەشی یەکەمی پاسەوانی سپی لە گۆڤاری ڕۆسیا بڵاو کرانەوە، بۆلگاگۆڤ بانگھێشت کرا بۆ نووسینی وەشانێک بۆ شانۆ. ئەو شانۆگەرییەکەی ناو نا ڕۆژەکانی تووربینەکان. ئەم کتێبە بۆ شانۆی هونەری مۆسکۆ بەرهەم هات و پێشوازییەکی گەورەی لێ کرا. بەپێی هەندێک سەرچاوە، ستالین بەلایەنی کەمەوە ٢٠ جار بینیویەتی.[٢] لە ڕاستیدا، شانۆکە بە تەواوی کتێبەکەی خستە پەراوێزەوە؛ هەڵبەت بەنزیکەیی هیچ فۆرمێکی کتێبەکەیش دەست نەدەکەوت.

داڕشتەی ڕۆمانەکە دەستکاری

چیرۆکی ڕۆمانەکە لە ئۆکراینا و لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٩١٨ دەستی پێ دەکات و پەیوەندیی بە چارەنووسی بنەماڵەی تۆربینەوە هەیە لەو کاتەدا کە سوپا جۆراوجۆرەکانی جەنگی سەربەخۆییی ئۆکرانیا – سپییەکان، سوورەکان، سوپای ئیمپراتۆریی ئەڵمانیا و، ناسیۆنالیستەکانی ئۆکرانیا – لەسەر شاری کیێڤ شەڕ دەکەن . کەسایەتییە مێژوویییەکانی وەک پیۆتر ڕانگێل، سایمۆن پێتلیورا و، پاڤلۆ سکۆرۆپادسکی لە کاتێکدا دەردەکەون کە بنەماڵەی تۆربین بەهۆی کاریگەرییە پڕئاژاوەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە گیریان خواردووە.

کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە سەر بە بازنەی ڕۆشنبیران و ئەفسەرانی ئۆکراینی و ڕووسین. ئەوان وەک بەشێک لە سوپای هێتمان پاڤلۆ سکۆرۆپادسکی بەشداری لە بەرگریکردن لە کیێڤ لەبەرانبەر هێزە ناسیۆنالیستەکانی ئۆکراینا (بە سەرۆکایەتیی پێتلیورا) لە کانوونی دووەمی ١٩١٨ دەکەن. کارەکتەری میخائیل شپۆلیانسکی لەسەر بنەمای ڤیکتۆر شکلۆڤسکی وەرگیراوە.[٣]

ڕۆمانەکە چەندین توخمی خۆژیاننامەییی لەخۆ گرتووە. بولگاکۆڤ هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی برا بچووکەکەی خۆی بە برا بچووکەکەی تۆربین بەخشی. وەسفی ماڵی تۆربینەکان هی ماڵی بنەماڵەی بولگاکۆڤە لە کیێڤ. (ئەمڕۆ وەک مۆزەخانەی میخائیل بولگاکۆڤ پارێزراوە و بەڕێوە دەبرێت.)

کارەکتەرەکان دەستکاری

  • ئەلێکسی ڤاسیلیڤیچ تۆربین، پزیشک
  • نیکۆلای تۆربین (نیکۆلکا)، برا بچووکەکەی
  • ئیلێنا ڤاسیلیێڤنا تالبێرگ، خوشکەکەیان
  • سێرگی ئیڤانۆڤیچ تالبێرگ، هاوسەرەکەی
  • ڤیکتۆر ڤیکتۆرۆڤیچ میشلایڤسکی، نەقیب
  • لیۆنید یوریڤیچ شێرڤینسکی
  • فیۆدۆر نیکۆلایڤیچ ستێپانۆڤ، بە ناسناوی کارپ (کاراس)
  • باوک ئەلێکساندەر
  • ڤاسیلی ئیڤانۆڤیچ لیسۆڤیچ، بە ناسناوی ڤاسیلیسا
  • لاریۆن لاریۆنۆڤیچ سورژانسکی (لاریۆسیک)
  • عەقید نای-تورس

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Bulgakov, Mikhail (2008). White guard. Marian Schwartz, E. A. Dobrenko. New Haven: Yale University Press. ISBN 978-0-300-14819-0. OCLC 503446494.
  2. ^ Bulgakov, Mikhail (2008). White guard. Marian Schwartz, E. A. Dobrenko. New Haven: Yale University Press. ISBN 978-0-300-14819-0. OCLC 503446494.
  3. ^ Bulgakov, Mikhail (2008). White guard. Marian Schwartz, E. A. Dobrenko. New Haven: Yale University Press. ISBN 978-0-300-14819-0. OCLC 503446494.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری