ویکیپیدیا:ناوەڕۆکی نەشیاو

(لە ویکیپیدیا:ناوەڕۆکی ھێرشبەرەوە ڕەوانە کراوە)

ئەرکی ویکیپیدیا کۆکردنەوەی ناوەڕۆکە پێویستەکانە، کە لەوانەیە ناوەڕۆکی نەشیاویش بگرێتەوە کە لای کۆمەڵگە ھەستیارن. دەبێت بزانین لەگەڵ ئەوەش کە ویکیپیدیا سانسۆری لەسەر نییە. بەکارھێنانی نووسراو و وێنەی بازاڕی، بێزراو و سووک، دەبێت بە شێوازی ئینسایکڵۆپیدیاییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بگونجێندرێن.
ئەم جۆرە ناوەڕۆکانە کە لە ڕووی کەلتوور و لەلایەن خوێنەری ئاساییەوە بە ناوەڕۆکێکی بازاڕی یان بێشەرمانە و بێزراو سەیر دەکرێن، پێویستە تەنھا لەو کاتەدا بەکار بھێنرێن کە لابردنیان و دانەنانیان کەلێن بخاتە وتارەکە و زیان بە زانیاری و وردی و شیاوی بگەیەنێت و وە جێگرەوەی گونجاو بەردەست نەبێت.
مەبەست لە ناوەڕۆکی نەشیاو، لەڕووی کۆمەڵایەتی و دابونەریتەوەیە، کە خوێنەری ئاسایی پەیڕەویی لێ ئەکەن. بڕوانە ویکیپیدیا چی نییە بۆ بینینی ئەو وتار و ناوەڕۆکانەی کە ناشێت لە ویکیپیدیا دابنرێن.


شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ناوەڕۆکە نەشیاوەکان دەستکاری

لە ویکیپیدیادا، ئەو ناوەڕۆکانەی دەکەونە ژێر ئەم پۆلە و بڵاوە دەکرێنەوە، دەبێت یان بە تەواوەتی وەک خۆی دابنرێن، یان ھەر دانەنرێن؛ وشەکان کە بەکاردێت نابێت لێی لاببرێت و ببڕدرێت بۆ نموونە ھەندێک پیتی بکرێت بە ئەستێرە یان ھێڵ یان ھەر نیشانەیەکی تر. تەنھا ئەگەر وشەکە لەناو دەقێکدا بوو کە گێڕانەوە بوو و خۆی ھەر بە کورتی یان بە ھێماوە نووسرابوو، لەوکاتەدا ئەتوانرێت دابنرێت، یان ئەگەر ئاماژەیەک کرابوو بۆ جێگەیەک کە لەوێدا بەو شێوەیە نووسراوە و وشەکە بە تەواوی نەنووسراوە.

مشتوومڕی ھەبوون یان نەبوونی ئەم جۆرە ناوەڕۆکانە لە وشە و وێنەدا، لە پەڕەەی وتووێژدا زۆرجار گفتوگۆی زۆری لەسەر دەکرێ و ڕەنگە بگاتە تێکگیران و دڵڕەنجان، بۆیە پێویستە وتووێژەکان شارستانی بن و گومانی باش بەیەک ببرێت تاوەکو دوور بن لە ڕووداوی نەخوازراو.

پشاندانی نابەرپرسیارێتی پێویست ناکات لەو وتارانەیا دابنرێت کە ناوەڕۆکی لەو شیوەیان تێدایە. ھەموو وتارەکان ئەکەونە ژێر پێنج[١] نابەرپرسیارێتییەکەی ویکیپیدیاوە (گشتی، ناوەڕۆک، یاسایی، پزیشکی، مەترسی).

بێسانسۆریی ویکیپیدیا مانای ئەوە نییە حەز و مەیلی بۆ ئەو ناوەڕۆکانەیە دەستکاری

یەکێک لە بنەماکانی ویکیپیدیا ئەوەیە کە ویکیپیدیا سانسۆر نییە، وە نووسەرانی ویکیپیدیا ڕێگەیان پێ نادرێت کە ناوەڕۆکەکان بسڕنەوە تەنھا لەبەر ئەوەی کە لای ھەندێک خوێنەران ناوەڕۆکەکان ناشرینە یان بێزراو و بێشەرمانەن. وە لە ھەمان کاتدا ئەمە مانای ئەوە نییە ناوەڕۆکێک بێ بوونی ھیچ ھۆکارێک تەنھا لەبەر ئەوەی ناپەسەندە جێگەی ببێتەوە، وە مانای ئەوەش نییە کە ئەم ناوەڕۆکانە بواردنیان ھەبێت لە یاسا گشتییەکانی ویکیپیدیا و لێخۆشبوونی تایبەتیان ھەبێت. بەکارھێنانی ھەر ناوەڕۆکێکی بازاڕی، بێزراو، دەبێت بە شێوازی ئینسایکڵۆپیدیاییانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بگونجێندرێن. ئەم ناوەڕۆکانە کە لە ڕووی کەلتوور و بۆ خوێنەری ئاسایی ناوەڕۆکێکی بازاڕی یان بێشەرمانە و بێزراون، پێویستە تەنھا لەو کاتەدا بەکار بھێنرێن کە لابردنیان و دانەنانیان کەلێن بخاتە وتارەکە و زیان بە گەیاندنی زانیاریی و وردی و شیاوی وتارەکە بگەیەنێت و جێگرەوەی گونجاو بۆیان بەردەست نەبێت.
بۆ وێنەکان کە ھەستیارترن، نووسەرەکان ھەندێکجار پێویستیان ئەبێت کە وێنەیەک بەکار بھێنن کە ڕەنگە نەشیاو بێت. لەکاتی بوونی چەند ھەڵبژاردەیەک لەبەردەستماندا کە ھەر یەکێکیان بتوانن بەجوانیی مەبەستەکە بگەیەنن، ئەوا پێویست ناکات نەشتیاوترین وێنەیان ھەڵبژێرین و دای بنێین، ھەلی دانانی ئەو ناوەڕۆکانە بقۆزینەوە و دابنێین کە ڕەنگە پێویست نەکات.
لەژێر ناوی دژە سانسۆردا بەکارھێنانی ھەر وێنەیەکی ناپێویست و زیادە بە خۆڕایی و بێ پێویستیی ھیچ پەسەندتر نییە لە وێنەیەکی ئاسایی. بەڵکو ھەڵبژاردنی وێنەکان پیویستە زۆر ئاساییانە ھەڵببژێردرێن و بەپێی پێویستیی وتارەکە بەکار بھێنرێن. وەک لە سیاسەتی بەکارھێنانی وێنەکاندا ھاتووە ھۆکاری دانانی ھەر وێنەیەک لە ھەر وتارێکدا تەنھا و تەنھا بۆ ئامانجی زیادکردنی تێگەیشتنیی خوێنەرە بۆ وتارەکە، ھەر وێنەیەک کە ئەم ئامانجە نەپێکێت یان سیاسەتەکانی تر پێشێل بکات ئەوا نابێت بەکار بھێنرێت.

بەگوێرەی یاساکانی Wikimedia Foundation، ئەو وێنانەی کە ئەبنە ھۆی مشت و مڕ و ڕێک نەکەوتن (وەک ئەوانەی پێشتر باسمان کرد)، پێویستە لەژێر بنەمای "کەمترین سەرسوڕمان"ـدا دابنرێت، بە واتای ئەوەی کاتێک خوێنەرێک ئەو وێنەیە ئەبینێت لە ویکیپیدیادا شۆک نەبێت و تووشی سەرسوڕمان نەبێت، ئەبێت وێنەیەک ھەڵبژێرین لەگەڵ چاوەڕوانی خوێنەر بۆ بابەتەکەدا بگونجێت، ھەتا لە تواناییدا بێت پێویستە ئەم کارە بکرێت بەڵام بەبێ ئەوەی جۆرێتی و باشی وتارەکە لەکەدار بکات. بۆ نموونە کاتێک بۆ وتاری لەشی مرۆڤ نووسەر ئەیەوێت وێنەیەک دابنێت، ھەزاران وێنەی لەبەردەستدایە کە لەشی مرۆڤ بە ڕووتی پیشان دەدات و وێنەیەکی لەبارە بۆ مەبەستەکەی ئەو، بەڵام پێویستە وێنەیەک ھەڵبژێرن کە ھەستبزوێنەر نەبێت و وەستانی کەسەکە سێکسی نەبێت، ئەمانە زۆر باشترن لە وێنەیەک کە ئەم تایبەتمەندیانەی تێدا نەبێت، چونکە بۆ خوێنەرەکە پەیوەندیداترە و گونجاو و پەسەندترن. ویکیپیدیا ھیچ حەزێکی تایبەتتری نییە بۆ ئەم وێنە سێکسیانە بەھۆی بوونی ئەو ناوەڕۆکانەیان. یان بۆ نموونە، ئەو نووسەرانەی وتار دەربارەی ئۆتۆمۆبیلەکان دەنووسن، ناچن وێنەی کچێکی ڕووت بھێنن کە لە تەنیش ئۆتۆمبێلەکان وەستاوە، دابنێن، ھەرچەندە ئەو جۆرە وێنانە لە ویکیپیدیادا بەردەستن و "ویکیپیدیا سانسۆر نییە". بەڵام بەھۆی پەیوەندێتیی وتارەکەوە دانانرێت. ڕاستە ویکیپیدیا سانسۆر نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەنێوان وێنە نەشیاوەکان و وێنەکانی تردا لایەنداریی ھیچیان ناکات.

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سیاسەتە فەرمیەکانی ویکیپیدیا

  1. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Wikipedia:No_disclaimers#What_are_disclaimers?
  2. ^ https://en.wikipedia.org/wiki/Pedophilia#Pedophile_advocacy_groups