ھەمیشە ئازا بە و لە دەستکاریکردنی وتارەکانی ویکیپیدیا مەترسە. ئەگەر تێبینیت کرد ڕێنووس، ڕێزمان یان ناوەرۆکی وتارێک ناتەواوە، ھەوڵ بدە دەستکاریی بکەیت. ویکیپیدیا نەک ھەر ئەو مافەت پێ دەدات، بەڵکوو داواشت لێ دەکات کە دەستکاریی ئەو جۆرە وتارانە بکەیت. تکایە لە دەستکاری و وتووێژدا ھەمیشە ڕەوشتی نەرم و جوان بگرە بەر. ھەر وەک تۆ دەستکاریی وتار و نووسراوەکانی کەسانی تر دەکەیت، بەکارھێنەرانی تریش بۆیان ھەیە نووسراوەکانی تۆ دەستکاری بکەن. بێگومان ھەموومان چەندان وتارمان بینیوە کە ھەڵەی ڕێزمانی، ڕێنووسی یان زانیاریی ھەڵەی تێدا بووە. ئەم کێشانە ڕەنگە بۆ زمانی کوردی زیاتر و جیددیتریش بێت. بۆیە پێویستە بەرامبەر بەو ھەڵانەی دەیانبینین بەرپرسیار بین و نەترسانە دەستکارییان بکەین. ھەڵەبەت ئەم دەستکارییانەش پێویستییان بە ھەڵسوکەوتی بەئاکارانە ھەیە و لەسەر ھەمووان ئەرکە کە لێکدانەوەی باشیان ھەبێت و لە دەستکاریی کەسانی تر کە بە نییەتی پاک دەکرێت زویر نەبن.

خۆت ھەڵەکان ڕاست بکەوە لە جیاتیی ئەوەی ئاماژەیان پێ بکەیت. ئەگەر دەبینیت ھەڵەیەکی زەق لە وتارێکدا ھەیە و دڵنیایت کە دەستکارییەکەت کۆمەک بە ویکیپیدیا دەکات، دوودڵی بنێ لاوە و چاکی بکەوە. ئەو کاتەی کە لە وتووێژ دەربارەی کێشەکە بەفیڕۆی دەدەیت، دەتوانیت لە بەرزکردنەوەی ئاستی وتارەکاندا بەکاری بھێنیت.

کە دەستکارییەکت دەگەڕێندرێتەوە دڵگران مەبە. ھەندێک جار لەوانەیە دەستکارییەکت دووچاری گەڕاندنەوە ببێت، لەو کاتەدا نابێت زویر بیت. ئەگەر لە دروستیی دەستکارییەکە گەڕێندراوەکەت دڵنیا بوویت، دەتوانیت لە پەڕەی وتووێژی وتارەکەدا باسی کێشەکە بکەیت. پێویستە ھەمیشە نییەتت پاک بێت و لە وتووێژدا لە شارستانییەت لانەدەیت. وریا بە و خۆت لە شەڕە دەستکاری دوور بگرە.