نیل دیگراس تایسۆن

ئەستێرەناس

نیل دیگراس تایسۆن (بە ئینگلیزی: Neil deGrasse Tyson)، (لەدایکبووی ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨) ئەستێرەناسی فیزیایی، گەردوونناس، زانای ھەسارەکان، نووسەری زانستیی ئەمریکییە. لە ساڵی ١٩٩٦ەوە، وەک بەڕێوبەری فرێنک پ. ڕۆز لە ھایدن پلانتێرییەم لە سەنتەری ڕۆز بۆ زەوی و بۆشایی ئاسمان لە شاری نیویۆرک کاریکردووە. ئەو سەنتەرە بەشێکە لە مۆزەخانەی ئەمریکی بۆ مێژووی سروشتیی، کە تایسۆن لە ساڵی ١٩٩٧ بەشی ئەستێرەناسی فیزیایی تێیدا دامەزراند و تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ وەک توێژەر لەوێ کاری لەو بەشە کردووە.[١]

نیل دیگراس تایسۆن
تایسۆن کاتی وەرگرتنی مەدالیای زانستی ستیڤن ھۆکینگ لە ٢٠١٧
لەدایکبوون (١٩٥٨-١٠-٠٥) ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٨ (تەمەن ٦٥ ساڵ)
مانھاتن، نیویۆرک، ئەمریکا.
بوارەکان
  • ستێرفیزیک
دامەزراوەکانزانکۆی مێریلڵاند
زانکۆی پرێنستن
موزەخانەی ئەمریکی بۆ مێژووی سرووشتی
پەروەردەبەکالۆریۆس لە زانکۆی ھارڤارد
ماستەر لە زانکۆی تێکساس
ماستەر و دۆکتۆرا لە فەلسەفە
لە زانکۆی کۆڵومبیا
گاریگەرییەکان
خەڵاتە دیارەکانNASA Distinguished Public Service Medal (2004)
Klopsteg Memorial Award (2007)
Public Welfare Medal (2015)
ھاوسەرAlice Young (ھاوسەرگیری ١٩٨٨)
منداڵەکان٢
واژوو

تایسۆن لە زانکۆی ھارڤارد، زانکۆی تێکساس لە ئۆستن ، و زانکۆی کۆڵۆمبیا خوێندوویەتی. لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٤ وەک توێژەری پۆست دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن کاریکردووە. لە ساڵی ١٩٩٤ وەک کارمەند بەناونیشانی زانا بەشداری ھایدن پلانتاریۆمی کرد و و وەک لێکۆڵەرێکی میوان و وانە بێژ لە زانکۆی پرینستۆن کاری کرد. لە ساڵی ١٩٩٦ بوو بە بەڕێوەبەری پلانتیریۆم و چاودێری پڕۆژەی ٢١٠ میلیۆن دۆلاری دووبارە بنیاتنانەوە دەکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٠ تەواو بوو.

لە ساڵی ١٩٩٥ تاکو ٢٠٠٥ تایسۆن وتاری مانگانەی لە گۆشەی «گەردوونیی» بۆ گۆڤاری (مێژووی سروشت) دەنوسی، کە دواتر ھەندێکیانی لە ھەردوو کتێبی (death by black hole 2007) و (astrophysics for people in a hurry 2017) بڵاوکردەوە. ھەر لەم ماوەیەدا، گۆشەیەکی مانگانەی لە ڕۆژنامەی StarDate دەنووسی، کە تێیدا وەڵامی پرسیارەکانی دەربارەی جیھان دەداوە لە ژێر نازناوی «مارلین».[٢]

چەند بابەتێک لە گۆشەکە لە ھەردوو کتێبەکانی خۆی Marlin’s Tour of the universe (1998) و Just visiting this planet (1998) بڵاو کرانەوە. تایسۆن یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەیەکی حکومی لە ساڵی ٢٠١١ دەربارەی داھاتووی بواری بۆشایی ئاسمانی ئەمریکا، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠٠٤ یش یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی (مانگ و مەریخ و دوورتر).

لە ھەمان ساڵدا مەدالیای تایبەتیی لەبواری خزمەتی کاروباری گشتیلە لایەن ناسای پێبەخشرا. لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١١، بەرنامەی تەلەفزیۆنی NOVA ScienceNow ی لە کەناڵیPBS پێشکەشکرد. لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە، تایسۆن پۆدکاستی ھەفتانەی StarTalk پیشکەشدەکرد. ھەروەھا بەرنامەیەک بەناوی StarTalk لە ناشناڵ جیۆگرافیکدا دەست بە پەخشکردنی کرا لە ٢٠١٥.[٣]

لە ساڵی ٢٠١٤، زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی گەردونی بەناوی کۆسمۆس: A Spacetime Odyssey لە دوای زنجیرەی «کارل ساگان» ی گەردوونی: A Personal Voyage 1980 پێشکەش دەکرد.

سەرەتاکانی ژیانی دەستکاری

تایسۆن لە مانھاتن لە خێزانێک لە دایک بووە کە لە برۆنکس دەژیان و لە نێو سێ منداڵدا دووەم منداڵی خێزانەکەی بووە.[٤]

دایکی ناوی سونچیتا ماریا تایسۆنە و پسپۆر بوو لە نەخۆشی پیری لە وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە و چاودێری کۆمەڵایەتی ئەمریکا کاری دەکرد و، بە ڕەگەز پۆرتۆریکی بوو.

باوکی ئەمریکی بە ڕەگەز ئەفریقی بوو، ناوی سایرل دیگراس تایسۆن (١٩٢٧–٢٠١٦) بوو. زانایەکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسی حکومی سامانە مرۆیییەکانی شارەداری نیۆیۆرک جۆن لیندسای بوو. ھەروەھا یەکەم دەرھێنەری ھەلی بێسنوری ھارلم بۆ گەنجان بوو. تایسۆن خوشکێک و برایەکی ھەبوو بەناوی ستیفن جۆسێف تایسۆن و لین ئەنتیپاس تایسۆن.

تایسۆن ناوی دووەمی دیگرەسە کە ئەویش ناوی داپیرەی (لە لای دایکییەوە) بووە، کە ناوی ئالتیمە دی گراس بووە و لە دورگەی نیفیس لە (بریتیش وێست ئیندی) لە دایک ببوو.

تایسۆن لە گەڕەکی کاسل ھیڵ لە برۆنکس و پاشان لە ڕیڤەردال گەورە بووە. تایسۆن ھەر لە باخچەی ساوایان تاکو ئامادەیی لە قوتابخانەی حکومی لە برۆنکس: پ.س. ٣٦، پ.س. ٨١ و ئەکادیمیایRiverdale Kingsbridge (کە ئەو کات ناوی "پ.س. ١٤١" بوو) و دواتر لە قوتابخانەی برۆنکس بۆ زانست (١٩٧٢–١٩٧٦) خوێندوویەتی. لەوێ سەرپەرشتیاری تاقمێکی زۆرانبازی و سەرنووسەری گۆڤاری زانسی فیزیایی بوو.

حەز و ئارەزووی بۆ گەردوونناسیی لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە دەستی پێکرد دوای ئەوەی سەردانی شانۆگەری ئاسمان (سکای ثیەتەر) ی کرد لە ھایدن پلانتەریۆم. تایسۆن دەگێڕێتەوە کە گوتبووی «ئەو وردەکارییە زۆر بەھێز بوو [ھی تاریکی شەو] و من دڵنیام لەم بابەتە ھیچ ھەڵبژاردەی ترم نەبوو، لە ڕاستیدا گەردوون بانگمی کرد».

لە کاتی خوێندنی لە قوتابخانەی ئامادەییدا، تایسۆن بەشداری چەند کۆرسێکی گەردوونناسیی کرد کە لەلایان ھایدن پلانتاریۆمەوە پێشکەشدەکرا، کە ئەو بە «باشترین قۆناغیبەدەستھێنانی زانیاریی» لە ژیانی ناوبرد. ئەمەشی بۆ ھەوڵەکانی دکتۆر مارک چارتاندی سێیەم گەڕاندەوە کە بەڕێوەبەری پلانتیریۆمی ئەو کاتە بوو، ھەروەک ئەوی وەک «یەکەم نموونەی باڵای ڕۆشنبیریی» خۆی دەزانی. کاریگەریش بوو بە شێوازی وانەوتنەوەی کە جۆرێک لە گاڵتەوگەپی تێکەڵ بە وانەوتنەوە دەکرد، ئەمەش ھانی تایسۆنی دا کە ھەمان شێواز بەکاربێنێ بۆ شیکردنەوەی گەردوون بۆ خەڵکانی تر.[٥]

تایسۆن لە تەمەنی ھەرزەکاریدا پر بە دڵەوەخەریکی خوێندنی گەردوونناسی بوو، ھەروەھا تا ڕاددەیەکی باش ناوبانگی بەدەستھێنا لە نێو کۆمەڵەی گەردوونناسان لە ڕێگای پێشکەشکردنی چەندین وتار دەربارەی ئەم بابەتە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا. گەردوونناس کارل ساگان مامۆستا بوو لە زانکۆی کۆرنێل، ھەوڵی دامەزراندنی تایسۆنی دا بۆ ئەوەی وانە بدانەوە بە قوتابیانی بەکالۆریۆسی زانکۆکە. تایسۆن لە کتێبێکیدا بەناوی «ئاسمان دوا سنوور نییە» نوسیویەتی:

نامەی پێشکەشکردنم بۆ کارکردن دەمێکە پێشکەش کردووە وەک کەسێکی ئارەزوومەند لەبواری گەردووندا. نووسینگەی وەرگرتن کە نازانم کێن نووسراوەکەمیان ناردبوو بۆ کارل ساگان، ئەویش دوای چەند ھەفتەیەک خۆی نامەیەکی بۆم نارد.

تایسۆن دووبارە بیری ئەو ڕۆژەی کردۆتەوە لە یەکەم ئەلقەی Cosmos: A Spacetime odyssey. ساڵنامەیەکی ئەو گەردوونناسە بەناوبانگەی دەرھێنا بۆ ساڵی ١٩٧٥، ئەو ڕۆژەیبیر کەوتەوە کە تێیدا ساگان تایسۆنی لە تەمەنی ١٧ ساڵانی بانگھێشت کردبوو بۆ ئەوەی ڕۆژێکی لەگەل بەسەر ببات لە ئیثاکە. ساگان داوای کرد کە ئەو شەوە لەوێ بمێنێتەوە ئەگەر پاسەکەی نەھاتە دوای بۆ ئەوەی بیباتەوە بۆ برۆنکس. تایسۆن وتی من لەم کاتەدا دەمزانی کە دەمەوێ ببم بە زانایەک، بەڵام ئەم ئێوارەیە لە کارلەوە فێربووم کە بەڕاستی دەمەوێ ببمە چ جۆرە کەسێک.[٦]

تایسۆن بڕیاریدا بجێتە کۆلێژی ھارڤەردو لەوێ پسپۆری فیزیای ھەڵبژارد و ئەو ماوەیەش لە کورییەر ھاوس دەژیا. ھەروەھا لە ساڵی یەکەمی خوێندنی زانکۆدا بووە ئەندامی وەرزشی زانکۆ، بەڵام دواتر گەڕایەوە سەر زۆرانبازی و لە ساڵی کۆتاییشدا دەستی دایە نامە نووسین. ھەروەھا چاڵاک بوو لە بواری دانسی جاز و بالێ و دانسی ئەفریقی و باڵڕومی لاتینی.

تایسۆن بکەلۆریۆسی لە فیزیا وەرگرت لە کۆلێژی ھارڤەرد لە ساڵی ١٩٨٠و پاشان دەستی بە خوێندنی باڵا کرد لە زانکۆی تێکساس لە ئۆستن و لەوێش ماستەری بەدەست ھێنا لە گەردوونناسی لە ساڵی ١٩٨٣. بە گوێرەی قسەکانی خۆی ئەو بەپێی پێوست کاتی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاقیکە تەرخان نەدەکرد. مامۆستاکانی ھانی تایسۆنیان دەدا بۆ ئەوەی بیر لە پیشەیەکی تری جێگرەوە بکاتەوەو دواتر ئەو لێژنەیەی بۆ تاوتوێکردنی نامەی دکتۆراکەی پێکھێنرابوو ھەڵوەشێنرایەوە، بەمەش ھەوڵەکانی بۆ بەدەستھێنانی دکتۆرا لە زانکۆی تێکساس کۆتاییان ھات.

تایسۆن لە ساڵی ١٩٨٦ تاکو ساڵی ١٩٨٧ وانەی گەردوونناسی دەوتەوە لەزانکۆی ماریلاند. ھەروەھا لە ساڵی ١٩٨٨ لە پرۆگرامی خوێندنی باڵای گەردوونناسی لە زانکۆی کۆلۆمبیا وەرگیرا کە تێیدا بڕوانامەی (ئێم فیڵ)ی بەدەست ھێنا لە زانستی فیزیای گەردوونناسیی لە ساڵی ١٩٨٩و، پاشان دکتۆراشی بەدەست ھێنا لە ھەمان بەشدا لە ساڵی ١٩٩١ بە سەرپەرشتیاری پڕۆفیسۆر ڕ. مایکل ڕیچ.

ڕیتچ بڕە پارەیەکی لەNASA و ڕێکخراوی ARCS وەرگرت بۆ پشتگیری کردنی لێکۆڵینەوەکانی دکتۆرای تایسۆن کە وای لە تایسۆن کرد بەشداری چەند کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی بکات لە ئیتاڵیا، سویسرا، چیلی و باشوری ئەفریقیا، ھەروەھا بەم ھاوکارییە دارایییە چەند قوتابییەکی دامەزراند بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە ڕێکخستنی داتاکان.

لە میانەی کارکردنی لە تێزی دکتۆراکەیدا، تێبینی بەکارھێنانی تەلەسکۆبی ٠٫٩١ ی کرد لە ڕوانگەی ئەمریکی سێرۆ تۆلۆلۆ لە چیلی کە تێیدا نمونەی ڕیوپێوی کالان/ تۆلۆلۆ((Calán/Tololo ی دۆزییەوە کە یارمەتیدەر بوو بۆ دروست کردنی جۆرە مۆمێکی ستاندەردی سوپەر نۆڤا.[٧]

لەو ماوەیەی کە خەریکی لێکۆڵینەوە بوو بۆ تێزەکەی لە زانکۆی کۆڵۆمبیا، تایسۆن لە نزیکەوە دەیڤەد سپێرگالی ناسی کە پرۆفیسۆر بوو لە زانکۆی پرینسیتۆن کە ئەوکات بە سەردان ھاتبووە زانکۆی کۆلۆمبیا بە مەبەستی کارکردن بە ھاوبەشی لەگەڵ سەرپەرشتیاری تێزەکەی لەسەر بابەتی گەلە ئەستێرە کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە گەلە ئەستێرەی پێچخواردوو دا دەبینرێ.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "Cosmos – A Spacetime Odyssey". Fox. Retrieved October 25, 2014. {{cite web}}: Unknown parameter |بەستەری شکاو= ignored (help); Unknown parameter |ناونیشانی ئەرشیڤ= ignored (help); Unknown parameter |ڕێکەوتی ئەرشیڤ= ignored (help) ١٠ی ئایاری ٢٠٢٠ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Neil deGrasse Tyson to Receive Public Welfare Medal – Academy's Most Prestigious Award". National Academy of Sciences. February 26, 2015. Archived from the original on March 1, 2015. Retrieved December 4, 2018.
  3. ^ Farmer, Vernon L.; Shepherd-Wynn, Evelyn (2012). Voices of Historical and Contemporary Black American Pioneers. New York City: ABC-CLIO. p. 304. ISBN 978-0-313-39224-5.
  4. ^ SiriusXM (March 6, 2014). "Opie & Anthony: Neil deGrasse Tyson Neil deGrasse Tyson ft. Rich Vos & Bob Kelly". YouTube. Retrieved March 6, 2014.
  5. ^ Tyson, Neil deGrasse (2004). The Sky Is Not the Limit: Adventures of an Urban Astrophysicist. Amherst, New York: Prometheus Books. p. 43. ISBN 978-1-59102-188-9.
  6. ^ "Black News and News Makers in History: Dr. Neil deGrasse Tyson". The Pasadena/San Gabriel Valley Journal. Pasadena, California: Digital First Media. September 28, 2010. Archived from the original on December 13, 2013. Retrieved October 9, 2013. ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  7. ^ Lira, P.; et al. (1998). "Optical light curves of the Type IA supernovae SN 1990N and 1991T". The Astronomical Journal. 115 (1): 234. arXiv:astro-ph/9709262. Bibcode:1998AJ....115..234L. doi:10.1086/300175.