ناسر ئاغابرا ناسراو بە ژاکاو (لەدایکبووی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦٨ لە مەهاباد – مردووی ٥ی نیسانی ٢٠٢٠ لە مەهاباد) شاعیر و نووسەرێکی کوردی سەدەی بیست و بیست و یەک بوو. ئەم شاعیرە ھۆنراوەی قافیەدار و نوێی کوردیی لێ بە جێ ماوە. ناسر ئاغابرا ھەر لە مناڵییەوە بەھۆی نەخۆشییەکەوە چاوی لە دەست دابوو.

ناسر ئاغابرا

لەدایکبوون١١ی ئەیلوولی ١٩٦٨
ئاوایی بەردەڕەشان، مەھاباد
مەرگ٥ی نیسانی ٢٠٢٠
مەھاباد
ھۆکاری مەرگوەستانی دڵ
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر، نووسەر
مناڵ(ەکان)٢

ژیان دەستکاری

ناسر ئاغابرا لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦٨ (٢٠ی خەرمانانی ١٣٤٧ ھەتاوی) لە ئاوایی بەردەڕەشانی سەر بە شاری مەھاباد لەناو بنەماڵەیەکی وەرزێڕدا لە دایک بوو. تا سێ ساڵەیی ژیانێکی ئاسایی ھەبوو، بەڵام لەو تەمەنەدا بەھۆی نەخۆشیی سوورێژە چاوەکانی لە دەست دا. خۆی دەڵێ: "خووم بە دنیای تاریکەوە گرت بەڵام ڕووناکاییم لەبیر نەبردەوە بەڵکو ئەوم بە وڵاتێک دەزانی و پێم وابوو بەجێم هێشتووە". تا پۆلی پێنجی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئاوایی دەرسی خوێند. دوای تەواو کردنی قۆناغی سەرەتایی بۆ درێژەی خوێندن چوو شاری مەھاباد و لە قوتابخانەیەکی ئاسایی نێونووسی کرد بەڵام مامۆستایەکی تایبەتیشی ھەبوو تاوەکوو بتوانێت وانەکانی بیرکاری، عەرەبی و ئینگلیزی بە خەتی نابینایان بخوێنێت. لە سەرەتای قۆتاغی دواناوەندی بەشداری کێبەرکێی شیعر وتنی کرد کە لە نێوان قۆتابخانەکانی ئێراندا بەڕێوە دەچوو و پلەی یەکەمی وەدەست هێنا. ساڵی ١٩٩١ لە بواری ئابووری کۆمەڵایەتیدا دیپلۆمی وەرگرت. ئاغابرا بەکالۆریۆسی زمان و ئەدەبیانی فارسی لە زانستگای ئازادی ئیسلامیی لقی مەهاباد تەواو کرد. ساڵی ١٩٩٦ ژیانی هاوسەرگیری پێک هێنا و لە گەڕەکی سارم بەگ نیشتەجێ بوون و بوو بە خاوەنی کچێک و کوڕێک. شاعیری ڕووناک دڵ، ناسر ئاغابرا لە ٥ی نیسانی ٢٠٢٠ (١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی) لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بەهۆی وەستانی دڵ لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد و لە شوێنی ناشتنی شاعیران و ئەدەبیانی ئەم شارە بە خاک ئەسپێردرا.[١][٢]

شیعر دەستکاری

ناسر ئاغابرا لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییەوە‌ دەستی بە وتنی شیعری فارسی کرد. شیعرەکانی لە گۆڤاری (دانیش ئامووز‌) کە گۆڤارێکی سەر بە بەڕێوەبەری فێرکاری و بارهێنانی شاری مەهاباد بوو، بە وێنەی خۆیەوە لە چاپ دەدران. ساڵی ١٩٨٥ بە یارمەتی مامۆستا هێمن بۆ یەکەم جار شیعرەکانی لە گۆڤاری سروەدا بڵاو بوونەوە.[٣] لە سەرەتادا شیعرەکانی باسی سروشت و جوانییان دەکرد بۆیە بە شاعرێکی ڕۆمانتیسم دەناسرا بەڵام دواتر ناوەرۆکی شیعرەکانی بۆ لای ئەدەبی بەرگری گۆڕدران و بە شاعرێکی بەرگریخواز ناوبانگی دەرکرد.[٤] (قەندیل)[٥] نموونەیەک لەو شیعرانەیە. ناسر ئاغابرا ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبی شاری مەهاباد، توێژەر، مامۆستای زانستگای پەیامی نووری مەهاباد و هاوکاری گۆڤارە و ڕۆژنامەکانی سروە، سیروان، مەهاباد، ئامانج و دەنگی لادێ بوو. سەرەڕای ئەمانەش وەک شاعیر و نووسەرێک ساڵانێکی زۆر لەگەڵ دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد کاری دەکرد.[٦]

بەرهەمەکان[٧] دەستکاری

ئاغابرا دوو کتێبە شیعری بڵاو بوونەتەوە:

  • کەژاوەی دڵ
  • تریفەی ئاوات

هەروەها بەرهەمێکی تری ئامادەی چاپە:

  • کۆلارە

نموونەی شیعر[٨] دەستکاری

نموونە ھۆنراوەیەکی ناسر ئاغابرا کە ناسر ڕەزازی و مەرزیە فەریقی بە گۆرانی وتوویانە:

ھەرکاتێ دەکەومە بیری ئاواتی ڕۆژانی جوانی
بۆ ساڕێژی زامەکانم بە تەنیا دێمە سەر کانی
زووخاوی دڵ ھەڵدەڕێژم بۆ وردە شەپۆلەکانی
ئەو بەستەیەی بۆ دەخوێنم بە لاوک یا بە گۆرانی:
کانی کانی
تۆ جێژوانی پەرییەکانی
تۆ ئاوێنەی ئاسمانی
خوێنی جەرگی چیا سەخت و بەرزەکانی
خۆزگە ئەوەی من دەیزانم، تۆش بیزانی.
کانی کانی
تۆ ئەسرینی ھەورەکانی
دەزانی بۆ خۆشم دەوێی؟
شاعیرکوژێک وەک تۆ دەچێ چاوەکانی.
دەزانی بۆ زۆر دێمە لات؟
چون لە لای تۆ بەجێ ماون جێ پێکانی.
کانی کانی
تۆ شاھیدی پشکووتنی ئەوینێکی ئاسمانی
قاتڵی من لە تۆیدا شوشت پەنجەکانی
خوێنی دڵم تکاوە نێو ئاوی کانی
بە دەم بزەی ئەوینەوە دەمردم و نەمدەزانی.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ کورتەیەک لە ژیانی ناسر ئاغابرا، هاژە، ٥ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  2. ^ ناسر ئاغابرا، کوردیپێدیا
  3. ^ ناسر ئاغابرا، دادگەرانی کورد، ٢ی ئایاری ٢٠١٤ بڵاو کراوەتەوە.
  4. ^ ناسر ئاغابرا ؛ هەڵبەستوانی خاوەن هەست و خودان هەڵوێست، ئەحمەد ئەحمەدیان، هاژە، ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  5. ^ قەندیل/ ناسر ئاغا برا، ڕۆژپڕێس
  6. ^ شاعیره ناسک خەیاڵەکەی مەهاباد گوڵی ژیانی ژاکا، سەحەر تیڤی، ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  7. ^ شاعیری ناوداری كوردستان (ناسر ئاغابرا) کۆچی دوايی کرد[بەستەری مردوو]، کوردستان تیڤی، ٦ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە.
  8. ^ کەژاوەی دڵ، ١٣٧٧