مێژووی ئیندۆنیزیا باسکردنە لە مێژووی وڵاتی ئیندۆنیزیا بە مەبەستی ئاشنا بوونی نەوەکانی ئەم سەردەمە بە ڕابردووی ئەم وڵاتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھەزاران ساڵ پێش ئیستا وەک ھەر وڵاتێکی دیکە ڕووبەرووی داگیرکاری و جەنگ و شەڕ بووەتەوە بە تایبەت کاتێک ئەورووپییەکان دەستیان کرد بە داگیرکاری ئەم ناوچەیە پێگەیەکی گرینگی بازرگانی بوو بۆیان بە تایبەت دوای ئەوەی بەریتانییەکان ھاتنە ناوییەوە. بەھۆی بازرگانییەوە ئەم وڵاتە ئاشنایی بە ئاینی ئیسلام پەیدا کرد

سەردەمی کۆن

دەستکاری
 
یەکەم سەردانی ئەورووپییەکان بۆ ئیندۆنیزیا

لە زۆربەی مێژووەکەیدا، ئەو ناوچەیەی ئێستا بە ئیندۆنیزیا ناسراوە لە چەند ویلایەتێک پێکھاتووە ھەندێکیان گەورە و ھەندێکیان بچوک، و لە ڕابردوودا ناوچەکە ناسرابوو بە دوورگەکانی ھیندی ڕۆژھەڵاتی، و ئەو بەشەی کە ئێستا بە ئیندۆنیزیا ناسراوە ناودەبرا بە دوورگەی ھیندی ھۆڵەندی، و ناوی ئیندۆنیزیا بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٥٠ز بەکارھات، و نەتەوەی ئیندۆنیزی نوێ پێک نەھات تا چلەکانی سەدەس بیست، دوای ئەوە دانیشتوانەکانی خۆیان ناونا ئیندۆنیزییەکان.

زاناکان زۆر لە بارەی نەژادی ئیندۆنیزییەکان نازانن، لە دوورگەی جاوە، ئێسک دۆزرانەوە کە ئەگەڕێنەوە بۆ جۆرێکی دێرینی مرۆڤ لە پێش مێژوودائەمەش لە ساڵی ١٨٩١دا بوو، پاشان پەیکەری مرۆڤ دۆزرایەوە کە مێژووەکەی ئەگەڕایەوە بۆ پێش نیو میلیۆن ساڵ و ئەم پەیکەرەش بە مرۆڤی جاوە ناسراوە، و زاناکان ھیچ بەلگەیەکیان نەدۆزیووەتەوە کە مرۆڤی جاوە ئەسڵی ئیندۆنیزییەکان بن.

مەلایۆیییەکان کە زۆربەی باپیرەکانی ئیندۆنیزییەکان پێک دەھێنن لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیاوە ھاتوون، لە کۆمەڵێک کۆچکردندا لە ساڵەکانی ٢٥٠٠ تا ٢٠٠ی پێش زایینی، ئەو مەلایۆییانە لە گوندێکدا ژیان و فێری پیشەسازییەکانی بڕۆنز و ئاسن و چنیین و دروستکردنی کەشتی بوون.

سەردەمی ناوەڕاست و نوێ

دەستکاری

مێژوونووسەکان چەند ئاماژەیەکیان دۆزیوەتەوە کە دەسەڵاتی ھیندی ئەگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی پێنجی زایینی لە ئیندۆنیزیا، ھەرچەند پێش ئەوە دەسەڵاتیان پەرەی سەند پێش سەدان ساڵ، موستەعمەریان دانەمەزراند تێیدا بەڵکو ھەندێک لە دیاردە شارستانییە ھیندییەکان چوونە ئیندۆنیزیاوە لە ڕێگەی بازرگانییەوە. ئەو مامەلیکانەی لە جاوە و سومتەڕە (دووانن لە دوورگەکانی ئیندۆنیزیا) دروستبوون لە ژێر دەسەڵاتی ھیندییدا ڕکەبەرییان ئەکرد نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ، لە سەدەی ھەشتی زایینی شانشینی ھیندۆنووسی لە ناوەندی جاوە پێک ھات ناودەبرا بە ماتارام و سانجایا حوکمی ئەکرد و لە ھەمان کاتدا خێزانێکی بوزی بە شیلندرا ناسرابوون حوکمی شاخەکانیان ئەکرد و لە ساڵی ٨٥٠ ئەم دوو دەسەلاتە یەکیان گرت لە ڕێگەی ھاوسەرگیرییەوە. بازرگانی پیشکەوت لە دوورگەکان مالایۆ بە ھۆی ھیند و عەرەب و فارس و چینییەکان کە شتو مەکەکانیان ئەفرؤشت لە کەنارەکانی ئاسیادا و ئەم بازرگانییە لە چینەوە درێژدەبووبەوە بۆ نیمچەدوورگەی عەرەبی.

ھاتنی ئیسلام

دەستکاری
 
کاریگەری ئیسلام گەیشتە ئێندۆنیزیا لە کۆتایی سەدەی سیانزەی زایینی و وردە وردە بڵاوبوویەوە تا ئێستا زیاتر %٨٥ی دانیشتوانی موسڵمانن

ئیسلام گەیشتە ئیندۆنیزیا لە ڕێگەی بازرگانە موسڵمانەکانی ھیند و دوورگەی عەرەبییەوە، و وردە وردە ئیسلام لە ناویاندا بڵاوبویەوە، لە کۆتایییەکانی سەدەی سیانزەی زایینی حاکمە ناوخۆیییەکانی ئیندۆنیز موسڵمان بوون. پاشان بە ھێواشی ئیسلام بڵاوبوویەوە لە ھەموو دوورگەکانی ئیندۆنیزیادا، و ھەتا ئێستا بڵاوبوونەوەی بەردەوامە و ڕێژەی موسڵمانان تێیدا لە ئێستادا ئەگاتە زیاتر %٨٥.

ئیستعماری وڵاتە ئەورووپییەکان

دەستکاری

بازرگانە ئەورووپییەکان گەیشتنە دوورگەکانی ھیندی ڕۆژھەڵاتی لە سەرەتای سەدەی شانزەوە، و پێش ئەوە ھەندێک گەشتیار نەبێت ئەورووپییەکان سەردانیان نەکردبوون، پورتوگالییەکان لە نیو ئەورووپادا بۆ یەکەم جار پەیوەندییان دامەزراند لەگەڵ ئیندۆنیزیا. لەبەرئەوەی موسڵمانەکان دەستیان بەسەر زۆربەی بازرگانییەکانی کەنارەکاندا گرتبوو پرتوگالییەکان بەشەڕ ئەھاتن لەگەڵیان لەبەرئەوەی ئیسلامیان بە دوژمنی مەسیحییەت دائەنا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئیسلام زیاتر پەرەی ئەسەند و پورتوگال تەنھا یەک موستەعمەرەیان مایەوە تا ساڵی ١٩٧٥.

کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵاتی بەریتانی

دەستکاری

ساڵی ١٦٠٠ کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵاتی بەریتانی دامەزرا و ساڵی ١٦٠٢ لە شارەکانی ھۆڵەندادا کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵاتی ھۆڵەندی دامەزرا، و ئەم دوو کۆمپانیا ھۆڵەندی و بەریتانییە بوو بە ناکۆکییان لەسەر دەستگرتن بەسەر بازرگانی دوورگەکانی ھیندی ڕۆژھەڵاتی. گەیشتنی ئەورووپییەکان کاریگەری زۆری ھەبوو لە میژووی ئیندۆنیزییادا، ھۆڵەندییەکان بە کەشتیگەلی گەورەوە ھاتن و فەرمانڕەوا ناوخۆیییەکانیان مل کەچ کرد تا بازرگانیان لەگەڵدا ببەستن بە پێی مەرجی خۆیان.

لە ماوەی سەدەی حەڤدەدا ھۆڵەندییەکان دەسەڵاتیان گرت بەسەر ڕۆژھەڵاتی ئیندۆنیزیادا، کەوتنە ناکۆکی لەگەڵ شانشینی ماتارامی موسڵمان و ساڵی ١٦٧٤ ھۆڵەندییەکان ھەندێک ناوچەی ماتارام و جاوەیان وەرگرت لە بەرامبەر ئەوەی یارمەتی شا بدەن لە ڕووبەڕووبونەوەی یاخی بووەکاندا.

کۆمپانیای ھیندی ڕۆژھەڵاتی ھۆڵەندی داڕما لە ماوەی پێکدادانەکانی میژووی ئەورووپیدا، لە ماوەی ١٨٠٢ تا ١٨١٥ شەڕی ناپلیۆن ھەڵگیرسا بوو، فەڕەنسا دەستی گرت بەسەر ھۆڵەندا و بەریتانیا لە شەڕدا بوو لەگەل فەڕەنسا، و بەریتانیا دەستی گرت بەسەر ھیندی ڕۆژھەڵاتی ھۆڵەندی، و سالی ١٨١٦ جارێکی تر ھۆڵەندا دەستی گرت بەسەر جاوەدا و شێوازی نوێی بەکارھێنا لە کشتوکاڵ و باجداناندا.

سەردەمی ھاوچەرخ

دەستکاری

وەرگرتنی سەربەخۆیی

دەستکاری

لەبەرئەوەی ئیندۆنیزییەکان یەکگرتوو نەبوون لە بەرامبەر ھۆڵەندییەکان یەک لە دوای یەک دوورگەکانی ئەکەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیستیعماری ھۆڵەندی. خوێنەوارە ئیندۆنیزییەکان دەستیان کرد بەوەی لە خۆیان بپرسن بۆ لە ژێر ئیستیعماری ھۆڵەندادا بژین، و ئەو ھەستەیان تیا دروستبوو کە پێویستە ھۆڵەندا دەرکەن و سەربەخۆیی بە دەست بھێنن، وەک نەتەوەکانی تر، ڕیکخراوە نیشتیمانییەکان دەستیان بە دامەزراندن کرد لە ھیندی ڕۆژھەڵاتی لە سەرەتای سەدەی بیستدا و ھەموویان داوای سەربەخۆیی تەواویان ئەکرد؛ و ھەندێکیان داوای بەشداری ئیندۆنیزییەکانیان ئەکرد لە دەسەڵاتدا.

ھۆڵەندا ڕێگەی دا بە گەشەکردنی بزوتنەوە نیشتیمانییەکان، نەتەوەیییە ئیندۆنیزییەکان دەوڵەتێکیان ڕاگەیاند کە ھەموو زمانی ئیندۆنیزی یەک بخات، لە کۆنگرەیەکدا کە ساڵی ١٩٢٨ لە جاکارتا بەستیان، سوکارنۆ وەک دیارترین سەرکردە نەتەوەیییەکان دەرکەوت، ھۆڵەندییەکان گرتیان ساڵی ١٩٢٩ و ساڵی ١٩٣١ ئازادیان کرد و ساڵی ١٩٣٣ جارێکی تر دەستگیریان کردەوە لەگەڵ محەممەد حاتا.

ژاپۆن ئیندۆنیزیای داگیرکرد ساڵی ١٩٤٢، دەسەڵاتی گرنگیان دا بە ئیندۆنیزییەکان و ھۆڵەندییەکانیان لێ ئەبوارد، ھەروەھا ژاپۆنییەکان ھەندێک دان پێدانانیان دابوو بە سەرکردە نەتەوەیییەکان تا زیاتر قبوڵ بکرێن، سوکارنۆ سوودی لەم فرسەتە وەرگرت تا لەگەڵ سوپای ژاپۆنییدا لە دژی ئیستیعمار بجەنگن، لە ١٤ی ئابی ١٩٤٥ ژاپۆن خۆی دا بە دەستی ھاوپەیمانانەوە، لە ١٧ی ئابی ھەمان ساڵدا سوکارنۆ و حاتا کۆماری ئیندۆنیزیای سەربەخۆییان ڕاگەیاند، بەڵام ھۆڵەندییەکان دانیان نەنا بەم ڕاگەیاندنە.

 
سوکارنۆ یەکەم سەرۆکی ئێندۆنیزیا

دوای خۆبەدەستەوادانی ژاپۆن ھێزە بەریتانییەکان گەیشتنە ئیندۆنیزیا، و بینییان حکومەتی نەتەوەییان پێک ھێناوە، کاتێک ھۆڵەندییەکان گەڕانەوە، ھێزە بەریتانییەکان ئیندۆنیزیایان بە جێھێشت لە کۆتایی ١٩٤٦دا کاتێک ھۆڵەندی و ئیندۆنیزییەکان ململانێیان بوو لەسەر دەسەڵات.

شەڕی سەربەخۆۆی لە ماوەی سێ ساڵی دواتردا ھەوڵێکی بێووچانی بە خۆوە بینی و لە سالی ١٩٤٦ ھۆڵەندی و ئیندۆنیزییەکان گەیشتنە ڕێکەوتنێک کە سەربەخۆیییەکی سنورداری ئەدا بە ئیندۆنیزییەکان لە چوارچێوەی یەکێتی ھۆڵەندی، و لە کانوونی یەکەمی ١٩٤٩ کۆماری ئێندۆنیزیای فیدڕالی لە دایکبوو، سەرۆکی یەکەمی سوکارنۆ بوو و سەرۆک وەزیران محەممەد حەتا بوو.

ئیندۆنیزیا بوو بە ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٥٠، بەمەش دانپیانانی نێودەوڵەتی بە دەستھێنا. سەرەتا حکومەت لە ژێر دەستووری یەکێتی ھۆڵەندادا ئیشی ئەکرد، فەرمانڕەواکانی ئیندۆنیزیا لە ئابی ١٩٥٠ دەستووریان گۆڕی و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ١٩٥٥ز پاڵێوراوەکانی نزیکەی ٣٠ پارت بەشدارییان تێداکرد و ئەمەش تاکە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بوو لە سەردەمی سوکارنۆ.

کاتێک مالیزیا پێک ھات ساڵی ١٩٦٣، ئیندۆنیزیا ناکۆک بوو لەگەڵی لەسەر ھەردوو دوورگەی سرواک و سەباح کە بە دوورگەی ئیندۆنیزییان دادەنان، و سوپایان نارد بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام ئەم ھەوڵە شکستی ھێنا لەبەر پاڵپشتیکردنی سەربازی بەریتانیا بۆ مالیزیا، و ئێندۆنیزیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە ساڵی ١٩٦٥ لەسەر ھەڵبژاردنی مالیزیا بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی.

ساڵی ١٩٦٥ سوھارتۆ بوو بە سەرۆکی سوپا بە بی ویستی سوکارنۆ دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر ھەوڵێکی کودەتادا ھەندێک لە ئەفسەرە شیوعییەکان سەرکردایەتییان ئەکرد، لە دوای ئەوە ھێزی ڕاستی بە دەست سوھارتۆ بوو، لە ساڵی ١٩٦٦ ویستیان ناکۆکی لەگەڵ مالیزیا کۆتایی پێ بھێنن و ئەندامێتییان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێننەوە، لە ئازاری ١٩٦٧دا سوکارنۆ ناچارکرا دەسەڵات بداتە دەست سوھارتۆ.

 
محەممەد سووھارتۆ دووھەمین سەرۆک کۆماری ئیندۆنیزیا ١٩٦٧ ھەتا ١٩٩٨ بۆ ماوەی ٣١ ساڵ

لە سالی ١٩٩٨ ئەزمەیەکی ئابووری وڵاتی گرتەوە، پەرلەمان جارێکی تر سوھارتۆی ھەڵبژاردەوە بەڵام لە ٢٠ی ئایاری ھەمان ساڵدا پارتی فەرمانڕەوا ڕایگەیاند ئەیەوێت سوھارتۆ لاببات.

سەرچاوەکان

دەستکاری

إندونیسیا الماضی والحاضر لە ماڵپەڕی جەزیرە (ئەرشیف٢٠٠٤) عەرەبی