مستەفا نەریمان :(١٩٢٥-١٩٩٤) نووسەر ، چالاكی سیاسی ، مامۆستا ، ١٩٥٧ یەکەم ڕۆژژمێری کوردیی لەچاپ داوە. یەکەمین کەس بووە بیبلیۆگرافیای بۆ کتێبی کورد سازکردووە. لە نەتەوەی كورد بووە.

مستەفا نەریمان

سەرەتای ژیان و خوێندنی دەستکاری

مستەفا کوڕی سەیید ئەحمەد کوڕی شێخ ئەحمەد و دەچێتەوە سەر پیرخدری شاھۆ. ١٩٢٥ لە کفری لەدایک بووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لەوێ و خانەی مامۆستایانی سەرەتاییی (١٩٤١-١٩٤٤) لە بەغدا تەواوکردووە. لە ١٩٤٤ بەدواوە مامۆستایەتیی کردووە و سەرەتا لە کەلار دامەزراوە و نزیکەی چل ساڵ لەو وەزیفەیەدا ماوەتەوە.[١][٢]

چالاكی سیاسی دەستکاری

ئەو ماوەیە لەبەر چالاکیی نیشتمانیی چەند جارێک گیراوە و خراوەتە زیندان و لە وەزیفە دەرکراوە. ١٩٤٢ چووەتە ناو حیزبی (ھیوا). ١٩٤٦ بووەتە ئەندامی (پارتی دیموکراتی کورد). ١٩٤٨ وەزیفەکەیی بردووەتە کەرکووک و تا ١٩٦١ لێی ماوەتەوە. ١٩٦١ گیراوە و پاش چەند مانگێک زیندان لە گرتووخانەی جەلەولا، ئازادکراوە و دوورخراوەتەوە بۆ شاری کووت. ١٩٦٣ دیسان لەبەر چالاکی نوواندن، گیراوە و چەند مانگێکی دیکە خراوەتە زیندان. نیسانی ١٩٦٦یش گیراوەتەوە و براوەتە بەندیخانەی ڕومادی و تا تەمووزی ئەو ساڵە ماوەتەوە. کە ئازادکراوە، بە ماڵەوە ھاتووەتە بەغدا و جێگیر بووە.[١][٢]

کۆنگرەی مامۆستایانی کوردی دەستکاری

١٩٦٧ ھێنراوەتەوە سەر وەزیفەی مامۆستایی و بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانە. ١٩٧٠ کراوە بە سەرپەرشتی پەروەردەیی تا ١٩٨٢ کە خانەنشین بووە. ساڵانی ١٩٥٩ و ١٩٦٠ بەشداریی ھەردوو کۆنگرەی مامۆستایانی کوردی کردووە.[١][٢]

كۆچی دوایی دەستکاری

بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینیی ڕێکەوتی ٢٧/٥/١٩٩٤ کۆچی دواییی کردووە.[١][٢]

بەرھەمەکانی دەستکاری

لە ١٩٤٣وە دەستی داوەتە نووسین. ٢٠ کتێبی خۆی لەچاپ داوە و ھاوبەشیی وەرگێڕان و دانانی ٢٠ کتێبی قوتابخانەی کردووە. ١٩٥٧ یەکەم ڕۆژژمێری کوردیی لەچاپ داوە. یەکەمین کەس بووە بیبلیۆگرافیای بۆ کتێبی کورد سازکردووە. ماوەیەک سەرۆکی نووسینی گۆڤاری "بەیان" و ئەم دوایییەیش ھیی (٢٥) ژمارەی گۆڤاری "ڕەنگین" بووە. نووسینی لە (گەلاوێژ، دەنگی گێتیی تازە، ڕۆژی نوێ، ھاوکاری، ڕۆشنبیری نوێ، بەیان، ڕەنگین) بڵاوبووەتەوە.[١][٢]

بەرھەمەکانی:[١][٢]

ئەلبوومی وێنەكانی دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب پ ت ج گۆڤاری گەلاوێژ (بەرگی یازدەهەم / بەشی یەكەم ) ژیاننامە و پێڕست ، ئامادەكردنی ( سدیق ساڵح ، ڕەفیق ساڵح ، عبدوڵڵا زەنگەنە ) لە بڵاوكراوەكانی بنكەی ژین بۆ بووژاندنەوەی كەلەپووری و بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەوانیی كوردی .ل8188-8190
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج مستەفا نەریمان، فەرھەنگی ئەدیبان و نووسەرانی کورد، ل١٣٧.