ماھیر ڕبحی عوبێد (ئەبو عەمر) (لەدایکبووی عەممان، ١٩٥٨)، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی (حەماس).

لەدایکبوون

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٥٨ لە عەممان پایتەختی ئوردن لەدایکبووە، و لە شاری حەبرۆن لە فەلەستین گەورە بووە، لەوێ ھەر سێ ئاستی لە قوتابخانە خوێندووە، تا قۆناغی ئامادەیی. لە قوتابخانەکانی شارەکە و لە تیپی یەکێتی پیشەگەرەکان یاری تۆپی پێی کردووە، دواتر پەیوەندی بە یانەی ئەھلییەوە کردووە. ئەو لەو قۆناغەدا خولیای خوێندنەوەی کتێب و خەریکی گفتوگۆی کولتووری و سیاسیبووە، لە سەرەتای ژیانیدا خۆی بە کاری مزگەوتەوە پابەند کردووە. سەرقاڵی پرسەکانی گەل و نەتەوەکەی بووە، ھەروەھا ئاشنای بزووتنەوە ئیسلامییە چالاکەکان بووە لەو سەردەمەدا، بەو پێیەی لە کۆتایی خوێندنی ناوەندی لە ساڵی ١٩٧٤ بوو بە ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی.

خوێندن

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٧٧ خوێندنی ناوەندی لە قوتابخانەی تاریق بن زیاد تەواو کردووە. پاشان پەیوەندی بە فاکەڵتی شەریعەتەوە کردووە لە زانکۆی ئوردن، لەوێ خوێندنی بەکالۆریۆسی لە ساڵی ١٩٨١ تەواو کردووە. پاشان دوای پشوویەک بەردەوام بوو لە خوێندنی باڵا، بڕوانامەی ماستەر لە گەشەپێدان و بنیاتنانی دامەزراوەکان لە زانکۆی قودس لە ساڵی ٢٠٠٩ بەدەستھێنا.

ژیانی تایبەتی

دەستکاری

خێزاندارە و خاوەنی پێنج کوڕ و دوو کچە و ھێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی دەستگیرکردووە.

سیاسەت

دەستکاری

لە قودس ژیاوە و وەک مامۆستای پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانە ناوەندییەکانی قودس کە سەر بە ئەوقافی ئیسلامیبوون لە ساڵی ١٩٨١ تا ٢٠٠٠ کاری کردووە. لە شاری قودس بەشداری لە کارە سیاسی و نەتەوەیییەکان کردووە و لە ڕووداوە گرنگەکانیدا ژیاوە و سەرکردەکانی چالاکیی ئیسلامی و نەتەوەیی لە فەلەستین ناسیوە و بانگخواز و وتاربێژ بووە و یەکێک بووە لە پێشەنگەکانی ڕابوونی ئیسلامی.

پاشان وەک بەڕێوەبەری پەروەردە لە کۆمەڵەی گەنجانی موسڵمان - ھێبرۆن کاری کردووە، پاشان بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی شەرعی، پاشان بەڕێوەبەری ماڵی قورئانی پیرۆز لە کۆمەڵەی خێرخوازی ئیسلامی.

پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی حەماس لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ئێستا.

دەستگیرکردن

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٨٩ەوە چەندین جار دەستگیرکراوە، ھێزەکانی داگیرکەر لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ ٤١٥ سەرکردەی بزووتنەوەی حەماس و جیھادی ئیسلامی ڕەوانەی مەرەج زھوریان کردووە لە باشووری لوبنان.

بەتۆمەتی «مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات و ھاووڵاتیان» و بەھۆی بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینی یەکەم و دووەم و چالاکی لە کاری سیاسی و داکۆکی و سەندیکاکاندا، چەندین جار لە ڕووی ئیدارییەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێک دەستبەسەر کرا.

بەشداری لە دامەزراندنی یەکێتی کرێکاران لە قوتابخانەکانی شاری قودس و ئەندامێتی لە کۆمەڵێک کۆمەڵە و یانە و ئۆرگانەکاندا کردووە، دیارترینیان بەشداری کردووە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی زانایانی فەلەستین و ئەندامێتی لە دەستەی کارگێڕیدا.

چەندین جار بۆ ئەنجومەنی شورای زیندانیان لە زیندانی نەقەب ھەڵبژێردراوە، ھەروەھا ئەندامی فەرمانگەی کارگێڕی بۆ زیندانیانی حەماس لە زیندانی بیابانی نەقەب بووە.

سەرچاوەکان

دەستکاری