شیتەڵ و تێکەڵ
لە فەلسەفەدا، شیتەڵ و تێکەڵ (analytic and synthetic) دوو زاراوەن بۆ لێک ھەڵاواردنی واتاناسانەی حوکمەکان و قەزیەکان. قەزیەیەک کە تەنیا بە ھۆی واتایەوە ڕاست یا درۆی دەردەکەوێ، قەزیەیەکی شیتەڵە. قەزیەیەکیش کە ڕاست یا درۆی ھەڵواسرابێ بە چۆنیەتیی پەیوەندیی واتاکەی بە جیھانەوە، قەزیەیەکی تێکەڵە. جیاکردنەوەی قەزیەگەلی شیتەڵ لە قەزیەگەلی تێکەڵ یەکەم جار لە لایەن ئیمانوێل کانتەوە کراوە.[١]
پوختە
دەستکاریھەر حوکمێک کە زەین لەبارەی شتێکەوە دەیکات و ھەر قەزیەیەک کە ڕێکی دەخات، لە ڕاستیدا وەکوو ئەوە وایە ھەڵگیراوێک بخاتە سەر دانراوێک. ئەم خستنەسەرەش بە دوو جۆر دەکرێ: بە شیتەڵکردنی دانراو و دەرھێنانی ھەڵگیراو لە ئەو، یا بە تێکەڵکردنی دانراو لەگەڵ ھەڵگیراوێکی جیادا. حوکم یا قەزیەی شیتەڵ ئەوەیە کە تێیدا ھەڵگیراوەکە لە خودی دانراوەکەوە پەیدا دەبێ و لێی دەگیردرێ. واتە زەین بە شیتەڵکردنی دانراو، ھەڵگیراوی لێ جیا کردووەتەوە و خستوویەتە سەریەوە. بۆ وێنە، کە بوترێ «ھەموو تەنێک بەرفرەیی و ڕەھەندی ھەیە»، ئەم حوکمە حوکمێکی شیتەڵە، چونکە پێی ناوێ مرۆڤ لە تەسەووری تەن دەربچێ تا تەسەووری بەرفرەیی و ڕەھەند بدۆزێتەوە و بیخاتە پاڵی، ھەر ئەوەندە بەسە کە تێگەیشتەی تەن بۆ خۆی شیتەڵ بکاتەوە تاکوو پەی بە بەرفرەیی و ڕەھەندیش ببات. لە ڕاستیدا مانای تەن ئەوەیە کە خاوەن ڕەھەند بێ، ئەگینا تەن نییە. کەوابوو، قەزیەی شیتەڵ زانراوێکی نوێ نادات بە دەستەوە. بەڵام، حوکم یا قەزیەی تێکەڵ ئەوەیە کە ھەڵگیراو لە ناو دانراودا نەبێ و زەین لە جێگایەکی ترەوە ھێنابێتی و دابێتیە پاڵ دانراوەوە. وەک ئەوەی کە بوترێ «تەنەکان خاوەن قورسایین»، چونکە قورسبوون شتێک نییە کە لە خودی تەنەوە بگیردرێ،[تێبینی ١] زەین بەجیا پەی پێ بردووە و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ «تەن» قەزیەیەکی ساز کردووە. ئەم جۆرە قەزیانە زانراوی نوێ دەدەن بە دەستەوە.[٢]
حاشاکردنی حوکمە شیتەڵەکان مرۆڤ تووشی ناتەبایی دەکا. کەوایە، نیشانەیان ئەوەیە کە حاشاھەڵنەگرن. بۆ وێنە، ئەوە حاشا ناکرێ کە «سەوز ڕەنگێکە»، چونکە حاشاکردنی ناتەباییی پێوەیە.[٣]
ئەمانەش ببینە
دەستکاریتێبینییەکان
دەستکاری- ^ لە ڕوانگەی پێشینانەوە، قورسایی تایبەتمەندیی لێدانەبڕی تەنە. بەڵام، لە دوای نیوتنەوە، ئەوە دەرکەوت کە قورسایی و کێشی تەنەکان ھێزی ڕاکێشانی زەوییە کە کار دەکاتە سەر ئەو تەنە و، لە دەرەوەی چییەتیی تەنەکەیە.
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Rey، Georges (2023)، Zalta، Edward N. (ed.)، «The Analytic/Synthetic Distinction»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2023 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2023-05-14 ھێنراوە
- ^ فروغی، محمدعلی (1399). سیر حمکت در اروپا. انتشارات زوار. p. 406.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر) - ^ Körner، S (1399). Kant. لەلایەن فولادوند، عزت اللە وەرگێڕدراوە. خوارزمی. p. 147.
{{cite book}}
: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)