شت بۆ خۆی

ئەو بارودۆخەی کە ئۆبژە ئازاد لە سووژە ھەیەتی

لە فەلسەفەی کانتدا، شت بۆ خۆی (بە ئەڵمانی: Ding an sich) (وەرگێڕانەکانی تر: خودی شت، شت لە خۆیدا، شت بە خۆیەتیی خۆی، شت لە زاتی خۆیدا) بریتییە لەو بارودۆخەی کە ئۆبژە ھەیەتی ئازاد لە چاولێبوون و نواندنی سووژە. تێگەیشتەی شت بۆ خۆی لە لایەن ئیمانوێل کانتی ئەڵمانییەوە داھێنرا. نزیکایەتیی زۆریشی ھەیە لەگەڵ یەکێکی تر لە تێگەیشتەکانی کانتدا، ئەویش تێگەیشتەی «نۆمینۆن»ە، کە کانت لە بەرامبەر «فینۆمینۆن»ەوە دای دەنا. نۆمینۆن ئەو ئۆبژەیەیە کە پێیدا ورد دەبینەوە، فینۆمینۆنیش دیاریدانەکان و دەرکەوتنەکانیەتی.

لە ڕێبازی فەلسەفیی کانتدا، کە خۆی ناوی «ئیدیالیزمی بەرزەجێیانە»ی بۆ ھەڵبژاردووە، ئاوەھا ئامۆژگاری دەکرێ کە سەرجەم ھەموو ئۆبژەکان، یا ھەمان جیھانی ئەزموونی، کۆمەڵەیەک لە نموودەکانە (appearances) کە ھەبوونیان و لێکگرێدراوییان تەنیا لە زەینی ئێمەدا دەردەکەوێ و دەنوێندرێتەوە.[١]

بە لای ئێمەوە، ئۆبژەکانی ھەست بە نموود حیساب دەکرێن و ھیچی تر. دان بەوەشدا دەنێین کە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ شتێک لە خۆیەتیی خۆیدا. ئەوەی کە ئەم شتە بۆ خۆی چۆنە، ئێمە نایزانین، ھەر تەنیا نموودەکانی دەناسین و بەس. یانی ئەو شێوازە کە ئەم شتە نەناسراوە کار دەکاتە سەر ھەستەکانی ئێمە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Kant، Immanuel. Prolegomena to Any Future Metaphysics. لەلایەن Paul Carus وەرگێڕدراوە. § 52c.