سونباد
سونباد (فارسی: سندپاد؛ بە شێوەی سوندپاد و عەرەبی: سنباذ)؛ پیاوێکی خانەدانی ئێرانی بوو لە بنەماڵەی خانەدانی کارێن 𐭊𐭓𐭍𐭉، کە لە سەدەی هەشتەمدا شۆڕشێکی دژی دەسەڵاتی عەبباسی بەرپا کرد.
ژیان
دەستکاریسونباد پیاوێکی خانەدانی زەردەشتی بوو کە خەڵکی گوندێک بوو بە ناوی "ئاهان" لە نەیشابوور لە خۆراسان[١]. وا دیارە لە خانەوادەی دێرینی کارێن بووە کە یەکێک بووە لە هەفت خانەوادە مەزنەکەی پێش ئیسلامی سەردەمی ئەشکانی و ساسانی[٢]. خۆراسان لە بنەڕەتدا موڵکی بنەماڵەی کارێنییەکان بووە بەڵام بنەماڵەکە خۆراسان لەدەست دەدەن کاتێک لە شەڕی نەیشابووردا بەرانبەر بە داگیرکاریی عەرەبە موسڵمانەکان شکست دەهێنن. ئەمەش وای کرد خانەدانی کارێن بەرەو تەبەڕستان (مازەندەرانی ئەمڕۆ؛ باکووری ئێران)؛ بکشێنەوە و لەوێ شاخەیەکی بنەماڵەکەیان (خانەدانی کارێنڤەند)؛ توانییان پەلاماری عەرەبەکان بوەستێنن[٣].
شۆڕش
دەستکاریدوای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئومەوی لە خۆراسان لە لایەن ئەبوو موسلیم و پەیداکردنی هەژموون لە لایەن عەبباسییەکانەوە لە بەغداد، هەژموون و توانای ئەبوو موسلیم بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی خەلیفەی عەبباسی ئەلمەنسووڕ. ئەمەش وای کرد ئەبوو موسلیم بە فەرمانی خەلیفە ببردرێتە بەغداد و لە بەردەمی ئەو لەسێدارە بدرێ. دوای خیانەت و کوشتنی فەرماندەی ئێرانی ئەبوو موسلیمی خۆراسانی لە لایەن دووەم سوڵتانی عەبباسی خەلیفە ئەلمەنسووڕ؛ سونباد شۆڕشی بەرپا کرد. شارەکانی نەیشابوور، کۆمیس (سەددەروازە) و ڕەی گرت. ئەوکات بە "فەیرووز ئیسپەهبەد" بانگ دەکرا (بە واتای ئیسپەهبەدی سەرکەوتوو). لە ڕەی دەستی گرت بەسەر گەنجینەکانی ئەبوو موسلیمدا[٤]. زۆرینەی پشتیوانەکانی خەڵکی هەرێمی الجبال (ناوچەی کێوستان؛ ڕۆژاوای ئێرانی ئەمڕۆ و کوردستانی ئەمڕۆ) و تەبەڕستان (مازەندەرانی ئەمڕۆ)؛ بوون. بەپێی مێژوونووسانی موسڵمانی وەک ئیبنو ئەثیر، نیزام ئەلمولک و میرخواند سونباد "سوێندی خواردووە مەککە بگرێت و کەعبە وێران بکات". بەڵام بەپێی مێژوونووس پاتریشیا کرۆن "ئەم بیرۆکەیە مومکین نیە، ناکرێ لە ڕکوکینەدا بەتەنیا لە نەیشابوورەوە هەوڵی ڕووخاندنی خەلافەت و سڕینەوەی ئیسلامی دابێت." هەندێک سەرچاوەی تری موسڵمانان بانگەشە دەکەن کە سونباد بانگەشەی پێخەمبەرایەتیی کردووە و مەرگی ئەبوو موسلیمی ڕەت کردووەتەوە و خۆی بە ناوبژیوانی ئەبوو موسلیم زانیوە. گوایا وتوویەتی "ئەبوو موسلیم نەمردووە، بەڵکوو کاتێک ئەلمەنسووڕ ویستی فێڵ لە ئەبوو موسلیم بکات، ئەبوو موسلیم ناوی مەزنی خودای هێنا و گۆڕا بە کۆترێکی سپی و فڕی. ئێستا لە قەڵایەکی مسدا لەگەڵ مەهدی و مەزدەک پێکەوە وەستاون و وردە وردە دەردەکەون". ئەگەرچی بانگەشەی ئەم سەرچاوانە بۆ شێواندنی وێنەی سونبادن کە ئامانجی ڕاستیی شۆڕشەکەی ئەو تەنیا لابردنی عەرەبە موسڵمانەکان بووە لە دەسەڵات.[٥] سپایەکی دە هەزار کەسی بە فەرماندەیی جومهوور بن مەڕاڕ العیجلی لە لایەن خەلیفەوە نێردرا بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕشەکەی و سونباد لەنێوان هەمەدان و ڕەی تێک شکێنرا. بەپێی مێژوونووس ئیبن ئیسفەندیار بێشومار ئێسک و پروسکی کوژراوانی سپای عەبباسی و پشتیوانانی سونباد هێشتا لە ساڵی ٩١٢ دا لە ناوچەکە دەبینران[٦]. دواتر سونباد داوای پەنای لە ئیسپەهبەد خورشید کرد و ڕووی لە تەبەڕستان کرد. بەڵام تووس، کە ئامۆزای خورشید بوو؛ سونبادی کوشت؛ کە گوایا بێحورمەتیی لە هەڵسوکەوتیدا دیوە.
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-10-29، لە 2024-12-27 ھێنراوە
- ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-10-29، لە 2024-12-27 ھێنراوە
- ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-10-29، لە 2024-12-27 ھێنراوە
- ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-10-29، لە 2024-12-27 ھێنراوە
- ^ «Sunpadh»، Wikipedia (بە ئینگلیزی)، 2024-10-29، لە 2024-12-27 ھێنراوە
- ^ https://en.m.wikipedia.org/wiki/Sunpadh#cite_note-FOOTNOTECrone201236-5