ئەبوو موسلیمی خۆراسانی

بەھزادان پوور وەنداد ھورموزد[١] (فارسیی کلاسیک و عەرەبی: ابومسلم عبدالرحمان بن مسلم خراسانی)؛ ناسراو بە ئەبوو موسلیمی خۆراسانی (٧١٨ز - ٧٥٥ز)؛ ڕێبەری جووڵانەوەی پیاوانی ڕەشپۆش بوو لە خۆراسان کە توانی بە ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی ئەمەوی، بناغەی دەوڵەتی عەباسی بونیاد بنێت. ناوە ڕاستییەکەی «بەھازادان پوور وەنداد» بە واتای «کوڕی وەنداد» کە لەسەر خواستی ئیبراھیم ئیمام، یەکێک لە گەورەکانی بەنوو عەباس، ناوی گۆڕی بۆ عەبدولڕەحمان و بە حوکمی ئەو بووە ڕێبەری خۆراسان تا ڕێبەرایەتیی جووڵانەوەی دژی ئەمەوییەکان بگرێتە ئەستۆ. ئەو دوای سەرکەوتن لە دەستبەسەرداگرتنی خۆراسان و فەرمانڕەواییکردنی شاری مەڕو، سپایەکی ڕەوانەی عێراق کرد و توانی لە ساڵی ١٣٢ک (٧٤٩زایینی)؛ مەڕوانی دووەم، کۆتا خەلیفەی ئەمەوی تێک بشکێنێت. بە ھاتنە سەر دەسەڵاتی ئەبول عەباس عەبدوڵڵا سەففاح، یەکەم خەلیفەی عەباسی، ئیماڕەتی خۆراسان بە ئەبوو موسلیم سپێردرا؛ بەڵام توانا و ناوبانگ و ھەژموونی ئەبوو موسلیم بۆ دەوروبەرەکەی جێی نیگەرانی و ترس بوو؛ بۆیە ساڵی ١٣٧کۆچی لە پێلانگێڕییەکدا بە دەستووری مەنسووڕ، دووەم خەلیفەی عەباسی؛ ئەبوو موسلیم کوژرا.

پۆرترەیتی ئەبوو موسلیم، لە سیلسیلەنامەوە (٧٥٥ز)، کەرەی مێژوو (زوبدەتول تەواریخ ١٥٩٨ز).

خەلیفە مەنسووڕ ویستی فێڵکردن و خەڵەتاندنی ئەبوو موسلیمی ھەبوو و سیاسەتی جیاوازی بەکار دەھێنا. لە کۆتاییدا مەنسووڕ نامەیەکی بۆ ئەبوو موسلیم نارد و ئەوی وەک پارێزگاری شام (سووریا و میسڕ) ناساند و پێرۆزبایی لێ کرد. ئەبوو موسلیم کە کەسێکی ژیر بوو، بانگەشەی کرد کە ئەو والیی خۆراسانە و بەخێرایی ڕووی کردەوە خۆراسان. ئەوکات کە خەلیفە مەنسووڕ ترسا لەوەی ئەبوو موسلیم لە خۆراسان لەگەڵ شوێنکەوتووەکانی یاخی ببن و ئەو تێک بشکێنن، چوو بۆ مەدائین و ئەبوو موسلیمی بە بیانووی باسێکی زۆر گرنگ بانگێشت کرد؛ بەڵام ئەبوو موسلیم ڕازی نەبوو بڕوات؛ بەڵام دواتر لە نامەیەکی تردا مەنسووڕ داوای لە ئەبوو موسلیم کردەوە، ئەم جارە ئەبوو موسلیم بڕیاری گۆڕی و چوو بۆ مەدائین. لە مەدائین لە کاتی گفتووگۆی خەلیفە مەنسووڕ لەگەڵ ئەبوو موسلیم، مەنسووڕ ئاماژەیەکی بۆ پێنج لە پاسەوانەکانی کرد لە پشت پایەیەکەوە تا بیکووژن. لاشەی شێوێنراوی ئەبوو موسلیم خرایە ڕووباری دیجلەوە.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «ابومسلم خراسانی»، ویکی‌پدیا، دانشنامهٔ آزاد (بە فارسی)، 2024-12-17، لە 2024-12-28 ھێنراوە