زاھیر عەبدوڵڵا خدر (١٩٥٨ لە ھەولێر، عێراق[١] - ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ھەولێر[٢]) ھونەرمەند، ئەکتەر و شانۆکاری کورد بوو.[٣] دەستپێکی کارە ھونەرییەکانی بۆ شانۆگەری (ئەنجامی پووڵپەرستی) دەگەڕێتەوە. ھەروەھا بەشداری دەیان شانۆگەریی و درامای کردووە کە دیاترینییان درامای (ھەبوو نەبوو) بوو کە یەکێکە لە کارە جوانەکانی و زۆر کاردانەوەی گەورەی لە نێو خەڵکدا ھەبوو، ھاوکات کۆمەڵێک ھونەرمەند لە رێگای ئەم کارەوە چوونە نێو خەڵک، لەوانەش زاھیر عەبدوڵڵا بوو کە بە رۆڵی عومەر چاوچنۆک بەشداری ئەم کارەی کردبوو.[٤]

زاھیر عەبدوڵڵا لە ساڵی ١٩٥٨ لە گەڕەکی تەیراوەی شاری ھەولێر لەدایکبووە.[٥] قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی لە ھەولێر خوێندووە و بەشی کارەبای لە ئامادەیی پیشەسازی ھەولێر تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٠ ژیانی ھاوسەری لەگەڵ شیرین سابیر پێکدەھێنێت، و لە ساڵی ١٩٨٤ بۆ یەکەمینجار دەستی ھاوسەرەکەی دەگرێت و دەیباتە سەر تەختی شانۆ و دواتر لە چەندین دراما و فلیمدا بەیەکەوە رۆڵ دەبینن، ھەروەھا لە ئەوان خاوەنی سێ کوڕ و دوو کچن،

نواندن

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار بەشداری شانۆگەرییەک دەکات بە ناوی "ئەنجامی پوڵپەرستی"، ھەروەھا بەشداری دەیان شانۆگەری و دراما و فیلمی سینەمایی کردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ بەشداری لە تەمسیلی کەونە دەرکە دەکات، و لە ساڵی ١٩٩٣ بەشداری زنجیرە تەمسیلی کەوەکانی قەرەچووخ دەکات کە رۆڵی جەوھەر ئاغا دەبینێت و ستەم لە دانیشتوانی گوندەکەی دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٤، لە درامای ئەدیابین بە ڕۆڵی سەرەکی دەرکەوت.[٦]

نووسینەکان

دەستکاری

جگە لە کاری ھونەری لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە دەستی بە چیرۆک نووسین کردووە و کۆمەڵە چیرۆکێکی بە ناوی "خەرەند" بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠١٩ کتێبێکی بیرەوەریی بڵاو کردەوە بە ناوی (تەیراوە ھەر بە پیاسە) کە تیایدا باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەکات تا رۆژی ڕاپەڕینی ١٩٩١، لەم کتێبەدا ھەوڵی داوە واقیعی ژیانی خۆی بنووسێتەوە.

کارەکان

دەستکاری

لە ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تەلەڤیزیۆنی گەلی کوردستان کەناڵی ھەولێر. و لە ساڵی ٢٠٠٧ بووەتە بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتیی ھەولێر، ماوەی شەش ساڵ لەم پۆستەدا خزمەتی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٢٠، زاھیر تووشی شێرپەنجەی قۆڵۆن بوو، دواتر چارەسەر کرا. پاشان لە ساڵی ٢٠٢٤، بەھۆی درووست بوونی گرێیەکەوە نەخۆشییەکەی سەری ھەڵدایەوە،[٢] لە ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا و نەشتەرگەریی بۆ کرا، دواتر گەڕایەوە ھەرێمی کوردستان.[٧] ڕۆژی یەکشەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بۆ جاری دووەم دۆخی تەندروستیی تێک دەچێت، ئەو کات پزیشکەکان بە ھاوژینەکەی ڕادەگەیەنن کە ھیچ چارەسەرییەک بۆ نەخۆشییەکەی نییە، بۆیە بە ناچاری نەخۆشخانە جێدەھێڵن و لە ماڵەوە لە ژێر چاودێریدا دەبێت، دوای ٢٠ ڕۆژ مانەوەی، لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد،[٨] پاشان لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، تەرمەکەی لە گۆڕستانى کەسنەزان لە شارى ھەولێر بەخاک سپێردرا.[٩]

بەشدارییەکان

دەستکاری
  • ئەنجامی پووڵپەرستی (شانۆگەری، ١٩٧٢)
  • کەونە دەرکە (فیلم، ١٩٨٩)
  • کەوەکانی قەرەچووغ (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، ١٩٩٣).
  • ھەبوو نەبوو (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی)
  • بەرنامەی بەرنامە (بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی)
  • ئادیابین (زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی، ٢٠٢٤)

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ «ئەمڕۆ تەرمی هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا بەخاک دەسپێردرێت». nrttv.com. لە 2024-11-27 ھێنراوە.
  2. ^ ئ ا «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». www.rudaw.net. لە 2024-11-24 ھێنراوە.
  3. ^ «هونه‌رمه‌ند زاهیر عەبدوڵا كۆچی دواییكرد». xendan.org. لە 2024-11-27 ھێنراوە.
  4. ^ «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا خانەنشین كرا». rachlaken.com. لە 2024-11-26 ھێنراوە.
  5. ^ «هونەرمەند و شانۆکار زاهیر عەبدوڵڵا بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دواییکرد». haremnews.com. لە 2024-11-24 ھێنراوە.
  6. ^ «هونەرمەند زایەر عەبدوڵا کۆچى دوایی کرد». +964. 2024-11-23. لە 2024-11-24 ھێنراوە.
  7. ^ «هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا" کۆچی دوایی کرد». kurdistan24.net. لە 2024-11-24 ھێنراوە.
  8. ^ «هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا کۆچی دوایی کرد». ava.news. لە 2024-11-24 ھێنراوە.
  9. ^ «وێنە.. مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمى هونەرمەند زاهیر عەبدوڵا». zamenpress.com. لە 2024-11-27 ھێنراوە.