دەیس گۆن یان ڕۆژانی بەسەرچوو/ڕابردوو یارییەکی ئاکشن، سەرکێشی و ترسناکی ساڵی ٢٠١٩یە کەوا لەلایەن بێند ستودیۆوە پەرەی پێدراوە و لەلایەن سۆنی ئینتەرئاکتیڤ ئینتەرتەینمێنتەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ ئامێرەکانی پلەی ستەیشن ٤ و مایکرۆسۆفت ویندۆز.

Days Gone
پەرەپێدەربێند ستودیۆ
بڵاوکەرەوەسۆنی ئینتەرئاکتیڤ ئینتەرتەینمێبنت
دەرھێنەر
  • جۆن گارڤن
  • جێف ڕۆس
بەرھەمھێنەردارن یاگەر
شێوەسازڕۆن ئاڵن
بەرنامەسازجۆن ھەفمن
ھوونەرمەنددۆناڵد یاتۆمی
نووسەرجۆن گارڤن
ئاوازدانەرنەیسن وایتھێد
بزوێنەرUnreal Engine 4
سەکۆ
بڵاوبوونەوەپلەیستەیشن ٤
٢٦ی نیسانی ٢٠١٩
مایکرۆسۆفت ویندۆز
١٨ی مایسی ٢٠٢١
چەشنئاکشن و سەرکێشی، ترسناک
شێوازسینگڵ پلەیەر

چیڕۆکی یارییەکە لە ویلایەتی ئۆریگن ڕوودەدات دوای دوو ساڵ لە گشتگیربوونی ڤایرۆسێکی کەوا دانیشتووانی زەوی کردووەتە بوونەوەرێکی زۆمبی ئاسا بەناوی فریکەرز. یاریکەر بە کەسایەتی دیکن سەینت جۆن یاری دەکات کەوا بەدوای دۆزینەوەی ھاوسەرەکەیەتی بەناوی سارا. دەیس گۆن لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە یاری پێدەکرێت و لە جیھانێکی کراوەدا دەچێت بەڕێوە. یاریکەر دەتوانێت چەک و تەقەمەنی بۆ شەڕکردن بەکاربھێنێت و بە شێوەی دزەکردن یان ئاشکرا بەرامبەر فریکەرز و ڕێگرەکان شەڕ بکات. ئامرازی سەرەکی گەڕان لە یارییەکەدا بریتییە لە مۆتۆرسیکلەکەی دیکن.

یارییەکە سەرەتا وادانرابوو کە لە ساڵی ٢٠١٨ بڵاوبکرێتەوە، بەڵام دواتر ڕێکەوتەکەی گۆڕدرا بۆ ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩. ڕەخنەگران ببوون بە دوو بەشی لەبارەی یارییەکەوە، بەشێکیان ستایشی جیھانە کراوەکەی، شێوازی یارییەکە و ئاستی سام ویتوەریان کردبوو و بەشێکی دیکەش ڕەخنەیان لە نەبوونی کەسایەتی سەرنجڕاکێش و کێشە تەکنیکییەکانی یارییەکە ھەبوو.

وەک بەشێک لە ھەوڵەکانی سۆنی بۆ ھێنانی یارییەکانی بۆ ویندۆز، یارییەکە لە ١٨ی مایسی ٢٠٢١ بۆ ویندۆزیش بڵاوکرایەوە.[١][٢]

یاریکردن دەستکاری

پەڕگە:Days Gone screenshot.jpg
لەم وێنەیەدا، کەسایەتی سەرەکی یارییەکە، دیکن، لە دەست کۆمەڵێک فریکەرز ڕادەکات کەوا بە ھۆرد بانگھێشت دەکرێن لە یارییەکەدا.

دەیس گۆن یارییەکەی ئاکشن و سەرکێشی و ترسناکە و لە ڕوانگەی کەسی سێیەمەوە یاری پێدەکرێت. یاریکەر یاری بە کەسایەتی دیکن سەینت جۆن دەکات کەوا ئەکتەر سام ویتوەر دەنگەکەی دەکات. دیکن لە پێشوودا لە جەنگی ئەفغانستاندا بەشدار بووە و دوای گەڕانەوەی بۆ ئەندامی یانەیەکی مۆتۆرسیکلسواران.[٣] یارییەکەش دوو ساڵ دوای گشتگیربوونی ڤایرۆسێکی کوشندە دەست پێ دەکات و دیکن ئامانجی ئەوەیە کە ھاوسەرەکەی بدۆزێتەوە و خۆی لە مردن بەدەستی فریکەرزەکان بپارێزێت.[٤] بەدەر لە فریکەرزەکان، دیکن بەرامبەر ورچ و گورگ و پڵینگ و مرۆڤە ڕێگرەکانیش شەڕ دەکات.[٥]

یاریکەر دەتوانێت کۆمەڵێک ئامانج لە یارییەکەدا بەجێ بگەینێت و بەمشێوەیەش لە بەرامبەر ھەر ئەرکێکدا خەڵات دەکرێت. ھەروەھا لەڕێگەی مۆتۆرسیکلێکەوە بە ویلایەتەکەدا دەگەڕێت و شتی بەسوود کۆدەکاتەوە. بەدەر لەمەش، دەتوانێت مۆتۆرسیکلیلەکەی باشتر بکات و پارچەی باشتری بۆ بکڕێت. ھەروەھا یاریکەر دەتوانێت چەک و تەقەمەنی باشتر دەستەبەر بکات لەڕێگەی ئەنجامدانی ئەرکی جیاواز بۆ ئەو کۆمەڵگا بچووکانەی کەوا ویلایەتەکەدا ماون و لەلایەن ھەریەک لە ماڕک کۆپلند و تەکەر و کۆڵۆنێل گارێت و کاپن کۆرییەوە سەرپەرشتی دەکرێن،[٦]

چیڕۆکی یاری دەستکاری

ڤایرۆسێکی کوشندە جیھانی خاپوور کردووە، و بەشێکی زۆری مرۆڤەکانی کردووەتە جۆرێکی توندوتیژی زۆمبی بەناوی فریکەر. چیڕۆکەکە تیشک دەخاتە سەر کەسایەتی دیکن سەینت جۆن (سام ویتوەر) لە ویلایەتی ئۆریگن. ماتۆرسکیلسواران دیکن سەینت جۆن و ویلیەم «بووزەر» گرەی (جیم پیری) لەپاڵ ھاوسەری دیکن، سارا ویتەکەر (کۆرتنی درەیپەر) ھەوڵی گەیشتن بە سەلامەتی دەدەن لەدەست فریکەرەکان تا دەگەن بە ھەلیکۆپتەرێکی ڕێکخراوی نیڕۆ کە لەلایەن کارمەندێکی ڕێکخراوەکە بەناوی ئۆبڕایەنەوە سەرکردایەتی دەکرێت. لەوکاتەی سارا سواری ھەلیکۆپتەرەکە دەبێت، دیکن لەگەڵ بووزەر دەمێنێتەوە و بەڵێن بە سارا دەدات کە بیدۆزێتەوە.

دوای دوو ساڵ لەم ڕووداوە، دیکن و بووزەر وەک ڕاوچی بەخشش کاردەکەن لە ناوچەکانی خۆراوای وڵات. ھەردووکیان لەو بڕوایەدان کە سارا مردووە، بەوپێیەی ئەو کەمپەی کە نیڕۆ ئەویان بردبوو بۆی بەتەواوەتی خاپوور کرابوو لەلایەن بوونەوەرانی «فریکەر» و بڕیاردەدەن خۆیان بگەیننە کەمپێکی مرۆڤەکان بۆ ژیانێکی باشتر، بەڵام پلانەکەیان سەرناگرێت دوای ئەوەی لەلایەن کۆمەڵێک ڕێگر ھێرشیان دەکرێتە سەر کەوا سەر بە کۆمەڵەی «ڕیپەرز» ـن. ئەو ڕیپەرانە قۆڵی بووزەر بەخراپی دەسوتێنن، ھەربۆیەش ناچار ھەردووکیان دەبێت گەشتەکەیان دوابخەن تا بووزەر چاک دەبێتەوە و بۆشیان دەردەکەوێت کەوا کۆمەڵەی ڕیپەرز بەدوایانەوەن بە مەبەستی کوشتنیان کە لەوکاتەدا ھۆکاری ئەمە نازانن. ڕۆژێکیان دیکن تیمێکی زانایانی نیڕۆ دەبینێت کەوا لە ھەلیکۆپتەرێک دادەبەزن لە ناوچەکە بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە و دیکن ئۆبڕایەن لەنێویاندا دەدۆزێتەوە. ئۆبڕایەن بە دیکنی ڕادەگەینێت کە سارا گوازرابوویەوە بۆ کەمپێکی حکومی سەلامەت، ھەربۆیەش ئەگەری ھەیە زیندوو بێت.

تەندروستی بووزەر بەردەوامە لە خراپبوون، ھەربۆیەش دیکن دەیباتە کەمپی لۆست لەست کەوا ئایڕۆن مایک لەپاڵ ڕەیمند "سکیزۆ" سارکۆزی سەرپەرشتی دەکەن. لەوێ دەردەکەوێت کە قۆڵی بووزەر پێویستی بە بڕینەوە ھەیە لەلایەن پزیشکی کەمپەکە کە ناوی ئادییە ئەم نەشتەرگەرییەی بۆ ئەنجام دەدرێت. لەم نێوەندەشدا، ئۆبڕایەن پەیوەندی بە دیکنەوە دەکات و بەڵێنی پێدەدات یارمەتی بدات لە دۆزینەوەی سارا گەر دیکن یارمەتی بدات لە توێژینەوەکانی. لەولاشەوە بەبێ ئاگایی ئایڕۆن مایک، سکیزۆ لەگەڵ کۆمەڵەی ڕیپەرز ڕێکدەکەوێت تا ھەریەک لە بووزەر و دیکنیان ڕادەست بکات و بەمشێوەیە لەڕێگەی بۆسەیەکەوە سەرەتا دیکنیان ڕادەست دەکات. لەوکاتەی دەستبەسەرە، دیکن بۆی دەردەکەوێت کە سەرۆکی کۆمەڵەی ڕیپەرز، پیاوێکە بەناوی کارلۆس، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو پیاوە جێسی ویلیامسنە، کەوا پیاوێک بوو دوژمنداری لەگەڵ دیکن و بووزەر ھەبووە لەو ڕۆژانەی کە ھەردووکیان ئەندامی یانەی ماتۆرسیکلسواران بوون. دیکن خۆی لە دەستی کۆمەڵەی ڕیپەرز دەرباز دەکات و بەنداوێکی نزیک خانووەکانیان دەتەقێنێتەوە و تەواوی کۆمەڵەی ڕیپەرز بە خنکاندنیان لەناو دەبات.

دواتر، دیکن ئەوەی بیردەکەوێتەوە کە سارای ھاوسەری پێشتر توێژینەوەی بۆ حکوومەت ئەنجامداوە، ھەربۆیەش لەوکاتەی ئۆبڕایەن دیکنی دەربازکردبوو، حکوومەت سارای بردووەتە کەمپی کارمەندانی حکوومەت و بەمشێوەیەش بێ ھیچ گومانێکی نامێنێت کە سارا زیندووە. کاتێک دیکن پەیوەندی بە ئۆبڕایەن دەکات، ئەو پێی ڕادەگەینێت کە سارا ئێستا کار بۆ میلیشیایەکی سەربازی لە باشوور کار دەکات بە سەرکردایەتی کۆڵۆنێل ماتیو گارێت. بەمشێوەیە دیکن گەشت دەکات بەرەو باشوور و بە سارا شاد دەبێتەوە، بەڵام لەوێ دەبێت یارمەتی سارا بدات لە دروستکردنی چەکێک بۆ لەناوبردنی فریکەرەکان. ڕۆژێکیان سارا داوا لە دیکن دەکات کە بیگەڕێنتەوە بۆ ئەو تاقیگەیەی کە سارا پێشتر تێیدا توێژینەوەی بۆ حکوومەت دەکرد. لەوێش سارا بە دیکنی ڕادەگەینێت کە ئەو گەڕانەوەی بۆ تاقیگە ئەوەی بۆ دەرخست کە حکوومەت دەستی ھەبووە لە دروستکردنی ئەم ڤایرۆسە، بەڵام، نەیویستووە بڵاوبێتەوە، بەڵکو بە ھەڵەی کارمەندێک بڵاوبووەتەوە. سارا بە دیکنی ڕادەگەینێت کە توێژینەوەکەی ئەوان تایبەت بووە بە گۆڕینی جیناتی ڕوەکی جۆراوجۆر و دروستکردنی ڤایرۆسێک بۆ مەبەستێکی نادیار، بەڵام کارمەندێکی ئەو تاقیگەیە ھەڵسابوو بە دزینی نموونەیەکی ڤایرۆسەکە و بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت ڤایرۆسەکەی بەنێو خەڵکدا بڵاوکردبوویەوە و بەمشێوەیە مرۆڤەکان گۆڕاون بۆ بوونەوەری فریکەر.

لە تاقیگەکەشدا، سارا بە دیکنی ڕادەگەینێت کە بەبێ ئاگاداری میلیشیا، ئەو کاری کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ نەخۆشییەکە، بەڵام ھەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبووە. دیکن سارا ھاندەدات بەردەوامبێت لە توێژینەوەکەی، بەڵام کۆڵۆنێل گارێت دەکەوێتە گومان و سارا دەخاتە ژێر چاودێرییەکی توند. دیکن دەیەوێت بە یارمەتی ھەلیکۆپتەرەکانی ئۆبڕایەن سارا لە دەستی میلیشیا ڕزگار بکات، بەڵام ئاگاداری ئەوە نییە کە لەو ڕۆژەدا سکیزۆ وەک سەربازێکی میلیشیا قبووڵکراوە و ھەربۆیەش سکیزۆ ھەڵدەستێت بە ئاشکراکردنی ڕابردووی دیکن و پلانی ھەڵاتنیان شکست دەھێنێت و دیکنیش دەستەبەسەر دەکرێت. بەڵام فەرماندەیەکی میھرەبان بەناوی دێریک کۆری (فیل مۆریس) دیکن ئازاد دەکات. دیکن دەگەڕێتەوە کەمپی لۆست لەیک و بۆی دەردەکەوێت کە میلیشیا ھەڵساون بە خاپوورکردنی کەمپەکە و کوشتنی ئایڕۆن مایک و چاوییان لەوەیە کە کەمپەکانی ھۆت سپرینگسی تەکەر و کۆپلەندیش خاپوور بکەن. بەڵام دیکن تەواوی دانیشتووانی کەمپەکان کۆدەکاتەوە و ھێرش دەکەنە سەر بارەگای سەرەکی میلیشیا. لەوێشدا، دیکن سکیزۆ دەکوژێت و ساراش کۆڵۆنێل گارێت ژەھرخوارد دەکات و بەمشێوەیەش کۆتایی بە دەسەڵاتی میلیشیا دەھێنن. لەکۆتاییدا ھەریەک لە دیکن و سارا و بووزەر و ھاوڕێکانیان درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن لە کەمپی لۆست لەیک و بە بەختەوەری دەژین.

ڕۆژێکیان دیکن لەلایەن ئۆبڕایەنەوە پەیوەندی پێوە دەکرێت. لەوێ ئۆبڕایەن پێی ڕادەگەینێت کە خودی خۆی بووەتە جۆرێکی دەگمەنی فریکەر و ئاگاداری دەکاتەوە لە نیازە ڕاستەقینەکانی ڕێکخراوی نیڕۆ و پێی دەڵێت کە ئەوان بەمزووانە دەستدەکەن بە گەڕان بەدوای کەمپەکان بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ڤایرۆسەکانیان لەسەر ئەو مرۆڤانەی ماون و دیکن و ھاوڕێکانیشی ناتوانن ھیچ بکەن بەرامبەرییان.

پەرەپێدان و بڵاوکردنەوە دەستکاری

پەرەپێدانی یارییەکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکرد و لە کۆنفراسی ئی سری سۆنیدا یارییەکە ڕاگەیەندرا.[٧][٨] یارییەکە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠١٩ بۆ پلەی ستەیشن ٤ و لە ١٨ی مایسی ٢٠٢١ بۆ ویندۆز بەردەست خرا.[٩]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ "PlayStation's Jim Ryan: 'We're making a completely new VR format for Ps5'". Retrieved 23 February 2021.
  2. ^ "Days Gone PC gameplay revealed, launches May 18". PlayStation.Blog (بە ئینگلیزی). 2021-04-15. Retrieved 2021-04-15.
  3. ^ Garvin, John (June 13, 2016). "Days Gone: Bend Studio's New Open-World PS4 Adventure". PlayStation Blog. Retrieved June 14, 2016.
  4. ^ Garvin, John (June 13, 2016). "Days Gone: Bend Studio's New Open-World PS4 Adventure". PlayStation Blog. Retrieved June 14, 2016.
  5. ^ Shrivastav, Raaj (8 April 2019). "Days Gone Freakers Can Hibernate, Drink And Has A Migration Pattern". Gamer Tweak. Retrieved 2 May 2019.
  6. ^ Hurley, Leon (June 14, 2016). "Days Gone is an open world zombie apocalypse that gets everything right". GamesRadar. Retrieved June 14, 2016.
  7. ^ "Sony Bend looking to 'push PS4 somewhere it's never been before' with unannounced game".
  8. ^ "Sony Bend's Days Gone Gets Live Gameplay Demo at E3 2016".
  9. ^ "Days Gone PC gameplay revealed, launches May 18". PlayStation.Blog (بە ئینگلیزی). 2021-04-15. Retrieved 2021-04-15.

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری