تەجوید یان زانستی تەجوید (بە عەرەبی: علم التجوید‎) ، یەکێکە لە زانستە ئیسلامیەکان، کە بریتیە لە چۆنیەتی خوێندنەوە و دەربڕینی وشەکانی قورئان بەچاکی و بەو شێوەیەی کە موحەممەد پێغەمبەری ئیسلام دەری بڕیوە.

ئەم زانستە سەری ھەڵدا لە سەدەی سێیەمی کۆچی دوای ئەوەی کە سنووری دەوڵەتی ئیسلامی فراوان بوو تا چەندین ناوچەی نا عەرەبی بگرێتەوە، جا ھەڵەکردن لە خوێندنەوە زۆر بوو بەھۆی موسڵمان بوونی چەند گەلانێکی جیاواز، جا زانایان ھەستان بە دانانی حوکم و یاسا و ڕێزمانی تەجوید.

زانایان ڕای جیاوازییان ھەیە لەسەر حوکمی فێربوونی تەجوید لە ئیسلامدا، ھەندێک لە زانایان وەک ئیبن جەزەری پێیان وایە کە واجبە. کۆمەڵێک لە زانایانیش پێیان وایە کە سوننەت و موستەحەببە و واجب نییە بەڵام جائیز نییە ھەڵە لە خوێندنەوەی پیتەکان و حەرەکاتەکان (فەتحە و کەسڕە و..) و ھەندێ لە ئەحکامەکان بکات چونکە ئەمانە مانا دەگۆڕێت؛ کە ئەمەش لە زانستی تەجوید پێێ دەڵێن ھەڵەی ئاشکرا (لحن جلي) بەڵام جێبەجێ نەکردنی ئەحکامەکانی وەکو مەددەکان و ئەحکامی نوون تەنوینی ساکن و قەلقەلە و ئەمانە واجب نین دەچنە قاڵبی سوننەت و تەواوییەوە، ئەمەش ڕای ھەندێک لەزانایان و زانایانی سەردەمیش وەک ئیبن عوسەیمین و ساڵح فەوزان و چەند زانایەکی تریشە.

زیاتر...