دانا ئەحمەد مەجید (لەدایکبووی ١٩٥٦) لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ەوە ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕانە بە وەکالەت. ئەندامی دامەزرێنەری بزووتنەوەکە بووە و پارێزگاری سلێمانی (٢٠٠٥–٢٠٠٩) و بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەرێم (٢٠٠٣–٢٠٠٥) بووە.

دانا ئەحمەد مەجید ساڵی ١٩٥٦ لە گەڕەکی مەڵکەندی لەدایکبووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی ھەرێمی کوردستان و عێراق تەواو کردووە.

لە ساڵی ١٩٧٤ لە ھێزی ئەزمەڕ بووەتە پێشمەرگە، لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر داوای ڕێکخستن چووەتە شاخ و ماوەیەک لەگەڵ سەرکردایەتی بووە لە قەندیل، دواتر ڕاسپێردراوە بۆ دروستکردنی ھەرێمێک لە ناوچەی ڕەواندز و ھەریر.

لە ساڵی ١٩٧٩ بووە بە فەرماندەی کەرتی یەک لە ھەرێمی ٥٩ی دۆڵەڕوت. لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ ٩ کەسی تردا خولێکی سەربازییان لە لوبنان تەواو کردووە. ساڵی ١٩٨١ بووەتە سەرتیپی ٣١ی سلێمانی، دوای شەھیدکردنی شەماڵی باخ و لەسەر داوای نەوشیروان مستەفا بووەتە سەرتیپی ٩٣ی کۆیە. ساڵی ١٩٨٤ بووەتە سەرتیپی ٢٣ی سوورداش. لە ساڵی ١٩٨٥ بووەتە سەرتیپی ٢٥ی خاڵخاڵان.

دانا ئەحمەد لە ساڵانی ١٩٨٦ تا ١٩٨٨ لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی بووە لە ناوخۆی وڵات. دوای شاڵاوەکانی ئەنفال، بووەتە لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران و تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لە کرماشان بووە.

لە ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠٠١ لێپرسراوی پەیوەندییەکانی یەکێتی بووە لە سووریا، دواتر ڕاسپێردراوە بۆ سەرپەرشتیکردنی یەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران.

لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣ بووەتە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی ھەرێم بە پلەی وەزیر و تا ٣١ی نیسانی ٢٠٠٥ بەردەوام بووە. دواتر بووەتە پارێزگاری سلێمانی و تا کۆتایی ٢٠٠٩ بەردەوام بووە.

بەھۆی پشتیوانیکردنی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، لە ساڵی ٢٠١١ چووەتە دەرەوەی وڵات، لە تەممووزی ٢٠٢٤ گەڕاوەتەوە، لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ عومەر سەید عەلی بریکارنامەی بۆ کردووە لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتەکانی ڕێکخەری گشتی بە وەکالەت. بەھۆی ئەو بریکارنامەیە، لە ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ گردی زەرگەتە داخرا و ڕۆژی دواتر لە ھۆڵێکی بۆنەکانی سلێمانی دەسەڵاتەکانی ڕادەستکرا.

سەرچاوەکان

دەستکاری