جەمیل ڕەنجبەر لەدایکبووی ١٩٤٨ لە ھەولێر شاعیرێکی کوردە. لە تەمەنی ھەژدە ساڵیدا دەستی بە شیعر وتن کردووە و زۆربەی شیعرەکانی بێ قاڵب و نوێن.

جەمیل ڕەنجبەر

لەدایکبوون١٩٤٨
ھەولێر
مەرگ١٩٨٠
نەتەوەکورد
پیشەشاعیر

ژیان دەستکاری

جەمیل لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٨ لە ھەولێر، کوڕی ساڵح گۆرانە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ھەر لە شاری ھەولێر تەواو کردووە. ساڵی ١٩٦٧ بووە بە مامۆستای قوتابخانەی مێرگەسوور. ساڵی ١٩٧٤ لە شۆڕشی کورد دژی دەسەڵاتی بەغدا بەشداری کرد و ساڵی ١٩٧٥ دوای ھەرەسھێنانی شۆڕشی ئەیلوول یەکێک بوو لەوانەی کە چوونە ئێران و گەڕانەوە وڵات و دەستی بەخەباتی نھێنی کردەوە تا لە ساڵی ١٩٧٧ خرایە بەندیخانە و لە دادگا فەرمانی ھەتا ھەتایی بۆ دەرچوو. پاش ماوەیەک بەر لێبووردنی گشتی کەوت و لە بەندیخانە ئازاد کرا. جەمیل پاش ئازادبوونی لە بەندیخانە وازی لە خەبات نەھێنا و چووە ڕیزی چەکدارەکان و تا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠ لە گوندی جەلکانی پشدەرە ڕەقەی بناری کێوە ڕەش لە ناوچەی سەنگەسەر دوو ھەلیکۆپتەری بچووک بەدۆشکە کۆمەڵێک چەکداری کوردیان گوللەباران کرد، لە ئەنجامدا ھەشت کەس کوژران یەکێک لەوانە جەمیل ڕەنجبەر بوو، تەرمەکەی ھێنرایەوە ھەولێر و لە گۆڕستانی سەید مەعرووف بەخاک سپێردرا. .[١]

نموونە شیعر دەستکاری

دەچم شیعرێک لە بیری زامم ھەڵکەنم
کە ھەر نرخی مەرەکەبی، ھەستی تێ چێ
دەچم شیعرێک لە خۆری ڕازم دەخوازم
گریاوی بێ:
بە تەوسەوە بۆی پێکەنم
زامی کوڵ بێ، ھاوار بکا، بە نوقورچێ
تابلۆیەک بێ:
دەریای چاوی خۆشەویستی لێ دەر دەکەوێ
جووتێ دڵدار لە ژێر چەقۆی نەریتی کۆن
بە تاسەوە یەکیان بوێ
دەچم شیعرێک لە بیری زامم دەخوازم
دیمەنێ بێت.
بێپارەیی و گیرفانی لاڵێ تێدابێ
پردێ ڕووخاو...
کەژاوەی یاری پێدابێ
شانۆیەک بێت: گرمەی ھەوری باوکی تووڕە
دڵێک لە خەم بخنکێنێ
خەڵووزی ڕق...
وێنە و نامەی نەخشەی دواڕۆژ بسووتێنێ
شانۆیەک بێت:
دایکی بێزار، لەپی دەستی بکێشێ بە ھەر دوو چاوی
بزەی لێوی خۆشەویستیش
وەک کۆترێ...
ھەڵبنیشێ بە تاساوی

دەزانن من کچێکم خواست
بەڵام شیعرێک دەگۆزمەوە
دەزانن من گیانێکم ڕاست
دەرگەی ئازار... دەدۆزمەوە؟

ئەمڕۆ ھەندێ وشەم خۆش ویست
شێعرێکی شۆخم لێ چنی
پیتەکانم ھەڵگرساند و...
ئاواتێکم خستە بنی...[٢]

پەراوێزەکان دەستکاری

  1. ^ مێژووی ئەدەبی کورد، بەرگی حەوتەم، لاپەڕەکانی ٦٧٩ تا ٦٨٧ مارف خەزنەدار، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر: ٢٠٠٦.
  2. ^ "شیعر بە بووک دەبەن". books.vejin.net (بە کوردی). Retrieved 2021-06-20.

سەرچاوەکان دەستکاری

  • دیوانی جەمیل ڕەنجبەر، ئامادەکردنی جەوھەر کرمانج، پێشەکی دکتۆر مارف خەزنەدار، سلێمانی: ٢٠٠٧

بەستەرە دەرەکییەکان دەستکاری