جەماڵ غەمبار ھۆنراوەنووسی باشووری کوردستان ساڵی ١٩٦٢ لە گەڕەکی مەڵکەندی لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. بە ھۆی کاری باوکییەوە خێزانەکەیان بۆ ماوەیەک نیشتەجێی گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکووک بوون و تاوەکو پۆلی دووەمی سەرەتایی لە کەرکووک خوێندوویەتی و پاشان گەڕاونەتەوە سلێمانی و قۆناغەکانی تری خوێندن ھەتا ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە .


لە ساڵی ١٩٨٤ کۆلێژی یاسای لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە و ساڵی ١٩٨٩ بووەتە پارێزەر لە سلێمانی. خولیای نووسین و خوێندنەوە لای جەمال غەمبار لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە سەری ھەڵداوە و لە ڕێی چالاکی خوێندنگەکانەوە تێکەڵاوی کار شانۆ بووە. دواتر لە بواری ھۆنراوەنووسیندا گیرساوەتەوە. یەکەم ھۆنراوەی لە ساڵی ١٩٧٦ لە ڕۆژنامەی ھاوکاری بڵاوکردۆتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٠ ـەوە کوردستانی بەجێ ھێشتووە و ماوەی دوو ساڵ لە دیمەشق ماوەتەوە. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٤ ـەوە لە وڵاتی ئوستڕاڵیا لەگەڵ خێزانەکەیدا نیشتەجێن و ڕەگەزنامەی ئوستڕاڵیایان پێ بەخشراوە.

ئەندامی ڕێکخراوی ئەمنێستی ئینتەرناشناڵی ئوستڕاڵی و ئەندامی کۆمەڵەی نووسەرانی فرەڕەگەزی باشوری ئوستڕاڵیایە

بەرھەمەکان دەستکاری

لەپاڵ نووسینی ھۆنراوەدا کاری وەرگێڕانی چەندین لێکۆڵینەوەی وێژەیی و ڕووناکبیری و فیکری ئەنجام داوە. سێ دیوانی کوردی و دیوانێکیشی بە زمانی عەرەبی بڵاوکردۆتەوە سەرەڕای ئەوەش چوار پەڕتووکی وەرگێڕاوە.

سەرچاوە دەستکاری


بەستەری دەرەکی دەستکاری