توندوتیژی دژی ژنان

(لە توندوتیژی دژی ئافرەتانەوە ڕەوانە کراوە)

توندوتیژی دژی ژن یان توندوتیژی ڕەگەزیی بریتییە لەو کردە توندوتیژییانەی بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت و ئەم جۆرە توندوتیژییانە بە جۆرێک لە جۆرەکانی تاوانی کینەیی دادەنرێت[١] کاتێک بە تایبەتی ئاراستەی ژنان و کچان دەکرێت لەبەر ئەوەی کە رەگەزی مێن. توندوتیژییەکانی دژی ژن مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، ڕووداو و ڕادەی توندێتی کردەکان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تریش دەگۆردرێت. ئەم کردە توندوتیژییە بە ڕێکار و شێوازێکی چەوساندنەوە و داپلۆسینی ژن دادەنرێت چ لە کۆمەڵگە یان پەیوەندی تاکەکەسی دا بێت و دەکرێت ھۆکارەکەی بگەرێتەوە بۆ ھەستی (خاوەندارێتی، باڵادەستی، سروشتێکی دەروونی توندوتیژانە و کینەیەکی زکماکی) بەرامبەر بە ژن لەلایەن کەسی توندوتیژەوە.

ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت "توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژوویە نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو وە توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە رێکار و شێوازە سەرەکییەکان کە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێکی نزمتر و کەمتر بە بەراورد بە پیاوان."[٢] سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆفی ئەنان لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە ئابوونەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بڵاوکرابۆوە ڕایگەیاند: توندوتیژی دژی ژنان و ژنان کێشیەکی گشتگیرە و لە جیھان دا بەلایەنی کەمەوە ھەموو سێ ژنێک دانەیەکیان ڕووبەڕووی لێدان، سێکسی زۆرەملێ یان دەستدرێژی بۆتەوە لە خاڵێک لە خاڵەکانی ژیانی دا کە زۆرجار کەسی دەستدرێژیکەر کەسێکی ناسراوی ژیانی ژنەکە بووە.[٣]

توندوتیژی دژی ژنان دەچێتە خانەی چەند پۆل و بوارێکەوە وە توندوتیژی لەلایەن تاکەکەس و دەوڵەتیشەوە ئەنجام دەدرێت. ھەندێک لە جۆرەکان کە لەلایەن تاکەکەسەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەکردن، توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی، منداڵخستنەوەی زۆرمڵێ، کوشتنی کچە ساواکان، دیاریکردنی ڕەگەز پێش لەدایکبوون و توندوتیژی پێش لە دایکبوون) و ھەروەھا کردە باو و نەریتییەکان وەک (کوشتن لەسەر نامووس، توندوتیژی لە کاتی دەستگیرانی دا، خەتەنەکردنی ژنان، ھاوسەرگیری لەڕێی فڕاندن و ھاوسەرگیری زۆرەملێ). ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن ھەندێک لە دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەکردن لە کاتی جەنگ دا، توندوتیژی سێکسی و کۆیلەکردنی سێکسی لە کاتی ناکۆکییەکان دا، نەزۆک کردنی زۆرەملێ، منداڵ لەباربردنی زۆرەملێ، توندوتیژی لەلایەن پۆلیس یان کەسانی دەسەڵاتدار، بەردبەباران کردن و بەقامچی لێدان) و چەند شێوەیەکی تری توندوتیژی وەک بازرگانی کردن بە ژنان و لەش فرۆشی زۆرەملێ کە ڕێکخراوە لەلایەن تۆرە تاوانکارییەکانەوە.[٤]

ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (World Health Organization - WHO) لە لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان ھەستاوە بە ھەڵسەنگاندن و پۆلێن کردنی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژییەکە کە ڕوودەدات بە درێژای قۆناغەکانی ژیانی ژنان لە پێش لە دایکبوونییەوە تا تەمەنی پیری.[٥]

دەستکەوتی جوڵانەوەکانی دژی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەستکاری

یەکەم کاریگەرترین بەڵگەنامە کە ھەڵدەستێت بە ناساندنی توندوتیژی دژی ژنان وەک سەرپێچییەک دژی مافەکانی مرۆڤ بریتیی بوو لە (ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان) لە ڤێنا لە ساڵی ١٩٩٣ دا. ئەم دەستکەوتە بەشێک بوو لە ھەوڵێکی کۆکراوەی جیھانی جوڵانەوە ژن دۆستان (فێمنیستەکان - Feminist) بە گۆرینی ئاراستەی کۆبوونەوەی ڤێنا لە کۆبوونەوەیەکی گشتی و باو دەربارەی مافەکانی مرۆڤ بۆ کۆبوونەوەیەک تایبەت بە مافەکانی ژن لەبەر ئەوەی ڕێکخراوەکانی لێبووردەی جیھانی و چاودێری مافی مرۆڤ پێداگیریان نەکردبوو لەسەر بابەتەکە، لاقەکردن و توندوتیژی خێزانیان بە سەرپێچی بۆ سەر مافی مرۆڤ ھەژمار نەدەکرد سەرەڕای ھەبوونی کارنامەیەک دەربارەی مافی ژنان لە ھەردوو ڕێکخراوەکەدا.

جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان

  • لاقەکردن
  • لاقەکردنی ھاوسەرگیری
  • توندوتیژی خێزانی
  • کوشتنەکان لەسەر نامووس
    • توندوتیژی لە کاتی دەستگیرانی دا
    • ھاوسەرگیری زۆرەملێ
    • خواردن پێدانی زۆرەملێیانە
    • توندوتیژی لەسەر بنەمای باشتربوونی کوڕ لە کچ
  • تێزاب پێداکردن
  • منداڵخستنەوەی زۆرمڵێ
  • دەستدرێژی لە کاتی ژوان دا
  • توندوتیژی سێکسی لەناو زانکۆدا
  • سنووردارکردنی ئازادی جوڵانەوەکان
  • ڕەت کردنەوە و نەدانی خزمەتی تەندروستی
  • بەدواکەوتن یان شوێنکەوتن
  • دەستدرێژی سێکسی
  • بازرگانی مرۆڤ و لەشفرۆشی زۆرەملێیانە
  • ھەڵسوکەوتی خراپ لەگەڵ بێوەژن
  • تاوانبارکردن بە جادوگەری
  • توندوتیژی لەلایەن دەوڵەتەوە
  • نەزۆک کردنی زۆرەملێ
  • سوتاندنی مەمکی ژنان
  • و توندوتیژی پێش لە دایکبوون
  • توندوتیژی دژی ژنانی ڕەسەنی ناوچەیەک
  • توندوتیژی دژی ژنانی کۆچبەر و پەنابەر
  • توندوتیژی پەیوەست بە وەرزشەکانەوە
  • توندوتیژی و دەستدرێژی لە ئینتەرنێت دا

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Russo, Nancy Felipe; Pirlott, Angela (November 2006). "Gender-based violence: concepts, methods, and findings". Annals of the New York Academy of Sciences. Taylor and Francis and Oxfam. 1087 (Violence and Exploitation Against Women and Girls): 178–205. Bibcode:2006NYASA1087..178R. doi:10.1196/annals.1385.024. PMID 17189506.
  2. ^ Sexual and Gender-based Violence ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. (WHO)
  3. ^ Citations:
  4. ^ "A/RES/48/104 - Declaration on the Elimination of Violence against Women". United Nations General Assembly. Retrieved 6 August 2014.
  5. ^ Moradian, Azad (10 ئەیلوول 2010). "Domestic Violence against Single and Married Women in Iranian Society". Tolerancy.org. The Chicago School of Professional Psychology. Archived from the original on 25 April 2012. Retrieved 1 March 2015. ٢٥ی نیسانی ٢٠١٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.