تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی

تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بە چەند کردەوەیەکی مەبەستدار دادەنرێت کە وەک بەشێک لە سیاسەتی فراوان و نەخشە بۆ دانراو ئەنجام بدرێت لە دژی خەڵکی مەدەنی لە کاتی جەنگ و ئاشتیش دا. ئەم چەمکە بە جیاواز دادەنرێت لە تاوانەکانی جەنگ چونکە کردەوەیی تاک نیین لەلایەن سەربازەکانەوە بەشێوەیەکی تاکەکەسی ئەنجامبدرێت بەڵکو ئەنجامدانیان لەڕێی بەرنامە و سیاسەتی دەوڵەتێکەوەیە. یەکەمین دادگایکردن لەسەر تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە دادگایی نیورمبێرگ بەڕێوەچوو لەسەر ھۆلۆکۆست و تاوانەکانی ئەڵمانیای نازی.[١]

دادگاکانی دیکەش ھەستان بە ئەنجامدانی دادگایکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی وەک (دادگای تاوانیی نێودەوڵەتی یۆگۆسلاڤیای پێشوو، دادگای تاوانیی نێودەوڵەتیی بۆ ڕواندا لەگەڵ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی). تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی نووسراو و بەڵگەنامەیی تۆمارنەکراون لە ڕێکەوتنامە نێودەوڵەتییەکان دا بەڵام لەم ساتەدا ھەوڵێکی نێودەوڵەتی ھەیە لەلایەن (دەستپێشخەری تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی) بۆ دامەزراندنی جۆرە ڕێکەوتنامە و پەیمانامەیەکی لەو جۆرە.

بە پێچەوانەی تاوانە جەنگییەکان، دەکرێت تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە ھەردوو کاتی ئاشتی و جەنگیش دا ئەنجام بدرێت.[٢] ئەم جۆرە تاوانانە تاوانی یەکجار و تاکەکەسی نیین بەڵکو بەشێکن لە سیاسەتی حکوومەتێک یان کردەیەکی بەرفراوان. بۆ نموونە (تاوانی جەنگیی، کوشت، کۆمەڵ کوژی، لە مرۆڤخستن، پاککردنەوەی نەژادی، ناردنەوە، تاقیکردنەوەی ناڕەوشتانە لەسەر مرۆڤ، سزادان بەبێ دادگا، بەکارھێنانی چەکی کۆمەڵ کوژ، تیرۆری دەوڵەت، تیرۆری پاڵپشتیکراو لەلایەن دەوڵەتەوە، فڕاندن، دیارنەمانی بەزۆر، بەکارھێنانی سەربازی منداڵ، بەندکردنی نادادوەرانە، کۆیلەکردن، ئەشکەنجە، لاقەکردن، سەرکوتکردنی سیاسیی، جیاکاری ڕەگەزیی و پێشێڵکاریی مافەکانی مرۆڤ) بە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت ئەگەر بەشێوەیەکی نەخشەدارێژراو و بەربڵاو ئەنجام بدرێن.

دادگاییکردنی نەخشەدارێژراوی کۆمەڵەیەکی دیایریکراو لەلایەن کۆمەڵەیەکەی دیکەوە وەک ئەوەی لەلایەن حکوومەتی باشووری ئەفریقاوە بەڕێوەدەچوو لەلایەن (ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووکان) ەوە لە ساڵی ١٩٧٦ دا بە تاوان دژی مرۆڤایەتی ھەژمار دەکرا.

لایەنی یاسایی دەستکاری

بە پێچەوانەی تاوانە جەنگییەکان و کۆمەڵکوژییەوە کە بە شێوەیەی بەرچاو دانیپێدانراوە و قەدەغەکراوە لە یاسا تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان دا لە سەرەتای دامەزارندنی بنەماکانی (نیورمبێرگ) ەوە. ھەرچەندە بەشێوەیەکی بەرچاو تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە چەندین ململانێ و قیران دا ئەنجام دەدرێن بەڵام ھەتا ئێستا ھیچ پەیمانامەیەکی ورد و درشت بوونی نییە دەربارەی تاوانەکە. یازدە نووسراوی نێودەوڵەتی بوونی ھەیە دەربارەی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بەڵام تاوانەکە لە ھەر یەکێکیان جیاوازی ھەیە لەگەڵ یەکێکی دیکەیان لە پێناسە و توخمە یاسایییەکانی دا. لە ساڵی ٢٠٠٨ دا (دەستپێشخەری تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی) لەلایەن پرۆفیسۆر (لەیلا نادیا سادەت) ەوە لە (پەیمانگای یاسای جیھانی ویتنی ڕ. ھاریس) ھاتەکایەوە بەمەبەستی دەستنیشانکردن و کارکردن لەسەر ئەو بۆشایییە لە یاسای نێودەڵەتی دا. ئەم دەستپێشخەرییە بە یەکەمین ھەوڵ دادەنرێت بۆ پڕکردنەوە و کارکردن لەسەر ئەو بۆشایییەی لە یاسای تاوانیی نێودەوڵەتی دا بوونی ھەیە لەڕێی دامەزراندن و ڕێکەوتن لەسەر پەیمانامەیەکی نێودەوڵەتی ورد و پڕ زانیاری.[٣]

لە ٣٠ مانگی تەممووزی ساڵی ٢٠١٣ دا، (دەستەی یاسای نێودەوڵەتی) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگیدا کە بابەتەکانی تاوانی دژی مرۆڤایەتی بخاتە ناو بەرنامەی دوور مەودای کارەکانییەوە. لە تمموزی ساڵی ٢٠١٤دا دەستەکە بابەتەکەی خستە ناو بەرنامەی چالاکی کارکردنییەوە.[٤]

دادگایییەکانی نیورمبێرگ دەستکاری

دوای جەنگی جیھانی دووەم، ڕێکەوتنامی لەندەن بۆ دادگایی سەربازی نێودەوڵەتی ھەستا بە دانانی ئەو یاسا و ڕێکارانەی دادگایییەکانی نیورمبێرگی لەسەر بەڕێوەدەچوو. ڕەشنووسانی ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ئەوەیان ھەبوو کە چۆن بتوانن یاساکە بەکاربھێنن بەرامبەر ھۆلۆکۆست و تاوانەکانی دیکەی ڕژێمی نازییەت. تێگەیشتنێکی باوانە بۆ تاوانەکانی جەنگ ھیچ سوودێکی نەبوو بەرامبەر ئەو تاوانانەی دەسەڵات بەرامبەر بە ھاوڵاتیانی خۆی دەیکات. بۆیە لە ئەنجام دا بەندی ژمارە ٦ لە ڕێکەوتنامەکەدا دانرا کە بەھەمان شێوە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیش لەخۆبگرێت و بەم شێوەیە پێناسەکرا تێیدا:

ئەنجامدانی کوشتن، لەناوبردن، کۆیلەکردن، ناردنەوە یان ھەر کردەوەیەکی نامرۆڤانە بەرامبەر کەسانی مەدەنی پێش یان لە کاتی جەنگ دا. دادگایکردن لەسەر بنەمای سیاسی، نەژادیی، ئایینی.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Zegveld, Liesbeth. Accountability of Armed Opposition Groups. p. 107.
  2. ^ Margaret M. DeGuzman,"Crimes Against Humanity" Research Handbook on International Criminal Law, Bartram S. Brown, ed. , Edgar Elgar Publishing, 2011
  3. ^ Plenipotentiaries of the treaty (1816). The Parliamentary Debates from the Year 1803 to the Present Time. Vol. 32. s.n. p. p. 200.
  4. ^ Martin, Francisco Forrest (2007). The Constitution as Treaty: The International Legal Constructionalist Approach to the U.S. Constitution. Cambridge University Press. p. 101. ISBN 978-1-139-46718-6.