بنەواشەی تاکایەتی

ئەو بنەواشەیە کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی یەکچەشنی پێ تاک تاک دەکرێتەوە

بنەواشەی تاکایەتی (principle of individuation) بریتییە لە پێومان یا سەنگی مەحەکێک کە بۆ تەڵنیشانکردن و دانەبەدانە لێکجیاکردنەوەی ئەندامانی کۆمەڵەیەکی یەکچەشن بە کار دەبرێ. ئەو پێوانەیە یا ئەو ستانداردەیە کە بە ھۆیەوە ئەوە دیاری دەکرێ کە لە چەشنێک ھەر تەنیا یەک تاک ھەیە یا چەند تاک. مێژووی لەبەرچاوگرتنی بنەواشەیەک بەم شێوەیە لە ئەرەستووەوە دەستی پێ کردووە. پاشان، فەیلەسووفی سەدەکانی ناوین، دانس سکەوتەس (۱۲۶۶ - ۱۳۰۸)، بە ھۆی تێگەیشتەی «ئەمێتی»یەوە، بەزۆری قسەی لێوە کردووە. دواتریش، لە سەردەمی ڕێنێسانسدا، بووە بە بابەتی سەرنجی کەسانێ وەکوو فرانسیسکۆ سوارێز (۱۵۴۸ - ۱۶۱۷) و لایبنیتس (۱۶۴۶ - ۱۷۱۶).[١]

ئەرەستوو

دەستکاری

پێچەوانەی ئەفلاتوون، کە دەیوت واقیع لە فۆرمگەلی تێکڕایی (وەک باشی و داد و سێگۆشە و لەمانە) پێک دێ و، بایەخی بە تاکەکان نەدەدا، ئەرەستوو (۳۸۴ تا ۳۲۲ی پێش زایین) «تاک»ی بە خۆیەتیی خۆی بە شتێکی واقیعی و ڕاستەقینە دەزانی. جا بەم بۆنەوە، تاک دەبوو بە خاوەنی دوو شێوە یەکایەتی (وەحدەت): جۆرەکی و ژمارەکی. یەکایەتیی جۆرەکی یەکایەتیی ئەو جۆرەیە کە ئەم تاکە بۆی دەگەڕێتەوە؛ ئەوەیە کە ئەم تاکە بە شەریکایەتی لەگەڵ تاکەکانی ترا ھەیەتی و، لە ھەموویاندا یەکێکە. بۆ وێنە، دوو خوشکی دوانە، ھەر دوو کچن و لە کچبووندا شەریکن. واتە کچبوون یەکایەتیی جۆرەکییانە. بە قسەی ئەرەستوو، ئەم یەکایەتییە جۆرەکییە لە فۆرمەوە سەرچاوە دەگرێ. چونکە ئەوە فۆرمە کە جەوھەری تاک دیاری دەکا. فۆرمیش ھەر ھەمان شتە کە فەیلەسووفانی سەدەکانی ناوین پیان دەوت چییەتی. لە لایەکی ترەوە، دوو دانە تاک، بۆ وێنە، خوشکە دوانەکان، ھاوکات کە ڕێک ھەمان فۆرمیان ھەیە، بە ژمارە یەک نین و دوون. پرسیار ئەمەیە کە چی وایان لێ دەکا ئێمە بە دووانیان بزانین نەک بە دانەیەک؟ دەبێ بنەواشە یا پرەنسیپێ ھەبێ کە بە بەکارھێنانی، تاکێ لە تاکێکی تر جیا بکرێتەوە. ئاشکراشە کە ئەو شتە نابێ ھاوبەش بێ و پێویستە تایبەت بێ. ئەرەستوو بۆ خۆی ھۆکاری تاکایەتی دەگەڕێنێتەوە بۆ ماددە.[٢]

دانس سکەوتەس

دەستکاری

تاکایەتی لە سروشت جیایە. دوو شت لەوانەیە یەک سروشتیان بێ و لە ھەمان کاتدا دوو تاکی جیاوازیش بن. دانس سکەوتەس لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە تاکایەتیی شتەکان لە دیاریکراوێتیی ژمارەکیی فۆرم و ماددەوە دێ کە دەیانکاتە ئەم فۆرمە و ئەم ماددەیە. دواتر، شوێنکەوتووانی، ئەم پرەنسیپەیان ناو نا ئەمێتی.

لایبنیتس

دەستکاری

مەسەلەی تاکایەتی مەسەلەیەک بوو کە ھەر لە یەکەمین ساڵەکانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە فەلسەفییەکەوەیە، زەینی «لایبنیتس»ی سەرقاڵی خۆی کردبوو. کاتێ گەرەکی بوو خوێندن لە زانستگا کۆتایی پێ بێنێ، ناونیشانی تێزەکەی ئەمە بوو: «گێرەوکێشە مێتافیزیکییەکان لە بابەت بنەواشەی تاکایەتییەوە». بەر لە ئەو، دێکارت ئەو دڵگەرمییەی دابوو کە تەنیا دوو جەوھەری زەین و ماددە بەسن بۆ ڕوونکردنەوەی ھەموو دیاردەکان. دەکرێ ھەموو شت ببرێتەوە بۆ سەر یەکێ لە دوو سیفەتی سەرەکیی فکرکردنەوە و تەنینەوە. سیفەتی سەرەکی یا زاتی ھەر شتێ کە زەینییە، فکرکردنەوەیە و، سیفەتی سەرەکی یا زاتی ھەر شتێکیش کە ماددییە، کێشھاتن و تەنینەوە لە سێ ڕەھەندە. بە تایبەت، دەرحەق بە دنیای فیزیکی یا سروشتی، دێکارت وای ھەست دەکرد خزمەتێکی گەورەی بە فەلسەفە کردووە. دوای دێکارت، سپینۆزا دەستی لەسەر مەسەلەیەکی تایبەت دانا. ئەوەش ئەمە بوو کە ئایا تیۆرییەکەی دێکارت لەبارەی جەوھەری زەینییەوە دەرەقەتی تێگەیشتەی تاکایەتیی کەسایەتییەکان دێ یا نا؟ ئەگەر زەین لە کۆتاییدا ھیچ نییە جگە لە فکرکردنەوە، چۆن دەکرێ گەلێ زەینی جیاجیامان بێ؟ چۆن دوو زەین دەتوانن تاک بن لە کاتێکدا کە زاتیان یەکێکە؟ لایبنیتس لە کتێبی «وتار لە بابەت مێتافیزیکەوە» ئاماژە بە تێزێکی بەناوبانگ دەکا کە تۆماس ئەکویناس لە سەدەی سێزدەیەمدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە دایڕشتبوو کە ئەو ھەبووانەی ئەقڵی ڕووتن، وەک فریشتەکان، چۆن دەتوانن تاک بن؟ تێزەکە ئەمە بوو کە دەیوت «ھەر تاکێ خوارترین نەوعە.» یانی ھەر تاکێ بێگومان شتێکی ھەیە کە لە تاکەکانی تر جیای دەکاتەوە. لایبنیتس نە تەنیا ئەم بەڵگەھێنانەوەیە بە ڕاست دەزانێ، بەڵکوو دەیکێشێتەوە بۆ سەر ھەموو جەوھەرکان لە ھەر نەوعێ کە بن. ئەو نووسی «ھیچ دوو جەوھەرێک ناتوانن بەتەواوی لە یەکتر بچن و تەنیا بە ژمارە فەرق بکەن.» (ھەرھەمانیی جیاوازیھەڵنەگرەکان ببینە.) [١]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا Cottingham، John (1988). The Rationalists.
  2. ^ مێتافیزیکی ئەرەستوو ۱۰۳۴a ۵-۸