ئەلفرێد ڕەسڵ واڵس (لەدایکبووی ٨ی کانوونی دووەمی ١٨٢٣ – مردووی ٧ی تشرینی دووەمی ١٩١٣) زانایەکی بەڕیتانی بوو لە بوارەکانی (سروشتزانی، دۆزینەوە، جوگرافی، مرۆڤزانی، زیندەزانی و نیگارکێشان).[١] بەناوبانگترین کارەکانی بریتییە لە داڕشتنی بیردۆزی پەرەسەندن لەڕێی ھەڵبژاردەی سروشییەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەتەنیا و لێکۆڵینەوەکەی دەربارەی بابەتەکە لەگەڵ چەند نووسینێکی چارڵز داروین دا بە ھاوبەشی بە چاپ گەیەنراوە لە ساڵی ١٨٥٨ دا[٢] و ئەمەش ببوە ھۆی ھاندانی داروین لەسەر بڵاوکردنەوەی بۆچوونەکانی خۆی لە کتێبە بەناوبانگەکەی «دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان».

بە ھەمان شێوەی داروین، واڵسیش کارێکی مەیدانی چڕی ئەنجام دەدا. یەکەم جار لە ناوچەی حەوزی ڕووبارەکانی ئامازۆن و دواتر لە کۆمەڵە دوورگەکانی مالای کە توانی ھەستێت بە دۆزینەوە و پێناسەکردنی دابەشکەری ئاژەڵی (ئێستا ناسراو بە ھێلی واڵس) کە ئاژەڵانی کۆمەڵە دوورگەکانی ئەندەنووسیا دابەش دەکات بەسەر دوو بەشی جیاوازدا، بەشی ڕۆژاوا کە زۆربەی ئاژەڵەکانی ئەم ناوچەیە سەرچاوەیەکی ئاسیاییان ھەیە و ھەروەھا لەگەڵ بەشی ڕۆژھەڵات کە ئاژەڵەکانی ناوچەکە سەرچاوەیەکی ئوسترالییان ھەیە.

لە سەدەی نۆزدەھەم دا واڵس بە یەکێک لە زانا و پسپۆرانی پێشەنگ دادەنرا دەربارەی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی جۆرەکانی ئاژەڵ و ھەندێک جار بە «باوکی جوگرافیای زیندەیی» ناوی دەھێنرا.[٣] سەرەڕای دۆزینەوە ھاوبەشەکەی لە ھەڵبژاردەی سروشتی دا چەندین بەژداری و کۆمەکی کردووە لە پەرەسەندنی بیردۆزەکانی پەرەسەندن، وەک چەمکی ڕەنگ گۆرینی وریاکەرەوە لە ئاژەڵەکان دا.

کتێبەکەی ساڵی ١٩٠٤ی واڵس بە ناوی (پێگەی مرۆڤ لە گەردوون دا - Man's Place in the Universe) یەکەمین ھەوڵی گرنگ بوو لەلایەن زیندەزانێکەوە بۆ ھەڵسەنگندنی ئەگەری بوونی ژیان لەسەر ھەسارەکانی دیکە و ھەروەھا یەکێک بوو لە یەکەمین زاناکان کە شیکردنەوەیەکی قوڵ بنووسێت لەسەر بابەتی بوونی ژیان لەسەر مەریخ.[٤]

بۆچوونە ناباوەکانی وەک پەرەسەندن بەشێوەیەکی بەرچاو سەرنجی واڵسیان ڕادەکێشا. بانگەشەکانی دەربارەی ڕێبازی رۆحی و باوەڕەکانی لەسەر سەرچاوە و سەرەتای نا ماددی مرۆڤەکان ببووە ھۆی تێکدان و خراپکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەندێک لە ئەندامانی دامەزراوە زانستییەکان.

جگە لە کار و بەرھەمە زانستییەکانی چالاکەوانێکی کۆمەڵایەتی بوو کە ڕەخنەی ھەبوو لەسەر پێڕەوی نادادپەروەرانەی کۆمەڵایەتی و ئابووری (سەرمایەداری - Capitalism) سەدەی نۆزدەھەمی بەڕیتانیا. لە ئەنجامی ئارەزووکردنی لە مێژووی سروشتی دا یەکێک بوو لە یەکەمین زانا دایارەکان کە ھەستا بە پیشاندانی نیگەرانی دەربارە ی کاریگەری ئەو چالاکییانەی مرۆڤ ھەیەتی لەسەر ژینگە.

ڕەنگ گۆرینی وریاکەرەوە و ھەڵبژاردەی سێکسی.

رەنگ گۆرینی وریاکەرەوە یەکێکە لەو بوارانەی پەرەسەندنی ڕەنگی ئاژەڵان کە واڵس کاری لەسەر کردووە[٩٥] و بابەتی ناکۆکیی نێوان واڵس و داروین بوو بە درێژای ژیانیان دەربارەی گرنگی ھەڵبژاردەی سێکسی.

لە ساڵی ١٨٧٦ دا، داروین بۆ واڵس دەنووسێت دەربارەی کێشەیەک لە شیکردنەوەی ئەوەی کە چۆن دەکرێت ھەندێک لە (کرمی پەپوولە – کرمە لیقە - Caterpillar) فێلی ڕەنگیان پەرەپێسەندبێت. داروین باوەڕی وابوو کە چەندین لەو ئاژەڵانەی خاوەنی فێڵی ڕەنگی ئاشکرا و بەرچاون ھۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ھەڵبژاردەی سێکسی بەڵام ئەمە لە باری (کرمە پەپوولە) دا دروست نییە. پاشان واڵس وەڵام دەداتەوە کە ھێنری بەیتز سەرنجی داوە لە زۆربەی پەپوولە تایبەتەکان خاوەنەی بۆن و تامێکی نامۆن وە لەلایەن (جۆن جێنەر وێر) پێی وتراوە کە باڵندەکان جۆرێکی دیاریکراوی مێرووی مۆرانەی باوی ڕەنگ سپی ناخۆن چونکە ناخۆش و دڵبردە نیین بۆ تام و خواردن.

ھەندێک لە کتێبەکان

دەستکاری
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٥٣) دارخورماکانی ئامازۆن و سوودەکانیان.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٦٩) کۆمەڵە دوورگەکانی مالای.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٧٠) کۆمەکەکانی بۆ بیردۆزی ھەڵنژاردەی سروشتی.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٧٦) دابەشبوونی جوگرافی ئاژەڵان.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٧٨) سروشتی گەرمەسێری و وتارەکانی دیکە.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٨١) ژیانی دوورگە.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٨٩) داروینی (داروینزم): شرۆڤەی بیردۆزی ھەڵبژاردەی سروشتی لەگەڵ ھەندێک لە سوودەکانی.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٨٨٩) گەشتەکانی ئامازۆن و ریۆ نیگرۆ.
  • واڵس، ئەلفرێد ڕەسڵ (١٩٠٣) پێگەی مرۆڤ لە گەردوون دا.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Smith، Charles H. «Responses to Questions Frequently Asked About Wallace: Was Wallace actually a Welshman, as seems to be increasingly claimed?». The Alfred Russel Wallace Page hosted by Western Kentucky University. لە ڕەسەنەکە لە ٩ی ئایاری ٢٠٠٨ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٨ ھێنراوە.
  2. ^ Wallace، Alfred. «On the Tendency of Varieties to Depart Indefinitely From the Original Type». The Alfred Russel Wallace Page hosted by Western Kentucky University. لە ٢٩ی نیسانی ٢٠٠٧ لە ڕەسەنەکەوە ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٧ ھێنراوە. ٢٩ی نیسانی ٢٠٠٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  3. ^ Smith، Charles H. «Alfred Russel Wallace: Evolution of an Evolutionist Introduction». Western Kentucky University. لە ڕەسەنەکە لە ١٨ی شوباتی ٢٠٠٩ ئەرشیڤ کراوە. لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٠٧ ھێنراوە.
  4. ^ «Is Mars Habitable?, by Alfred Russel Wallace». people.wku.edu. لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ھێنراوە.