دیسیدێریس ئیراسموس رۆتەرداموس ( Desiderius Erasmus Roterodamus ) (٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٤٦٦ – ١٢ی تەمموزی ١٥٣٦) فەیلەسوفێكی هۆڵەندی و ڕۆشنبیرێكی مەسیحی بوو کە بە یەکێك لە مەزنترین ڕۆشنبیر و نووسەرەکان دادەنرێت لە باکوری ڕێنیسانس. وەك قەشە و پیاوێكی ئاینیی مەسیحی کاسۆلیکیی، ئیراسموس بە کەسایەتییەکی رۆشنبیری گرنگ دادەنرا کە نووسینەکانی بە زمانی لاتینی پاراو بڵاوکردۆتەوە. لەنێو هەموو نووسەرە مرۆڤدۆستەکان دا نازناوی "شازادەی مرۆڤدۆستەکان"ی پێ بەخشراوە و هەروەها بە "شانازی مەسیحییە مرۆڤدۆستەکان" بانگکراوە.[١][٢][٣]

لەکاتی کارکردن لەسەر نووسینەکان بە بەکارهێنانی شێوازە مرۆڤدۆستانەکانەوە توانیویەتی چاپی نوێی کتێبی پیرۆزی ئینجل "پەیمانی نوێ" ئامادەبکات بە زمانی لاتینی و ئغریقی کە بووە یارمەتیدەر لە سەرهەڵدانی چەندین پرسیاری کاریگەر لە سەردەمەکانی (چاکسازی پرۆستانت) و (دژە چاکسازی کاسۆلیکی).

بۆ ئەو سەردەمە ئیراسموس خرابووە بەر باشترین پەروەردە و فێرکردن لە چەند خوێندنگەیەکەی ئایینی و نیمچە ئایینی دا. لە ساڵی ١٤٧٥ دا خۆی و برا گەورەکەی (پیتەر) نێردرابوون بۆ یەکێك لە باشترین قوتابخانە لاتینییەکانی هۆڵەندا کە دەکەوتە شاری (دێڤێنتەر) و لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ئایینییەوە خاوەندرێتی دەکرا. لە کاتی خوێندنی لەو قوتابخانەیەدا، بەرنامەی خوێندنی قوتابخانە گۆرانکاری بەسەردا هات و نوێ کرایەوە لەلایەن بەرێوبەری قوتابخانەکە و بۆ یەکەمین جار لە ئەوروپادا زمانی ئغریقی لە ناوەندێكی نزمتر لە زانکۆ دەخوێنرا و لەو کاتەوە ئیراسموس دەستی کرد بە فێربوونی زمانەکە. هەر لەوێ بنەمای گرنگی پەیوەندی تاکەکەسیی لەگەڵ خودادا لەلا کۆڵەکە بوو بەڵام لەهەمان کات دا خۆی بەدور دەگرت لە یاسا و شێوازە توندەکانی مامۆستا و فێرکارە ئایینییەکان. ماوەی خوێندنەکەی کۆتایی هات کاتێك لەشاڵی ١٤٨٣دا پەتای (تاعوون) لە شارەکەدا بڵاوبۆوە و بەو هۆیەوە دایکی گیانی لەدەستدا.[٤]

دەستپێکی ڕێبازی پرۆستانیزم دەستکاری

لە دوای ساڵێك لە چاپکردنی بەرهەمەکەی (چاپی ئغریقی پەیمانی نوێ - ئنجیل) سەردەمی (چاکسازی پرۆستانت) دەستی پێکرد و بووە هۆی تاقیکردنەوەی کەسایەتی ئیراسموس. کێشەکانی نێوان کەنیسەی (ڕێبازی) کاسۆلیکی و ئەو ڕەوتە ئاینییەی لە گەشەکردن دا بووە کە دواتر بە (ڕێبازی پرۆستانیزم) دەناسرێت ئەو دیدگەیەی ڕوونکردبۆوە کە کەمێك لە نووسەرەکان دەتوانن خۆیان دەرباز بکەن لە نەنووسین لەسەر بابەتەکە. سەرەڕای ئەو هەموو رەخنەیەی ڕووبەڕوی گەندەڵی پیاوانی ئایینی و دەستدرێژییەکانی کەنیسەی کاسۆلیکی دەکرایەوە ئیراسموس خۆی بەدوور گرت لە جۆڵانەوە چاکسزایخوازەکە و نەچووە بەرەی هیچ ڕێباز و لایەنێك.  کۆمەڵگە و جیهان بە شێوازە هونەرییە تەنز ئاساکەی پێدەکەنین بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەم لە نووسەران لەسەر شێوازەکەی دەیاننووسی و گفتووگۆیان دەکرد و ئیراسموس خۆی پێی وابوو کە بەرهەمەکانی تەنها باشترین مێشکەکان و هێزە بەتواناکانی جیهانی ئایینی توانیویانە لێی تێبگەن . ئەم نووسەرە لەڕێی نامەکانیەوە هەڵنەدەستا بە بنیادنانی ژمارەیەکی زۆر لە پشتیوانیکەران بەڵکو بە تەنها بە زمانەکانی لاتینی و ئغریقی دەینووسی کە بە زمانی ڕۆشنبیران و نووسەران دادەنرا و ڕەخنەکانی دەگەیشتە ژمارەیەکی کەم لە گوێگران و خوێنەران  بەڵام توانادار و تایبەتمەند.[٥]

نووسینەکانی دەستکاری

ئیراسموس لەسەر هەردوو بابەتی کەنیسە و بەرژەوەندییە گشتییەکان مرۆڤ نووسیویەتی و لە ساڵانی ١٥٣٠کان دا بەرهەمەکانی ئیراسموس ٪١٠-٢٠ کۆی فرۆشی کتێبەکانیان پێکدەهێنا لە ئەوروپا. بە هەماهەنگی لەگەڵ شاعیری ئیتاڵی (پوبیلۆ فاوستۆ ئاندرلێینی) هەستا بە دانانی کۆکراوەیەك لە دەستەواژە و پەندی لاتینی کە بە "Adagia" ناسراوبوو. دەستەواژەی " سندووقی پەندۆرا – Pandora's box" بە داهێنانی ئیراسموس دادەنرێت.

گیانلەدەستدان دەستکاری

لەکاتی کەمبوونەوەی هێز و توانای دا، هەستا بە پەسەندکردنی بانگێشتنامەی شاژن ماری وڵاتی هەنگاریا بۆ گواستنەوەی ژیانی لە شاری(فریبێگ)ەوە بۆ (برابانت) و لە کاتی ئامادەکارییەکانی کردەی گواستنەوەکە لە ساڵی ١٥٣٦ دا بەشێوەیەکی کتووپڕ گیانی لەدەستدا. هەتا کۆتا چرکەکانی ژیانی بە وەفاداری مایەوە بەارمبەر دەسەڵاتەکانی پاپا لە رۆما بەڵام فریانەکەوت گیانلەدەستدانەکەی لەسەر دابونەریتی ڕێبازی کاسۆلیکی بەڕێوەبچێت و لە ڕاپۆرتی گیانلەدەستدانەکەی دا هیچ ئاماژەیەکی تێدانییە کە لەکۆتا ساتەکانی ژیانی دا داوای قەشەی کردبێت یان نا. بەپێی بۆچوونی پرۆفیسۆر (ژان ڤان هێرواردن) ئەم ڕووداوە هاوتەریبە بە بیروڕاکانی ئیراسموس کە پێی وابووە نیشانە ڕووکەشەکان گرنگ نین بەڵکو ئەوەی گرنگە پەیوەندی ڕاستەوخۆی کەسی باوەڕدارە لەگەڵ خودادا.

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ Gleason, John B. "The Birth Dates of John Colet and Erasmus of Rotterdam: Fresh Documentary Evidence," Renaissance Quarterly, The University of Chicago Press on behalf of the Renaissance Society of America, Vol. 32, No. 1 (Spring, 1979), pp. 73–76; www.jstor.org
  2. ^ Harry Vredeveld, "The Ages of Erasmus and the Year of his Birth", Renaissance Quarterly, Vol. 46, No. 4 (Winter, 1993), pp. 754–809, www.jstor.org
  3. ^ Tracy, James D. "Desiderius Erasmus Biography & Facts". Encyclopedia Britannica. Encyclopedia Britannica. Retrieved 29 May 2018.
  4. ^ Dixon, C. Scott (2012). Contesting the Reformation. Wiley-Blackwell. p. 60. ISBN 978-1-4051-1323-6. Erasmus had been criticizing the Catholic church for years before the reformers emerged, and not just pointing up its failings but questioning many of its basic teachings. He was the author of a series of publications, including a Greek edition of the New Testament (1516), which laid the foundations for a model of Christianity that called for a pared-down, internalized style of religiosity focused on Scripture rather than the elaborate, and incessant, outward rituals of the medieval church. Erasmus was not a forerunner in the sense that he conceived or defended ideas that later made up the substance of the Reformation thought. [...] It is enough that some of his ideas merged with the later Reformation message.
  5. ^ Nauert, Charles. "Desiderius Erasmus". Winter 2009 Edition. Stanford Encyclopedia of Philosophy. Retrieved 2012-02-10. Erasmus was a native of the Netherlands, born at Rotterdam in the county of Holland on 27 October of some year in the late 1460s; 1466 now seems to be the year that most biographers prefer. Erasmus's own statements on the year of his birth are contradictory, perhaps because he did not know for certain but probably because later in life he wanted to emphasize the excessively early age at which his guardians pushed him and his elder brother Peter to enter monastic life, in order to support his efforts to be released from his monastic vows.