ئیدیالیزمی سووژەیی

ڕوانگەی فەلسەفیی ھەر زەین بە واقیعی دانەر

ئیدیالیزمی سووژەیی یا ئیدیالیزمی سوبژەکتیڤ یا ئیدیالیزمی ئەزموونی یا ماددەناباوەڕی شێوەیەک مۆنیزمی فەلسەفییە کە دەڵێ ھەر زەین ھەیە و بەس. واتە باوەڕی بە بوونی شتە ماددییەکان نییە، بۆیە «ماددەناباوەڕی»شی پێ دەڵێن. ئیدیالیزمی سووژەیی، دوالیزم و مۆنیزمی لاشەڕ و ماتریالیزم ڕەت دەکاتەوە.

جۆرج بارکلی پەرەپێدەری ئیدیالیزمی سووژەیی بوو.

ئیدیالیزمی سووژەیی ئاوێتەیەکە لە ئیمپیریزم (بەتایبەت فینۆمیناڵیزم) و ئیدیالیزم. ئیمپیریزم جێگەیەکی تایبەت تەرخان دەکا بۆ ھەرچی کە ڕاستەوخۆ ھەستی پێ بکرێ و، ئیدیالیزمیش جێگەیەکی تایبەت دادەنێ بۆ ھەرچی کە «زەینی» بێ. ئیدیالیزم حاشا لە ھەبوونی بابەتی نا-زەینی دەکا، یا لەباربوونی بۆ ناسین ڕەت دەکاتەوە. کاری فینۆمیناڵیزمیش ئەوەیە بابەتی زەینی لە ناو سنووری ئەزمووندا بەرتەسک بکاتەوە. کەوایە، ئیدیالیزمی سووژەیی، کە تێکەڵی ئەو دووانەیە، جۆرێک ئیدیالیزمە کە واقیعە زەینییەکەی خۆی (یانی تەنیا شێوەیەک لە واقیع کە ئیدیالیزم باوەڕی پێیە) لەگەڵ «جیھانی ئەزموونگەلی ئاسایی»دا بە عەینی شت دادەنێ و، نە لە بابەت «خواییبوون»ی ئەو واقیعە قسەیەک دەکا (پێچەوانەی پانتەئیزم)، نە لە بابەت ئەوەوە کە شێوەی تەواوێتییەکی یەکپارچەی بنەڕەتیی ھەیە (پێچەوانەی ئیدیالیزمی ڕەھا). بەم ئیدیالیزمە دەڵێن سووژەیی، نەک لەبەر ئەوەی کە حاشا لە بوونی واقیعێکی ئۆبژەیی دەکا، بەڵکوو لەبەر ئەوە کە دەڵێ ئەو واقیعە بەتەواوی بەستراوە بە سووژە و ھەستپێکرانی لە لایەن زەینی سووژەوە.

لە سەدەی ھەژدەیەمدا نووسراوەکانی جۆرج بارکلی پەرەیان دا بە ئیدیالیزمی سووژەیی. بارکلی بەڵگەی دەھێنایەوە کە ئیدیای ھەبوونی واقیع بە چەشنی سەربەخۆ لە زەین، ئیدیایەکی ترازاو و شپرز دەنوێنێ و، لە کۆتاییدا بەو ئاکامە دەگەیشت کە جیھان لە زەینی مرۆڤەکان دروست بووە. نووسەرانی دواتر بەردەوام خەریکی ململانێ بوون لەگەڵ بەڵگەھێنانەوەکانی بارکلیدا. کانت ماددەناباوەڕییەکەی بارکلیی ڕەت کردەوە و ئیدیالیزمی بەرزەجێیانەی لە جێگای دانا، کە دەیوت جیھانی سەربەخۆ لە زەین ھەیە، بەڵام نەشیاوی ناسینە.

سەرچاوەکان

دەستکاری