ئەنتون لۆرێنت دی لاڤوازیێ (بە فەڕەنسی: Antoine-Laurent de Lavoisier) ناسراو بە ئەنتۆن لاڤوازیی کەسێکی خانەدان و کیمیاگەر بوو و کەسایەتییەکی گرنگ بوو لە شوڕشی کیمیایی سەدەی ھەژدەیەم. ھەروەھا کاریگەرییەکی گەورەی ھەبووە لە مێژووی کیمیاو مێژووی زیندەوەرزانیی. لاڤوازیێ بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ئەدەبیاتی گشتیدا ناسراوە بە باوکی کیمیای نوێ.

ئانتوان لاڤوازیێ

لەدایکبوون (١٧٤٣-0٨-٢٦) ٢٦ی ئابی ١٧٤٣
مەرگ٨ی ئایاری ١٧٩٤(١٧٩٤-٠٥-٠٨) (٥٠ ساڵ ژیاوە)
پاریس، فەڕانسە
ھۆکاری مەرگلەسێدارەدران
شوێنی گۆڕپاریس
ناسراوە بەدۆزینەوەی ئۆکسیژێن، دۆزینەوەی ھایدرۆجین
واژوو

بەشێوەیەکی گشتیوا لەقەڵەم دەدرێ کە دەسکەوتە گەورەکەی لاڤوازیێ بە بەرفراوانی ھەڵقوڵاوە لە گوڕینی زانست لە جۆرێتییەوە بۆ چەندێتی بۆ شیکردنەوەی زانستی کیمیایی. لاڤوازیێ ناسراوترین کەسە لە دوزینەوەی ڕوڵی گرنگی ئۆکسجین لە سوتاندا. لاڤوازیێ لە ساڵی ١٧٧٨ ئۆکسجینی ناساندو ناوی لێنا. ھەروەھا لە ساڵی ١٧٨٣ ھایدروجینیشی ناساند و دژایەتی بیردۆزی فڵوجیستونیش (کە تایبەتە بە ئاگرو سوتان) ی کرد. لاڤوازیێ ڕۆڵی ھەبوو لە دروستکردنی سیستەمی مەتری دا، ھەروەھا یەکەم لیستی توخمە فراوانەکانی نووسی و یارمەتیدەری چاکسازی بوو لە کومەڵە زاراوەیەکی کیمیایی دا. ئەو پێشبینی ھەبوونی ئاوێتەی سیلیکۆنی کرد لە سالی ١٧٨٧، ھەروەھا یەکەم کەس بوو کە توخمی گوگردیسەلماند وەک توخم نەک وەک لێکدراو. لاڤوازیێ ئەوەی دۆزییەوە کە ھەرچەندە ماددە لەوانەیە شێوە و شێوازی خۆی بگوڕێ بەڵام بڕ یاخود کێشەکەی ناگورێ.[١]

لاڤوازیێ ئەندامێکی بەھێزی ئەنجومەنەکانی ئەرستوکراتی (بەگزادەیی) بووەو بەڕێوەبەری (فیرمی ژێنێرال) د واتە دەزگاری بریکاری باج بوو. فیرمی ژێنێڕال یەکێک بوو لە بەشە سەرەکییەکانی ڕژێمی پێشووی پاشایاتی فەڕەنسا کە زۆر نەخوازراو بوو بە ھۆی ئەو پارەیەی کە بۆ خۆی ھەڵی دەگرت لە خەرجی وڵات و نھێنی بڕگەی گرێبەستەکان و توندوتیژی بریکارە چەکدارەکانی. ھەموو چالاکییە سیاسی و ئابوورییەکانی لاڤوازیێ ھۆکارو یارمەتیدەر بوون کە بتوانێ خەرجی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی بکات. لەو کاتەی کە شوڕشی فەڕەنسا لە لوتکەدابوو، لاڤوازیێ سزادرا بەھۆی فێڵ کردن لە باج و فرۆشتنی توتنی خراپ یاخوود پیس (ڕێگەپێنەدراو)، ھەروەھا بەو ھۆیەشەوە لە سێدارە درا.

ژیاننامە

دەستکاری

سەرەتای ژیان و پەروەردە

دەستکاری

ئەنتون ڵۆڕێنت لاڤوازیێ لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەند و خانەدان لەدایکبوو لە ٢٦ی ئابی ١٧٤٣ لە پاریس. کوڕی پارێزەرێک بوو لە پەرلەمانی پاریس. لاڤوازیێ لەتەمەنی پێنج ساڵیدا میراتێکی زووری وەرگرت لەدوای مردنی دایکی. لە کۆلێژی مازارینی سەر بە زانکۆی پاریس دەستی بە خوێندن کرد لە ساڵی ١٧٥٤ لە تەمەنی یازدە ساڵی. لە ھەردوو ساڵەکانی کۆتایی قوتابخانە ئارەزووی زانستیی بۆ دروست بوو و دەستی کرد بە خوێندنی کیمیاو ڕووەکناسی و گەردوون ناسی و ھەروەھا بیرکاری. لە پولی فەلسەفەدا لە لایەن ئابێ نیکۆڵاس لویس دێ لاسایلێ سەرپەرشتی و چاودێری دەکرا کە شارەزایەکی بەناوبانگی بیرکاری و گەردوونناسێکی چاودێر بوو. ئەو زانایە لاڤوازیێ ی گەنجی فێری ئەوە کرد کە حەزی بۆ کەشناسی بچێ بەجۆرێک کە پەرۆشی و خوشەویستییەکەی وایکرد ھەرگیز وازی لێ نەھێنێ. لاڤوازیێ چووە بەشی یاساو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەست ھێنا لە ساڵی ١٧٦٣. ھەروەھا مۆڵەتی پارێزەرێتی بەدەست ھێنا لە سالی ١٧٦٤. لاڤوازیێ بڕوانامەی یاساناسی بەدەست ھێناو بووە ئەندامی سەندیکای پارێزەران، بەڵام ھەرگیز وەک پارێزەر ئیشی نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەردەوام بوو لە خوێندنەوە لەبواری زانستیی لەکاتە بەتاڵەکانیدا.[٢]

سەرەتای کارە زانستییەکانی

دەستکاری

پەروەردەبوونی لاڤوازیێ لە لایەن چەندین ڕۆشنفکرە دیارەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی فەڕەنسییەوە بوو و شەیدای فەرھەنگە کیمیایییەکەی پیێر ماکیور بوو. لاڤوازیێ بەشداری وانە زانستیی سروشتییەکانی دەکرد. لێبڕان و خوشەویستیی لاڤوازیێ بۆ کیمیا زیاتر بەھۆی کاریگەری ئێتین کوندیڵاک بوو کە زانایەکی دیاری فەڕەنسی بوو لەسەدەی ھەژدەیەم. یەکەم بڵاوکراوەی کیمیایی لاڤوازیێ لە ساڵی ١٧٦٤ بوو. لە ساڵەکانی ١٧٦٣ تا ١٧٦٧ دەستی بە خوێندنی زەویناسی کرد لەژێر دەستی زانای کانزاناس جین ئێتین گیتارد. بەیارمەتی گیتارد لە حوزەیرانی ١٧٦٧ کاری لەسەر پێوانێکی زەویناسی لەناوچەی ئالسێس لوڕێین کرد. لە ساڵی ١٧٦٤ یەکەم توێژینەوەی خۆی خوێندەوە بۆ ئەکادیمیای زانستەکاننی فەڕەنسی کە ھەڵبژێردراوترین کومەڵگای فەڕەنسی بوو بۆ تایبەتمەندییە کیمیایی و فیزیایییەکانی گەچ (کاڵسیوم و گۆگردی ئاوێتەبوو). لە ساڵی ١٧٦٦ بە مەدالیای زێر خەڵاتکرا لە لایەن پاشا لەبەرامبەر وتارێکی لەسەر کێشەکانی ڕوناککرنەوەی شەقامەکانی شار. لە ساڵی ١٧٦٨ لاڤوازیێ پۆستێکی کاتی بەدەست ھێنا لە ئەکادیمیای زانستەکان. لە ساڵی١٧٦٩ ئیشی لەسەر یەکەم نەخشەی زەویناسی فەڕەنسا کرد.[٣]

لاڤوازیێ وەک چاکسازێکی کۆمەڵایەتی

دەستکاری

توێژینەوە زانستییەکانی بۆ بەرژەوەندی گشتیی

دەستکاری

لەکاتێکدا لاڤوازیێ بە بەربڵاوی ناسراوە بە ڕۆڵی کاریگەری لە بواری زانستیدا، بەشێکی گرنگی سامانەکەی و ئیشەکەی تایبەت کردبوو بە سوود گەیاندن بە خەڵک. لاڤوازیێ کەسێکی خێرخواز بوو، گرنگییەکی زۆری دەدا بە خەڵکی وڵاتەکەی بایەخێکی زۆری دەدا بەبواری گوزەرانی دانیشتوانی وڵاتەکەی لەڕووی کشتوکاڵی و پیشەسازی و زانستەکانی تر. یەکەم نموونەی ئەم پەرۆشییەی لەوەدا بەدەرکەوت کە لە ساڵی ١٧٦٥ وتارێکی لەسەر بەرەوپێش بردنی ڕوناککرنەوەی شەقامەکانی شار نارد بۆ ئەکادیمیای زانستەکانی فەڕەنسی.

دوای سێ ساڵ، لە سالی ١٧٦٨ گرنگی دا بە پڕۆژەیەکی نوێ بۆ نەخشەکێشانی ڕێڕەوی ئاو. مەبەست لەمەدا ئەوە بوو ئاو بھێنێت لە ڕوباری ئیڤێت بۆ ناوشاری پاریس، بەم شێوەیەش دانیشتوانی شارەکە دەتوانن ئاوی پاکی خواردنەوەیان ھەبێ. بەڵام بەھۆی ئەوەی پڕۆژەکە ھەرگیز دەستی پێنەکرد، لاڤوازیێ لەبری ئەوە سەرنجی وەرگێڕایە سەر خاوێنکردنەوەی ئاوی ڕووباری سێین. ئەمە ئەو پڕۆژەیە بوو کە وای لە لاڤوازیێ کرد بایەخ بدات بە کیمیای ئاوو ئەرکەکانی دابینکردنی تەندروستی گشتی ئاوو ئاوەڕۆ.[٤]

سەرباری ئەوەش، ئەو حەزی لە گرنگیدان بوو بە جۆر و پاک و خاوێنی ھەوا. ھەندێ لە کاتەکانی بەسەربرد لە خوێندنی مەترسییەکانی تەندروستی کە پەیوەستن بە کاریگەری بارووت لەسەر ھەوا. لە ساڵی ١٧٧٢ ھەستا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەک لە سەر چۆنییەتی دووبارە بنیاتنانەوەی نەخۆشخانەی (ھۆتێل دیو) بەجۆرێک کە ڕێگە بە ھەواگوڕکێیەکی گونجاو و ھەوای پاک بدات بچێتە ناوی، دوای ئەوەی کە زیانی بەرکەوتبوو بەھۆی ئاگرکەوتنەوە.

لەو کاتەدا زیندانەکانی پاریس بەوە ناسرابوون کە بەشێوەیەکی گشتی ژیان تیایاندا گونجاو نەبوو، ھەروەھا مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان بێبەزەییانە بوو. لاڤوازیێ لە ساڵی١٧٨٠ بۆ١٧٩١ بەشداری کرد لە لێکۆڵینەوە لەسەر پاک و خاوێنی و تەندروستی زیندانەکان و ھەروەھا ھەندێ پێشنیاری پێشکەش کرد بۆ بەرەو پێشبردنی باروودۆخی ژیان و گوزەرانی زیندانیان، بەڵام زۆربەی پێشنیارەکان پشتگوێ خران.

جارێکیان لاڤوازیێ وەک بەشێکی ئەکادیمیا، کێبڕکێیەکی ئەنجامدا بۆ ئەوەی ئاراستەی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی بکاتە ھاندەرێک بۆ بەرەوپێش بردنی بارودۆخی خەڵک و لێکۆڵینەوەکانی خۆیشی. یەکێک لەو پڕوژانەی کە پێشنیاری کرد لە ساڵی ١٧٩٣ ئەوەبوو کە تەندروستی خەڵک بەرەوپێش ببات لەبواری ھونەرە ناتەندروست و مەترسیدارەکان.[٥]

سەرپەرشتی کردنی زانست

دەستکاری

لاڤوازیێ تێڕوانینێکی ھەبوو لەسەر پەروەردەی گشتی کە ڕەگی ھەبێ یاخود بەشداربێ لە بە کومەڵایەتی کردنی کاری زانستی و چاکەکردن یاخود مرۆڤ دۆستی. لاڤوازیێ ڕێژەیەکی بەرفراوانی دەرامەتەکەی بەدەست ھێنا لە ڕێگەی کڕینی پشکی کۆمپانیای (کێڵگەی گشتی) کە ڕێگەی پێدا بە بەردەوامی کار لەسەر زانست بکات و بە خۆشگوزەرانی بژیت و لێشی ببەخشێت لەپێناو بەرەوپێش بردنی کومەڵگا. (ھەروەھا ئەمە بووە ھۆی لەناوچوونی لە سەردەمی تیرۆر و کوشتنی خەڵک دوای چەند ساڵێک).[٦]

دەستەبەرکردنی پاڵپشتی دارایی حکومی بۆ زانست زۆر سەخت بوو لەوکاتەدا و، سەرەڕای کارکردن لەبواری زانستی قازانجێکی ئەوتۆی بۆ زانایان دەستەبەر نەدەکرد. بۆیە لاڤوازیێ سامانی خۆی بەکارھێنا بۆ کردنەوەی تاقیگەیەکی گرانبەھا و کارامە لە فەڕەنسا بۆ ئەوەی زانا ئارەزوومەندەکان بتوانن بەکاری بھێنن بۆ خوێندن و توێژینەوە بەبێ ئەوەی خەمی ئەوەیان بێت کە پاڵپشتی دارایی بۆ لێکۆڵینەوەکانیان دابین بکەن.

ھەروەھا لاڤوازیێ پاڵنەرەک بوو بۆ خوێندنی حکومی لەبواری زانستەکان. لاڤوازیێ دوو ڕێکخراوی دامەزراند، ڕێکخراوی (لیسێ) و مۆزەخانەی نەخشەدانانی پیشەسازی فەڕەنسی، کە ھەردووکیان وەک ئامرازێک بۆخزمەتکردنی کۆمەڵگا لەبواری خوێندن و پەروەردە دروست کرابوون. ئەم دوو ڕێکخراوە لە لایەن کەسانی دەوڵەمەند و خانەدانەوە پاڵپشتی دارایی بەردەوامیان بۆ تەرخان دەکرا و بەمەش دەزگای (لیسێ) لە ساڵی ١٧٩٣ەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام خول و کۆرسی پێشکەشی خەڵک دەکرد.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ داڕێژە:Cite Oxford Dictionaries
  2. ^ «Chemical Knowledge in the Early Modern World». Chicago: University of Chicago Press. 2014.
  3. ^ Hogan, C. Michael (2011). "Sulfur" 28 October 2012 لە وەیبەک مەشین ئەرشیڤ کراوە. in Encyclopedia of Earth, eds. A. Jorgensen and C.J. Cleveland, National Council for Science and the environment, Washington DC
  4. ^ Schama، Simon (1989). Citizens: A Chronicle of the French Revolution. Alfred A Knopf. p. 73.
  5. ^ داڕێژە:Cite CE1913
  6. ^ Antoine Lavoisier: founder of modern chemistry. Berkeley Heights, NJ: Enslow Publishers. 2008. p. 115. ISBN 978-0-7660-3011-4. لە 25 July 2016 ھێنراوە. {{cite book}}: نرخەکانی ڕێکەوت بپشکنە لە: |accessdate= (یارمەتی)