ھەڵبەستی پاڵەوانی
ھەڵبەستی پاڵەوانی، پاڵەواننامە، ئێپیک، حیماسە یان حەماسە (بە ئینگلیزی: Epic poetry) چەشنێک لە ھەڵبەستی گێڕانەوەییی دڕێژە کە زۆرتر سەبارەت بە کردەوە نائاساییەکانی کەسایەتییە نائاساییەکان دەھۆنرێتەوە کە لەگەڵ خواکان و ھێزە سەروومرۆڤییەکان لە پەیوەندیدان و گەردوونی فانی بۆ نەوەکانییان بەدی دەھێنن.[١]
وشەڕەت
دەستکاریلە زمانی ئینگلیزیدا بە ھەڵبەستی پاڵەوانی ئێپیک (بە ئینگلیزی: epic) دەڵێن کە لە وشەی لاتینی ئێپیکووس (epicus) گێڕاوە و ئەوەیش لە وشەی یوونانیی کۆنی ئپیکۆس (epikos) گێڕاوە کە لە سەروشەی ئێپۆس (epos)[٢] بە واتای وشە، چیرۆک و ھەڵبەستە.[٣]
لە زمانی یوونانیی کۆن وشەی ئێپیک (epic) دەتوانێت ئاماژە بە ھەموو ھەڵبەستێک بکات کە لە سەر کێشی شەش بڕگەیی یان ئێپیا (epea) بێت کە نە تەنیا ھۆمیرۆس، بەڵکوو ھەڵبەستە زاناییەکانی ھێسیۆدۆس، گوتنەکانی پێشبینیکەری دلفی، و بەیتەکانی نامۆی خواناسانەی نیسبەتدراو بە ئۆرفێئۆس لەوانەیە. بەڵام دواتر ئەمە باو دەبێت کە وشەی ئێپیک تەنیا بۆ ئاماژە کردن بە ئێپیکی پاڵەوانی و چیرۆکە قارەمانانە سنۆردار بکرێت کە مژاری ئەم وتارەیە.
لە زمانی تورکی بۆ ئەم چەشنە ھەڵبەستە وشەی ئەپیک (Epik şiir) باوە کە لە زمانی یوونانی گیراوە. لە زمانی عەرەبییش (شعر مَلحَمي) یان (المَلحَمَة) دەڵێن کە ئەم وشە لە ڕیشەی (لَحم) بە واتای گۆشت گێڕاوە و واتای شەڕی گەورە، مرۆڤکوژی و گۆڕەپانی شەڕە. لە زمانی فارسیدا بەم شێوەی ھەڵبەستە حەماسە دەڵێن کە خۆی وشەیەکی عەرەبییە و لە ڕیشەی (حَمِس) بە واتای سامناکی، دلێری، دلاوەری و ئازایییە، بەڵام لە فارسیدا جگە لە واتای پاڵەوانی و ئازایی بەگشتی بە واتای کردەوەیەکی نائاساییش بە کار دەچێت کە شانازی پێ دەکرێت.[٤] لە زمانی تەبەری بەم چەشنە ھەڵبەستە سووتخوونی دەڵێن. ھەروە ھا لە زمانی ئەرمەنی ئێپۆس (Էպոս) دەوترێت.
لە زمانی کوردییش وشەی پاڵەوان لە وشەی پەھلە یان پاڵە گێڕاوە کە ناوی وڵاتێک بووە کە لە سەرەتادا ئیمپراتۆریەتیی پارت حکوومەتیان لەسەر کردووە. ئەم وشە لە پەرسەوە (Parθava) ھاتووە کە دواتر لە زمانی پاڵەویی سەردەمی ساسانییەکان بە پەھلە گۆڕاوە و دوای ئیسلام بچۆکتر کراوە و لە سەردەمەکانی ناوێن بە ناوچەکانێک لە ناوەند و ڕۆژاوای ئێران و ڕۆژھەڵاتی کوردستانی ھەنووکەیی سنۆردار کراوە. ھەندێک لە لێکۆڵێنەرانی وێژە و مێژوو پێیان وایە کە بەھۆی ئەوەی کە خەڵکی ئەم ناوچە لە سەردەمی پارتەکان لە بەرامبەر دوژمنانی بیانی شەڕی زۆریان کردووە و بە دلێری ناسراو بوونەتەوە، ناوی خۆیانیان بەو چەشنە چیرۆک و ھەڵبەستە بەخشیوە کە سەبارەت بە ئازایی و بوێری بووە و بۆیە ئەم شێوەی وێژەییە بە ھەڵبەستی پاڵەوانی یان پاڵەواننامە ناسراوەتەوە و بە کەسایەتییەکانی ئازا و دلێرەکانیش ناوی پاڵەوان دراوەتەوە.[٥]
سەرچاوەکان
دەستکاری- ^ Michael Meyer (2005). The Bedford Introduction to Literature. Bedford: St. Martin's Press. pp. 21–28. ISBN 0-312-41242-8.
- ^ «epic». فەرھەنگی ئینگلیزیی ئۆکسفۆرد (Online ed.). چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد. (Subscription or participating institution membership required.)
- ^ «Epic». Online Etymology Dictionary.
- ^ مەزرینگەی گشتیی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میدیا: وشە و دەستەواژەی حیماسە (بە فارسی)؛ ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.
- ^ ناوەندی زانستنامەی گەورەی ئیسلامی: پھلوان (بە فارسی)، نووسینی عەلی بولووکباشی و مێھران ئەفشاری، نووسراو لە ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩؛ سەردان لە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھەڵبەستی پاڵەوانی تێدایە. |