کۆنفرانسی قاھیرە لە ساڵی ١٩٢١، کە لە کۆنووسە فەرمییەکاندا وەک "کۆنفرانسی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە لە قاھیرە و قودس بەڕێوەچوو، لە ١٢ بۆ ٣٠ی ئازاری ١٩٢١" باسکراوە، زنجیرەیەک کۆبوونەوە بوو لەلایەن بەرپرسانی بەریتانیاوە بۆ تاوتوێکردن و گفتوگۆکردنی کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، و داڕشتنی سیاسەتێکی ھاوبەش. ئەم کۆنفرانسە نھێنییەی پسپۆڕانی بەریتانی پلانی کۆنترۆڵکردنی بەریتانیای لە ھەردوو عێراق و ئوردون داڕشت. بە پێشکەشکردنی سەرکردایەتی ناوزەدی ئەو دوو ناوچەیە بە کوڕانی شەریفی مەککە، چەرچڵ پێی وابوو کە ڕۆحی بەڵێنەکانی بەریتانیا بۆ عەرەبەکان لە کاتی جەنگدا جێبەجێ کراوە، ئەگەرچی دەقی ڕاستەقینەی بەڵێنەکانیش نەبێت.[١]

نیگەرانییە تایبەتەکانی کۆنفرانسەکە چارەسەرکردنی سیاسەتە دژییەکەکان بوو کە لە نامەکانی مەکماھۆن (١٩١٥)، ڕێکەوتنامەی سایکس–پیکۆ (١٩١٦) و ڕاگەیاندنی بەلفۆر (١٩١٧) دیاریکرابوون. وینستن چێرچڵ، وەزیری نوێی کۆڵۆنییەکان، ھەموو سەرکردە سەربازی و کارگێڕە مەدەنییەکانی بەریتانیای لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بانگھێشت کرد بۆ کۆنفرانسێک لە ھۆتێلی سەمیرامیس لە قاھیرە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم کێشانە. ئەمە کۆنفرانسێکی تاقیکاری بوو کە لەلایەن نووسینگەی کۆڵۆنییەکانەوە ڕێکخرابوو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی کاریگەرتر، لەگەڵ پەیوەندی باشتر، بەبێ نامەگۆڕینەوەی درێژخایەن.

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Klieman, 1970.