چوار ھۆکار

ھۆکارەکانی جووڵە و گۆڕان بە گوێرەی ئەرەستوو

چوار ھۆکار یا چوار ھۆ یا چوار ڕوونکردنەوە، لە ئەندێشەی ئەرەستووییدا، بریتین لە چوار جۆری ڕیشەیی لە وەڵام بە پرسیاری «بۆچی؟»، لە بابەت شیکردنەوەی جووڵان یا گۆڕان لە سروشتدا: ھۆکاری ماددی، ھۆکاری شێوەیی، ھۆکاری فاعیلی و، ھۆکاری دوایین. لەبەر ئەوەی کە بەئاشکرا بە لای ئەرەستووەوە توێژینەوەی ھۆ و ھۆکرد بە مانای گەڕان بە دوای  وەڵامی پرسیاری «بۆچی؟» بووە و، پرسیاری بۆچیش خۆی داوای ڕوونکردنەوەیە، باشتر وایە وەکوو چەشنێک ڕوونکردنەوە چاو لەم چوار ھۆکارە بکرێت.[١] ئەرەستوو خۆی دەڵێ «ئێمە ھیچ ناسیارییەکمان لەبارەی شتێکەوە نییە و ھیچی لێ نازانین، تا وەختێ کە سەرمان لە بۆچییەکەی دەرنەکردووە، بۆ ئەوەش دەبێ ھۆکارەکانی ھەڵبدەین.»[٢] مەبەست لە ھۆکارەکانیشی ئەو شتانەیە کە بە جۆرێ دەستیان بووە لە بەدیھاتن و دروستبوونی ئەم شتە:

لە یەکێک لە پەیکەرە ناتەواوەکانی میکێلانجێلۆ، مەتتا، لە یارانی عیسای پێغەمبەر، خەریکە لە نەزانراو بێتە دەرەوە. خودی پەیکەرتاش و، مەبەستی لە تاشینی پەیکەرەکە و، چۆنیەتیی وێناکردن و تاشینی، ھەر ئەوەندە بۆ پەیکەرەکە پێویستن کە بەردی مەڕمەڕی بەکارھاتوو بۆ دروستکردنی.

ماددە (ھۆی ماددیی گۆڕان یا جووڵان): دیمەنێ لە گۆڕان یا جووڵان کە بە ماددە و ماتێریاڵ خۆی دەنوێنێ. بۆ وێنە، ھۆی ماددیی کورسییەک دەتوانێ چێو یا کانزا یا پلاستیک بێ؛ واتە ماددەیەک کە دەستی بووە لە بەدیھاتنی کورسییەکە چێو یا کانزا یا پلاستیکە.

شێوە یا فۆرم (ھۆی شێوەییی گۆڕان یا جووڵان): ڕواڵەتێ کە شتێکی بەدیھاتوو دەیخاتە بەر چاو. شێوە بەدیھاتنی لێھاتووییی ماددەیە و زاتی ماددەیە. ئەوەی کە شتێ دەکاتە یەک شت لەبری چەن شت. بۆ وێنە، ھۆی شێوەییی کورسییەکی پلاستیکی کورسییە، ھیی جەستەی ئینسان ئینسانە و، ھیی سندووقێکی دارین سندووقە.[٣]

فاعیل یا جووڵێنەر (ھۆی فاعیلی یا جووڵێنەری گۆڕان یا جووڵان): پێک دێ لە شتانی جیاواز لەو شتەی کە دەگۆڕێ یا دەجووڵێ کە گۆڕانەکە یا جووڵانەکە بەڕێوە دەبەن؛ ئەو شتانەی شێوە دەبەخشن بە ماددە. بۆ وێنە، ھۆی فاعیلیی کورسی دارتاشەکەیەتی، یا وەک ئەوەی ئەرەستوو دەڵێ، ھۆی فاعیلیی کوڕ باوکەکەیەتی.

ئامانج یا مەبەست (ھۆی دواییی گۆڕان یا جووڵان): مەبەستێ کە بوون بۆ ئەوە دەجووڵێ یا دەگۆڕێ، ئامانج و مەنزوورێ کە ماددە بۆ ئەوە شێوە دەگرێ. ئەمە بۆ تۆو لەوانەیە گیا بێ؛ بۆ کەشتی لەوانەیە گەڕان لە دەریاکاندا بێ؛ بۆ تۆپێک کە لەسەر تەپۆڵکەیەکە دەتوانێ ھاتنەخوارەوە بۆ وچان بێ.

لەم چوارە، دوو دانەی ئەوەڵ، واتە ماددە و شێوە، بەشێک لە چییەتیی شتەکەن و، دوو دانەی دووەم، واتە جووڵێنەر و ئامانج، لە دەرەوەی چییەتیدان.[٤]

ئەمانەش ببینە

دەستکاری

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ Falcon، Andrea (2019)، Zalta، Edward N. (ed.)، «Aristotle on Causality»، The Stanford Encyclopedia of Philosophy (Spring 2019 ed.)، Metaphysics Research Lab, Stanford University، لە 2021-08-30 ھێنراوە
  2. ^ ئەرەستوو، فیزیک ۱۹۴؛
  3. ^ «ᐅ Aristotle's Four Causes | Science Philosophy». simplyphilosophy.org. لە ڕەسەنەکە لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢١ ئەرشیڤ کراوە. لە ٣٠ی ئابی ٢٠٢١ ھێنراوە.
  4. ^ خوانساری، محمد (1356). فرهنگ اصطلاحات منطقی. بنیاد فرهنگ ایران. p. 151.{{cite book}}: ڕاگرتنی شێوازی سەرچاوەی ١: خاڵبەندیی زیادە (بەستەر)