ئاکامباوەڕی یا دەرەنجامباوەڕی[١] یا تیلیۆلۆژی (لە یۆنانییەوە: تیلیۆ «ئاکام، کۆتایی، ئامانج» و لۆگۆس «وتار، ئاوەز») ئەوەیە کە مرۆڤ بە دوای دۆزینەوەی مەبەستێک یا ئاکامێکەوە بێ تا بتوانێ شتەکانی پێ ڕوون بکاتەوە. ئاکار و کرداری مرۆڤ، تا ئەو جێیەی کە لەگەڵ ئەقڵا بخوێنێ، بە گەڕانەوە بۆ ئامانجەکان و مەبەستەکانی، ڕوون دەبێتەوە. لەمەوە، مرۆڤ بەو ئەنجامە دەگات کە شتەکانی تری سروشتیش شوێن ئامانج و مەبەستێ کەوتوون و، بە دۆزینەوەی ئەو ئامانج و مەبەستە، دەتوانێ خۆی لێیان تێبگەیێنێ. ناسراوترین لێکدانەوەی ئاکامباوەڕانە ئەوەی ئەرەستووە کە دەڵێ بۆ بەتەواوی ڕوونبوونەوەی ھەر شتێ، دەبێ چوار ھۆکاری وەدیھاتنی لە بەرچاو بگیردرێن، کە یەکێک لەو چوارە، ھۆکاری دوایینە. ھۆکاری دوایین ئامانج یا مەبەستێکە کە شتەکە بۆ ئەوە وەدی ھاتووە. سێ ھۆکارەکەی تری، بریتین لە ھۆکاری ماددی، ئەو ماددەیەی کە شتەکەی لێ دروست بووە، ھۆکاری شێوەیی، نەخش یا شێوەی شتەکە، ھۆکاری فاعیلی، کەسێ یا شتێ کە ماددەکە دەخاتە قاڵبی شێوەوە.[٢]

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ سجادی, بەختیار. فەرھەنگی زاراوەی ڕەخنەیی.
  2. ^ "Teleology | philosophy | Britannica". www.britannica.com (بە ئینگلیزی). 2023-04-10. Retrieved 2023-06-03.