نەوە فەرھەنگییەکانی ئێران

نەوە فەرھەنگییەکانی ئێران ئاماژە بەو کەسانەیە کە لە چەند قۆناغێکی دیاریکراودا لە ئێران لەدایک بوون.

دەیەی ١٣٦٠ (دەیە شەستییەکان) دەستکاری

 
پەیکان، ئۆتۆمۆبیلێکی بەناوبانگی دەیەی ١٣٦٠ی ھەتاوی و دواتر، کە لە ساڵی ١٣٤٦ەوە لەلایەن ئێران خودرۆ بەرھەم ھێنراوە.

دەیە شەستییەکان ئەو کەسانەن کە لە ساڵانی ١٣٦٠ ھەتا ١٣٦٩ی ھەتاوی (بەرامبەر بە ١٩٨١ ھەتا ١٩٩٠ی زایینی) لەدایک بوون. لە سەرەتای ئەم دەیەدا سەرەڕای ئەوەی کە ئێران تووشی کێشە گەورەکانی شەڕی ئێران و عێراق بوو، ڕێژەی منداڵبوون لە ئێران گەیشتە سەرووی ٣، لە ئەنجامدا ئێران میوانداری لە ژمارەیەکی زۆری لەدایکبوونەکانی نوێی ئەو وڵاتە کرد. یەکەم کێشەی ئەوانەی لەم دەیەدا لەدایک بوون لە سەرەتای لەدایکبوونەوە، نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی و پزیشکی بوو، پاشان پەیوەندی بە ھەندێک شتی وەکوو چاودێرییەکانی منداڵانەوە ھەبوو. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وڵات، لەم دەیەدا ڕێژەی مردنی منداڵانی ئێرانی لە نێوان ھەر ھەزار منداڵدا، ٧٫٧ حاڵەتی مردن ھەبووە. ھەروەھا ڕووداوەکانی وەک نەبوونی شیری تۆز و کەلوپەلەکانی چاودێریی منداڵان نیشان دەدەن کە منداڵی ئەم نەوەیە بوونە قوربانی سیاسەتەکانی زیادکردنی ژمارەی دانیشتووان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە. کێشەکانی سەردەمی منداڵی، پەروەردەیی، کار و بازرگانی، خانووبەرە و زیانە کۆمەڵایەتییەکانی ھەمەلایەنە بوونە ھۆی ئەوەی ئەم نەوەیە لە ئێران تووشی کێشەی جۆراوجۆر لە ژیانیاندا ببن. بەپێی ڕاپۆرتی دونیای ئیقتساد، ئەو کەسانەی لە دەیەی ١٣٦٠ی ھەتاویدا لەدایک بوون لە بواری دامەزراندن و بازرگانیدا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوونەتەوە و ئەگەر دەرچووانی بێکاری دەیەی ١٣٧٠ی ھەتاویش بە ھەمان شێوە بەنیازن بچنە ناو بازاڕەوە، قەیرانی بێکاری لە ئێراندا زیاتر دەردەکەوێت. ھەروەھا بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، کاتی بەساڵاچوونی لەدایکبووانی ئەو نەوەیە، پێدەچێت ھەندێک کەموکووڕی لە ڕاگرتن و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان بۆ بێتە پێش پێدەچێت.[١]

ھەروەھا لەدایکبووانی ئەم نەوەیە ھێمای فەرھەنگیی تایبەت بەخۆیان ھەبووە، وەکوو چەندین کەسایەتیی ناو فیلم و کارتۆنەکان.[٢]

لە ساڵی ٢٠٢٣دا، دەوڵەتی ئێران بۆ لەدایکبووانی ئەم دەیە، پلانێکی ھاندانی ھاوسەرگیری ڕەچاو کرد.[٣]

خوێندن دەستکاری

بەپێی توێژینەوە فەرمییەکان، لە دەیەی ١٣٦٠ی ھەتاویدا، قوتابییان ڕووبەڕووی کەمی شوێنی پەروەردەیی بوونەتەوە. قوتابخانەکان لە دوو، سێ و تەنانەت چوار نۆرەدا خەریکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پەروەردەیی بوون کە یەکێک لە خراپییەکانی، کەمبوونەوەی کوالیتی خوێندن و بێبەشبوونی بەشێک لە ئێرانییەکان لە خوێندنی سەرتاسەری بوو.[١]

دەیەی ١٣٧٠ (دەیە حەفتایییەکان) دەستکاری

دەیە حەفتایییەکان کەسانێکن لە ساڵانی ١٣٧٠ ھەتا ١٣٧٩ی ھەتاوی (بەرامبەر بە ١٩٩١ ھەتا ٢٠٠٠ی زایینی) لەدایک بوون. لە ئازاری ٢٠٢١دا، جێگری ڕێکخستنی کاروباری لاوانی وەزارەتی وەرزش و لاوان وتی کە «قەیرانی ئابووریی لەدایکبووانی دەیەی ١٣٦٠ی ھەتاوی بۆ لەدایکبووانی دەیەی ١٣٧٠ی ھەتاوی زیادتر دەبێت».[٤]

دەیەی ١٣٨٠ (دەیە ھەشتایییەکان) دەستکاری

 
ھەرزەکارێکی ئێرانی لە تەممووزی ٢٠١٩ لە تاران. مۆد و فاشن بە یەکێک لە شێوازەکانی ناڕەزایەتیی دەیە ھەشتایییەکان ناسراوە.

لەدایکبووانی دەیەی ١٣٨٠ی ھەتاوی یان دەیە ھەشتایییەکان لە ئێران بە ئەو کەسانە دەوترێت کە لە ساڵانی ١٣٨٠ ھەتا ھەتا ١٣٨٩ی ھەتاوی (بەرامبەر بە ٢٠٠١ ھەتا ٢٠١٠ی زایینی) لەدایک بوون. لەدایکبووانی ئەم نەوەیە بە ئاستی بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوبانگیان ھەیە.[٥]

لەدایکبووانی ئەم دەیە بەپێچەوانەی نەوەکانی پێشوو، گرووپێکی سەرکردایەتیی بیروڕایان نییە. ئەوان زۆرتر ھەواڵ و زانیاریی پێویست خۆیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەردەگرن. ھەروەھا بۆ ژیانێکی باشتر ھەوڵ دەدەن بەرەوە دەرەوە وڵات و بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژاوا کۆچ بکەن. داواکاریی سەرەکیی ئەوان ئازادی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییە.[٦]

توانای ئەم نەوەیە بۆ جێگرتنەوەی فەرھەنگی ئێران، بووەتە ھۆی مەترسیی کۆمەڵێک. محەممەدئەمین قانعیراد، کۆمەڵناسی ئێرانی، ڕای گەیاندووە کە «ئەم نەوەیە توانای ئەوەی ھەیە فەرھەنگی ئێستا بخات و فەرھەنگێکی دیکەی لەجێی دابنێت، بەڵام خۆڕاگرییەک لەلایەن فەرھەنگی فەرمییەوە بوونی ھەیە کە ھەوڵ دەدات ئەوان بباتەوە ماڵەوە». ھەروەھا ئەگەری سیاسیبوونی ئەم نەوەیە مەترسیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی لێکەوتووەتەوە.[٧]

ئەندامانی ئەم نەوەیە کە پێشتر لە ڕووی سیاسەتەوە ڕۆڵێکی وایان نەگێڕابوو، دوای کوژرانی ژینا ئەمینی تێگەیشتن کە ڕووبەڕووی ھەمان مەترسین و لە خۆپیشاندانەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینیدا ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبوو.[٦]

دەیەی ١٣٩٠ (دەیە نەوەدییەکان) دەستکاری

دەیە نەوەدییەکان ئەوانەن کە لە ساڵانی ١٣٩٠ ھەتا ١٣٩٩ی ھەتاوی (بەرامبەر بە ٢٠١١ ھەتا ٢٠٢٠ی زایینی) لەدایک بوون. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فەراروو، دەیە نەوەدییەکان لە ساڵانی پڕ لە ئاژاوەی سیاسی و ئابووریی ئێراندا لەدایک بوون و گەورە بوون. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە «زۆر کەس دەڵێن ئێرانییە پێگەیشتووەکان لە بنەڕەتەوە دەیە نەوەدییەکان ناناسن، ئەوان ساڵانێکی پڕ لە ئاژاوەیان تیپەڕ کرد». ھەروەھا لە ئەگەری ھەبوونی نیگەرانیی ئابووری لە منداڵانی دەیە نەوەدی باسکراوە.[٨]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری