مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال

مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال یان مەجلسا خوەسەریا دەمۆکراتیکا شەنگالێ یان مەخەدەشە (بە کوردیی کرمانجی: Meclisa Xweseriya Demokratîk a Şengalê, MXDŞ) سیستەمێکی سیاسیی دوفاکتۆیە کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەی ئێزیدخان لە ناوچە جێناکۆکەکانی باشووری کوردستان دامەزراوە.

ئاڵای مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال

مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال لە ٢٠ ئابی ٢٠١٧ لە شنگال لە کۆبوونەوەی نزیک بە ٢٠٠ کەس لە کەسایەتییەکان و چالاکانی سیاسیی و شەڕوانانی ئێزیدی کە دژ بە داعش ڕاوەستابوون و شنگالیان ئازادکردبوو دامەزرا.[١] مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال لە ٢٧ کەس پێک ھاتووە کە بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرەی ئەم مەجلیسە ھەڵبژێردرانەتەوە. جگە لە کوردە ئێزیدییەکان، ئاشوورییە مەسیحییەکان و عەرەبە شیعەکانی ناوچەی شنگالیش تێکەڵی مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگالن و لەم مەجلیسە نوێنەریان ھەیە.[٢]

مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال ئامانجی خۆی دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە سەر خاکی ئێزدخان و پێکھێنانی ژیانی ھاوبەش لەنێوان گەلانی ناوچەی شنگال ڕاگەیاندووە و خوازیاری ئەوەیە کە لە چوارچێوەی یاسایی کۆماری فیدرالی عێراق وەکوو پێکھاتەیەکی سەربەخۆ بۆ گەلی ئێزیدی و گەلانی دیکەی ناوچەکە بە فەرمی بناسێندرێت.[٣]

حکۆمەتی عێراق و ھەروەھا پارتی دیموکراتی کوردستان نەتەنیا مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگالیان بە فەرمی نەناسیوە، بەڵکو دژ بەم مەجلیسە گڕێبەستێکیان کردووە تا بەتەواوی ئەم مەجلیسە لە خاکی ئێزدخان بسڕینن و ئەرتەشی عێراق و پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەری ئەو ناوچەیە زاڵ بکەنەوە. ھەروەھا حکۆمەتی تورکیا بە بوردومان کردنی بارگەکانی مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال و ھێزەکانی یەبەشە و یەژەئە لەگەڵ خۆسەربوونی گەلی کوردی ئێزیدی و دامەزراندنی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە شنگال دژایەتی دەکات.[٤] [٥]

مێژوو دەستکاری

لە فەرمانی ساڵی ٢٠١٤دا کە ھێزەکانی داعش ھەڵمەتیان بۆ سەر گەلی کوردی ئێزیدی ھێنا و ھەزاران ژن و منداڵیان بە دیل گرت و سەدان کەسیان کوشت یان لە بازارەکان فرۆت، ھێزەکانی ئەرتەشی عێراق ئاریکاریی خەڵکی شنگالیان نەدا و ھێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش سەنگەرەکانیان بە جێ ھێشت و گەڕاون بۆ ھەولێر. لەم کاتەدا ھێزەکانی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان ھاتن بۆ شنگال و لە گەلی ئێزیدی بەرگریان کرد و توانیویان کوریدۆرێک درۆست بکەن کە جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی ئێزیدی بە یارمەتی لەو ڕێگایە خۆیان بگەیێنن بە چیاکان و لە ھەڵمەتی داعش دەرباس ببن. بەدوای ئەوە جەماوەرێک لە گەلی ئێزیدی بە یارمەتیی ئەو گەریلایانە چەکدار بوون و بۆ بەرکری کردن لە خۆیان ھێزێکی نیزامییان لەژێر ناوی یەکەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) پێکھێنا. ئەگەرچی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕۆژی ١ی نیسانی ٢٠١٨ شنگالیان چۆڵ کرد و گەڕاون بۆ قەندیل،[٦] [٧] بەڵام ھێزەکانی سەربەخۆی یەبەشە و یەژەئە لەلایەن خەڵکی ئێزدیی ناوچەی شنگال دامەزران کە لە گەنجانی کوڕ و کچی ئێزیدی پێکھاتوون. لە باری سیاسیشەوە ئەم ھێزانە خوازیاری ئەوە بوون کە ناوچەی ئێزدخان بە دەستی خەڵکی ئێزیدی بەرێوەببرێت و مەجلیس یان شەورایەکی خەڵکی لە تێدا دابمەزرێتەوە. ئەم مەجلیسە لە ٢٠ ئابی ٢٠١٧ لە شنگال دامەزرا و داوای خۆسەربوونی ئێزدخان لە چوارچێوەی یاسای فیدرالی عێراقی کرد.

کۆنگرەکان دەستکاری

کۆنگرەی چوارەمی مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.[٨] [٢]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ڕادیۆ زەمانە: شنگال خۆبەرێوەبەرایەتیی خۆی ڕاگەیاند (بە فارسی)، نووسراو لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  2. ^ ئ ا چرا ئف.ئم: مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال ئامادەی کۆنگرەی چوارەمی دەبێت (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  3. ^ خوەبوون: مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شنگال چوارشەمەی سەری نیسانی پیرۆزبایی کرد (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  4. ^ خوەبوون: مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شەنگال: ھەڵوێستی ئێمە بەرخۆدان و پاراستنی دەستکەوتەکانە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٢١ی ئازاری ٢٠٢١؛ ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  5. ^ ھاوارنیوز: مەجلیسی خۆسەریی دیموکراتیکی شەنگال سەبارەت بە ھێرشی دژ بە شنگال ڕاگەیاندراویک بڵاو کردەوە (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ١٨ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  6. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: دوێنێ لە شەنگال بوو، ئەمڕۆ لە برادۆستە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٩ی ئایاری ٢٠١٨؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  7. ^ ڕۆژنیوز: تاژێ: لە سایەی قارەمانێتی گەریلاکاندایە ئێستا ئێزدخان لەسەر پێیە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١ی ئایاری ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  8. ^ خوەبوون: کۆنگرەی چوارەمی خۆسەریی شنگال دەستیپێکرد (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.