تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی یان تەڤگەرا ئازادیا ژنێن ئێزدی یان تاژێ (بە کوردیی کرمانجی: Tevgera Azadiya Jinên Êzidî, TAJÊ) حیزبێکی سیاسییە کە لە لایەن ژنانی چالاکوانی سیاسیی ئێزیدی دامەزراوە و لە کۆمەڵگای ئێزیدییان لە کوردستانی عێراق بە تایبەت لە ناوچەی شنگالدا چالاکی دەکات. تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٥دا دامەزراوەتەوە.[١]

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی زیندووکردنی چاندی ئێزیدیان بە پێشەنگایەتیی ژنانی ئێزیدی وەکوو ئامانجی خۆی ڕاگەیاندووە و ھەوڵ دەدات تا ژنە ئێزیدییەکان ببن بە خاوەنی ئیرادەی خۆیان. جگە لە ژنانی ئێزیدی، ژنانی ئاشووریی مەسیحی و عەرەبی خەڵکی ناوچەی شنگالیش لە تاژێ بەشدارن.[١]

تاژێ لە ناوچە جیاوازەکانی شەنگالدا ١٠ لقی ھەیە. ھەروەھا خاوەنی ئەکادیمیای پەروەردەیی و کۆمیتەی ئابووریی ژنانە.[١]

وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی ئێستاکە سەبیحا سەبرییە.[٢]

کۆنفرانسەکان و کۆنگرەکان دەستکاری

یەکەمین و دوویەمین کۆنفرانسی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بەڕێوەچوو. یەکەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو. تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی ھەروەھا ھەر شەش مانگ یەک جار کۆ بوونەوەی شەش مانگە بە ڕێوەدەبات کە ھەموو ئەندامەکان لەتێدا بەشدار دەبن و کار و خەباتەکانی خۆیان ھەڵدەسەنگێنێن.[٢]

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی-ئەورووپا دەستکاری

تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی خاوەنی لقێک لە وڵاتانی ئەورووپایە کە بە ناوی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی-ئەورووپا (تاژێ-ئەورووپا) ناسراوە و ژنانی ئێزیدی لە وڵاتانی جیاجیای ئەورووپا ڕێکخستن دەکات. کۆنگرەی دامەزراندنی تاژێ-ئەورووپا لە مانگی ئایاری ٢٠١٧ لە شاری ئەمەریش ئام ڕاین لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.[٣]

کوشتنی ئەندامی تاژێ دەستکاری

یەکێک لە ئەندامانی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی بە ناوی نازێ نایف قەوال لە خۆپیشاندانێک کە لە ڕۆژی ١٤ی ئازاری ٢٠١٧ لە خانەسووری سەر بە قەزای شنگال ئەنجام درا بە تەقەی ڕاستوخۆی ھێزە چەکدارەکانی نزیک بە پارتی دیموکراتی کوردستان کوژراو. لەم خۆپیشاندانە ١٠ کەسیش لە خەڵکی سیڤیلی ئێزیدی بریندار بوون[٤][٥][٦][٧] کە یەکێک لەوانە ڕۆژنامەوانی بە ناوی تووبا ئاکیلماز ناسراو بە نووژیان ئەرھان خەڵکی باکووری کوردستان بوو کە دواتر بە ھۆی برینداربوون لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردەوە.[٨]

ئەمانەش ببینە دەستکاری

سەرچاوەکان دەستکاری

  1. ^ ئ ا ب ڕۆژنیوز: ژنانی ئێزدی بوونەتە پێشەنگی شۆڕش (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٣١ی تەممووزی ٢٠٢١؛ ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  2. ^ ئ ا ئاژانسی ھەواڵی فرات: تاژێ کۆبوونەوەی شەش مانگانەی بەڕێوە برد (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٢٨ی ئابی ٢٠٢١؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  3. ^ ئاژانسی ھەواڵی فرات: تاژێ-ئەورووپا دامەزرا (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ٨ی ئایاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  4. ^ شەن پرێس: پارتی تەقە لە خۆپیشاندەران دەکات و ژمارەیەکیان بریندار دەکات (بە کوردیی کرمانجی)، نووسراو لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  5. ^ ڕۆژنیوز: ڕاگەیاندنەکانی پارتی، شەنگال و ڕۆژئاوا.. شرۆڤە (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٠؛ ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  6. ^ کوردیپێدیا: نازێ نایف (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  7. ^ میللەت پرێس: دوو رۆژنامەنوس لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە بریندار کران (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٧؛ ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
  8. ^ ماڵپەڕی خەندان: ئەو کچە رۆژنامەنووسەی‌ لە گرژییەکانی‌ خانەسۆر بریندار بوو گیانی‌ لە دەست دا (بە کوردیی سۆرانی)، نووسراو لە ٢٣ی ئازاری ٢٠١٧؛ سەردان لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.