مێژووی شاری ھەولێر کۆنە و تائێستا دیار نییە بۆکەی دەگەڕێتەوە بەپێی گێڕانەوەکانبێت مێژووەکەی بۆ نزیکەی (٦٠٠٠) ساڵ بەر لە زایینەوە نشینگەیەکی ئاوەدان دەگەڕێتەوە و تا ئەمرۆش ھەر بەردەوامە.

پێش زایین دەستکاری

لە ساڵەکانی (٢٣٧١ تاوەکوو ٢٣١٦ پێش زایین) بەمەبەستی دەست بەسەرداگرتنی داھات و فرە سامانێتی دەڤەرەکە، پەلاماری ھێرشەکانی سەرگۆنی ئەکەدی گەیشتوونەتە ھەولێر و دەستی بەسەرداگیراوە. دواتر لەساڵانی (٢١٥٠ تاوەکوو ٢٠٥٠پێش زایین) بووە بە بنکەیەکی سەرەکی لە دەوڵەتی گوتییەکان کە لە نەتەوە دێرینەکانی زاگرۆسن؛ و لە ساڵانی (٢٠٥٠ تاوەکوو ١٩٥٠ پ. ز) کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی خانەوادەی سێھەمی ئیمپراتۆرییەتی ئووری سوومەرییەوە. لە ساڵی (١٦٠٠ پ. ز) و دواتر کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی کاشییەکانەوە، کە مەزەندە وایە لە ھۆزە دێرینەکانی کورد بووبن. ھاوکات دەوڵەتی ئاشووریش لە باکوور دامەزرا و چەند ھۆزێکی تری وەکو میتانی و خۆرییەکان دەسەڵاتیان لەو ناوەدا پەیدا کرد لە باشوریئاشوور و ھەولێر و کەرکووک لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی میتانییەکاندا بوون.

لە ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی ئاشوورییەکانەوە لە (٢٥٠٠ تاوەکوو ٦١٢ پ. ز) ھەولێر لە ئەوپەڕی گەشەسەندن و پێشکەوتنی دابوو، ئەوکاتە پایتەختی ئایینی ئاشوورییەکان و تەختی خوداوەندی عەشتار (عەشتار ئەربیلا) پەرستگای ئاشوورییەکان بووە، ناوی ھەولێر لە نووسراوە مێخییەکانەوە بە شێوەی (ئی کشان کلاما) ھاتووە کە دەکاتە (ماڵی خانمەکەی ھەرێم) کە سەرچاوە و ھێمای سەرکەوتن بووە و (عەشتاری نەینەوا) ش خوداوەندی ئەڤین و ڕابواردن بووە.

ساڵانی (٧٠٥*٦٨١ پ. ز) , لە دوای سەرگونی ئەکەدی سەنحاریبی کوڕی بووە بە فەرمانڕەوا، ئەو پادشایە لە دووری (٢٠) کیلۆمەترەوە لە ڕووباری بەستۆڕەوە ئاوی بۆ شار و قەڵای ھەولێر ڕاکێشاوە، کە بە جۆگەی سەنحاریب ناسراوە و بۆ ئەو سەردەم کارێکی دەگمەن و مەزن بووە. دواتر لە ساڵی (٦١٢پ. ز) ئیمپراتۆرییەتی ماد دامەزرا و ھەولێریش کەوتە نێو ئەو ئیمپراتۆرییەتەوە و بووە بە بەشێک لە بنکە و ناوەندی دەسەڵاتی ئەو ئیمپراتۆرییە. دوای ئەمە ھەولێر بووە بە بەشێک لە ئیمپراتۆریەتیی ھەخامەنشی.

لە ساڵی (٣٣١پ ز) و بە فەرماندەی ئەسکەندەری مەزنی مەکدۆنی و لە شەڕی (ئەربیلا)یان گوگمەلا (Gaugamela) کە ھەڵکەوتەکەی نزیکەی سەد کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای ھەولێر مەزەندە دەکرێت نزیک ڕووباری گۆمەلی ناوچەی گۆرانەتی، ئیمپراتۆرییەتی یۆنانی بەسەر دارای شای ھەخامەنییەکان زاڵبوون و ھەولێر بووە بەشێک لە مولکەکانی ئەو ئیمپراتۆرییەتە. لە پاش مردنی ئەسکەندەر لە ساڵی (٣٢٣*پ. ز) لە شاری بابل، ھەولێر (تێکڕای عێراق و سووریا) ش کەوتنە ژێر دەسەڵاتی (سلۆقس) کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی ئەسکەندەر، ئەم فەرمانڕەوایە ھەولێری زۆر ئاوەدانکردووەتەوە و خزمەتی کردووە. لە ساڵانی (١٤٨. پ. ز*٢٢٦ز) فارسەکان توانیان بەسەر سلوقییەکاندا زاڵ بن کە بەر لەوکاتە حوکمڕانی ھەولێر بوون، ئەم فارسانە دەوڵەتێکی فیدراڵییان دامەزراند کە لە چەند میرنشینێک پێکھاتبوو وەک میرنشیینەکانی (ڕەھا (ئورفا),تەدمور، شنگار، حەزەر (ھەترا), دواتریش حەدیاب (ئەدیابین))، ھەولێر گرنگترینی شارەکانی میرنشینی حەدیاب بووە. ئەم میرنشینە (لە نێوان ھەردوو زێی گەورە و گچکە دامەزراوە) میرەکەی (ئیزات) بووە، لە میرە بە ناو و مەزنەکانی فارسان بووە، مافی لەسەرکردنی تاجی بەرز و خەوتنی نێو چوار پایەی زێڕینی ھەبووە، ئەم پلە و پایەی بە خەڵات پێدرابوو لەلایەن پادشا (ئورتەبانی سێیەم), کە ھاوکاریی بووە بۆ گەیشتن بە تەختی پادشایی. ساڵی (٨٣پ. ز) و بۆ ماوەی (١٠) ساڵێک لە ڕۆژگاری (تیگران شا)ی ئەرمەنی ھەولێر کەوتە ژێر ڕکێفی سوپای ئەرمەنەوە.

 
ساڵانی ١٩٥٨–١٩٥٩ گرتنی ھەولێر لەلایەن ئیلخانییەکانی ئیمپڕاتۆری مەغۆل.

دوای زایین و ھاتنی ئیسلام دەستکاری

لە ساڵی ٤٤ زایین ھەولێر بووە پێتەختی ئەدیابین و شاژن ھیلین کە ئایینی جوولەکەیان پەرەو دەکرد. لە دوای چەن پەلامار و ھێرشێکی ڕۆمانەکان و بەناوبانگترینیان ھێرشی پادشا (کەراکولا) بوو ساڵی (٢١٦٧ز) ھەولێر داگیرکراو، فارسەکانی وەدەرناو لە ناوی بردوون، ئەو پادشایە ستەمکارە ئەوەندە دڵڕەق بوو گۆڕی میر وپادشاکانی فارسەکانیشی ھەڵتەکاندوون، ساڵی (٢٢٦ز) لە ڕۆژگاری (شا ئەردە شێر)ی ساسانی، لە مەدائینەوە پەلاماری ھەلێر دراو، ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ساسانییەکان و پەرستگای ئایینی زەردەشتیی لێ دروستکرا.

ساڵی (٦١٢ ز) لەگەڵ ھاتنی سوپای ئیسلام، ساسانییەکان مەدائین و ھەولێر و زۆربەی ناوچەکەیان جێھێشت. ساڵی (١٦ی کۆچی) و لە ڕۆژگاری (خەلیفە) جێنشین (عومەری کوڕی خەتاب) بە فەرماندەی (عوقبەی کوڕی فەرقەد) لەشکری ئیسلام گەیشتە ئەو ھەرێمە و ھەولێر و نەینەوا و زۆربەی ھەرە زۆری ناوچەکانی دەورووبەر کەوتنە ژێر ئاڵای دەوڵەتی ئیسلام. ساڵی (١٣٢ی کۆچی) و لە نزیک ھەولێر و لەشەڕی (زاب)ی یەکلاکەرەوە، عەباسییەکان سەرکەوتن بەسەر ئەمەوییەکاندا و ھەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوایی عەباسییەکانەوە. لە ڕۆژگاری دەسەڵاتدارێتی بوەیھییەکان لە بەغدا (٣٣٣*٤٤٧ی کۆچی) کوردە ھەزبانییەکان توانیان میرنشینێکی بەدەسەڵات لە ھەولێر دابمەزرێنن، ھەولێر لەم سەردەمەدا پێگە و بایەخی شایستەی خۆی وەرگرتەوە و پەیوەندی دۆستایەتی و ئاڵووێری بازرگانیی پتەوی لەگەڵ میرنشینەکانی حەمەدانییەکان و عوقێڵییەکاندا لە مووسڵ و شام ھەبوون. ئەم میرنشینە درێژەی کێشا تا ھەڵکەوتنی (عیمادەدینی زەنگی) لە مووسڵ لە ساڵی (٥٢١ی کۆچی) کە توانی کۆتایی بەم میرنشینە بھێنێت و تەواوی ناوچەکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ساڵی (٥٣٩ی کۆچی/١١٤٤ی زایینی) زێنەدینی عەلی کوچک کوڕی بەکتەکین کە فەرمانداری قەڵای مووسڵ بوو لە سایەی عیمادەدینی زەنگی، توانی میرنشینێکی سەربەخۆ لە ھەولێرو دەورووبەریدا دابمەزرێنێت و بە میرنشینی بە کتیکی ناسرا. لە ساڵی (٥٦٣ی کۆچی/١١٦٨ی زایینی) زێنەدین عەلی کوچک کۆچی دوایی کردو کوڕە بچووکەکەی (زێنەدین یوسف) دەسەڵاتی وەرگرت، پاشتر لە ساڵی (٥٦٨ی کۆچی/١١٩٠ی زایینی) مزەفەرەدینی گورگە بۆری کوکبری برای بوو بە فەرمانڕەوای میرنشینی ھەولێر، لە سایەی حوکمڕانی میر مزەفەری ئەتابەگ میرنشینی ھەولێر بوو بە بەھێزترین و ناودارترینی میرنشینەکانی ئیسلامی و ئەو پەڕی پێشکەوتن و گەشەی زانستی و ئاوەدانی و دەسەڵاتی ھەبوو، ماوەی حوکمڕانییەتی لە نێوان (٥٨٦ک*٦٣٠ک/١١٩٠ز *١٢٣٣ز) درێژەی کێشا، مزەفەرەدین بەیعەتی دا بە پێشەوای کوردیی سەلاحەدینی ئەیوبی و پتر لێی نزیک بۆوە بە خواستنی (ڕەبیعە خاتوون)ی خوشکی سەلاحەدین، لە ڕۆژگاری شا موزەفەردەین فەرماندارێتی میرنشینی ھەولێر گەیشتە ئەوپەڕی ھێز و دەسەڵات و تەواوی ناوچەی شارەزوور کەوتنە نێو دەسەڵاتی ئەو میرنشینە کە ھەر لە زێی گەورەوە تا سلێمانی و داقوق دەگرێتەوە. سوڵتان موزەفەر پیاوێکی خێرخواز و زانست پەروەر و دادپەروەرێکی لە خواترس وخزمەتکاربووە، لە ڕۆژگاری ئەودا یادە ئاھەنگەکانی مەولوودی پێغەمبەر کراوە و شەوانە تا بەرەبەیان چراخان ھەڵکراون و ئاھەنگ و خێروشادی بەردەوام بووە، ھەولێر بووە بە ڕووگەی زانا و دانا و ھزرەوان و پیاوانی زانست و فەلسەفە و مێژووناسان و دەیان فێرگە و قوتابخانە و فەرمانگەی خزمەتگوزاری و چاودێری کۆمەڵایەتیلەو شارەدا کراوەتەوە، خزمەتێکی زۆری ھەولێر کراوە و ئەو پەڕی ئاوەدانی و پێشکەوتنی بەخۆوەبینیوە، ھەولێر لەو ڕۆژگارەدا لە چەرخی زێڕینیدا بووە. دیاریترین شوێنەوارەکانی ئەو سەردەم منارەی چۆلی و قوتابخانەی موزەفەرییە و بازارگاکانی قەیسارییەی ھەولێرن.

دوای وەفاتی موزەفەرەدین کۆکبری لە ساڵی (٦٣٠ی کۆچی/١٢٣٣ی زایینی) میرنشینی ھەولێر چووەوە ژێر سایەی خەلیفە موستەنسیر بیلای عەباسی و لە ساڵی (١٢٣٥ی زایینی) لەشکرێکی بە فەرماندەیی (ئەبوفەزیل ئیقبالیشەڕابی) ناردە سەر ھەولێر و داگیری کرد. ھەولێر لە ڕۆژگاری موزەفەردەین و لە دوای وەفاتیشی دوچاری پەلاماری مەغۆلەکان بووە. دواتر لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عەباسی بەدەست مەغۆلەکانەوە، لە ساڵی (٦٥٦ی کۆچی/ ١٢٥٨ی زایینی) ئیتر ھەولێر کەوتە ژێر فەرمانڕەوای مەغۆلەکانەوە. لە ساڵی (١٣٣٧ی زایینی) کەوتە ژێر دەسەڵاتی مەغۆلە ئیلخانییەکانەوە دواتریش جەلائیرییەکان. پاشان کەوتە ژێر ڕکێفی فەرمانڕەوایانی قەراقویونلو (کە ئالاکەیان وێنەی بەرخی ڕەشی لەسەر بوو) وئینجا لە ساڵی (١٤١٠ی زایینی) کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئاق قویونلو (خودان ئالای بەرخە سپی) ئەمانەش لەو ھۆزە تورکمانانە بوون کە لایەنگر و جێگرەوەی مەغۆلەکان بوون.

ساڵی (١٥٠٨ی زایینی) کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی سەفەوییەکان، تا شکانی سوپای فارس لە بەرامبەر ھێرشی سوپای سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانلی. ساڵی (١٥١٤ی زایینی) لە دوای شەڕی چالدێران و سەرکەوتنی لەشکری سوڵتان سەلیمی دووەمی عوسمانلی، ھەولێر و ئینجا ھەموو عێراق کەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانلییەوە. حوکمڕانی ھەولێر بۆ ماوەیەک بە فەرمانی سولتانی عوسمانی درا بە میر حوسێن داسنی میری شێخان. دواتر میرانی سۆران بوون بە حوکمران. دوای ١٨٨١ لە دەورانی سولتان عبدالمجید ھەولێر بوو بە سنجاق (لیوا) لە سنووری ویلایەتی موسل و یەکەم شارەوانی تێدا دامەزراو و فەرمانگەی تاپۆو گومرگ پێکھێنران تورکی عوسمانی کرا بە زمانی ڕەسمی لە دەزگاکانی دەوڵەت. ئەم ھەرێمانە تاساڵی (١٩١٧ی زایینی) لەژێر دەسەڵاتی عوسمانلییەکان مانەوە.

مێژووی نوێ دەستکاری

 
منارە کۆنی ھەولێر

لەسەردەمی عوسمانلییەکان ھەولێر قەزایەک بووە سەر بە لیوای مووسڵ، بەڵام دوای نەمانی ئەوان و ھاتنی ئینگلیز بۆناوچەکە، ئالوگۆڕ بەسەر شێوەی فەرمانداری دامو دەزگاکان ھاتووەو جۆری بەڕێوەبەربردنی نوێ ھاتووەتە ئاراوە. دیارە ھەولێریش سەردەستەی ئەم گۆڕانکاریانە بوو، لەسەردەمی ئینگلیزەکان (حاکم سیاسی) لەلیواکان کاریان کردووە، یاریدەدەری دادوەری ڕامیاریش واتە (مساعد لحاکم السیاسی) لەقەزایەکان دانیشتوون (دەبلیو- ئار-ئێچ) کەئەفسەرێکی ئینگلیزە، یەکەم یاریدەدەری دادوەری ڕامیاری بووە لەھەولێر، پاشان کە ھەولێر بووەتە پارێزگا ھەر بەخۆی بووە بە دادوەری ڕامیاری ئەم شارە، لەپەرتووکی (دوو ساڵ لەکوردستان) کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی ئاماژە بەوەدەکات ھەولێر ڕۆژی (١ی تشرینی دووەمی ١٩١٩) بووەتە پارێزگا و بەگوێرەی ئەم کتێبەبێت (دەبلیۆ-ئار-ئێچ)یەکەم پارێزگاری ھەولێر بووە لەپاش نەمانی دەسەڵاتی عوسمانلییەکان، بەڵام دووای پێکەوەنانی دەوڵەتی عێراق و لکاندنی کوردستان بەعێراقەوە کەسانی شارەکە یان عێراقی ئەو پلەیان وەرگرتووە.

لە دوای ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانیی یەکەم و لەپاش پەیمانی سایکس*پیکۆ و لە بەھاری ساڵی (١٩١٦ی زایینی) بە فەرماندەیی لیوا (پاراشۆف) ھێزەکانی ڕووسیای ھاوپەیمانی لە ڕێگەی خانەقین و ورمێ بە مەبەستی داگیرکردنی بەغدا ڕەواندزیان داگیر کرد. پاشان بەھۆی ھەڵگیرسانی شۆڕشی تشرینی یەکەم لە ڕووسیا لەو ھەرێمە کشانەوە. ساڵی (١٩١٨ی زایین) و لەدوای داگیرکردنی بەغدا لەلایەن ئینگلیزەوە ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و کابتن ھای بوو بە حوکمڕانی ھەولێر. بەلام ڕەواندز دووبارە کەوتەوە دەست ھێزی عوسمانییەکانەوە بۆ دوو سال بووە پێگەی سەربازی ئەفسەرێکی تورک بە ناوی ئۆزدەمیر. ساڵی (١٩٢١ی زایین) لە دوای دروستبوونی حکوومەتی عێراق و لکاندنی کوردستانی باشوور بە دەوڵەتی عێراق، ھەولێر کرایە موتەسەرفییەت و (ئەحمەدە فەندی عوسمان)یەکەم موتەسەریف (پارێزگار)ی ھەولێر بووە. ساڵی (١٨٥٨ی زایینی) شارەوانی ھەولێر دامەزراوە و یەکەم سەرۆکی شارەوانی (حاجی ئەحمەد ئاغای عەبدولوەھاب) بووە.

لە ساڵی ١٩١٨ز سوپای بەریتانیی ھاتە ناو شاری ھەولێر. دواتر لە ساڵی ١٩٢٥ ھەولێر کەوتە ژێر دەسەڵاتی قەزائی بەغدا. لە ساڵی ١٩٧٤ ھەولێر بوو بە پایتەختی حوکمی زاتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩١ پاش شکانی سوپای ڕژێمی بەعس و کشانەوەیان لە ناوچەکانی کوردستان، ھەولێر بوو بە پایتەختی کوردستانی عێراق. ساڵی ٢٠١٤ز لە ئێستادا ھەولێر بووە بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبیی و لە سەرجەم وڵاتانەوە ڕوو لە ھەولێر دەکرێ بەمەبەستی گەشت و بازرگانیی.

سەرچاوەکان دەستکاری