منداڵ لە سوپادا

منداڵ لە سوپادا بریتییە لەو منداڵانەی (هەر مرۆڤێك لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵی) کە بەژدارییان پێ دەکرێت لە دامەزراوە سەربازییەکان دا وەك سوپای دەوڵەت یان کۆمەڵە چەکدارە نا دەوڵەتییەکان. بە درێژایی مێژوو و کلتوورە جیاوازەکان، منداڵ لە هەڵمەتە سەربازییەکان دا بەکارهێنراوە. بۆ نموونە، لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم دا بە هەزارەها منداڵ لە هەردوو بەرەی جەنگەکە بەکارهاتوون و بەژدارییان پێکراوە. مندااڵان دەکرێت مەشقیان پێبکرێت و لە شەڕەکان دا بەکاربهێنرێن یان ئەرکی پاڵپشتیکەریی سوپایان پێ ببەخشرێت وەك هەڵگر یان نامەبەر یان وەك قەڵغانی مرۆڤی و پروپاگەندەی سیاسی سوودییان لێ ببینرێت.[١][٢]

منداڵان بە ئامانجێکی ئاسانتر دادەنرێن لە کردەی ناونووسکردنی سەربازیی دا بەهۆی ئەگەری هەبوونی کاریگەرییەکی زیاتر لەسەریان بە بەراورد بە کەسانی پێگەیشتوو. هەندێکیان بە زۆرەملێیانەوە و لەژێر فشاردا ناونوس دەکرێن بەڵام هەندێکی تریان بە هەڵبژاردەی ئازادی خۆیان ناونوس دەکرێن کە زۆرجار هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ویستی دەربازبوون لە هەژاری یان هەبوونی ئەو بڕوایە لای منداڵان کە ژیانی سەربازی ڕێگەی بوون بە کەسێکی پێگەیشتوویان بۆ دەکاتەوە.

زۆرجار ئەو منداڵە سەربازانەی لە جەنگە چەکدارییەکان دا رزگارییان دەبێت و بەردەوام دەبن لە ژیان دووچاری نەخۆشی دەروونی، لاوازی خوێندەواری و بیرکاریی دەبنەوە لەگەڵ کێشە هەڵسووکەوتییەکانی وەك توندوتیژی سەخت، کە لە ئەنجام دا ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەژاری و بێکاری لە تەمەنی پێگەیشتووی دا. لێکۆڵینەوەکان لە وڵاتانی شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکان دەریخستووە کە ناونووسینی منداڵانی هەرزەکار لە سوپادا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی (ڕێژەی خۆکوشتن، نەخۆشییە دەروونیەکانی گوشاری دەروونی، زیاد بەکارهێنانی خواردنەوە کحولییەکان و هەڵسوکەوتی توندڕەوانە) تەنانەت ئەگەر بەژداریشیان پێ نەکرێت لە جەنگ دا.[٣][٤]

ژمارەیەك لە ڕێکەوتن و پەیمانامە هەوڵیانداوە کە بەژداری منداڵان لە ناکۆکییە چەکدارییەکان دا کەم بکەنەوە و بنبڕی بکەن. بەپێی ڕێکخراوی (منداڵانی سەربازی نێودەوڵەتی) ئەم ڕێکەوتن و پەیماننامە بوونەتە هۆکار لە کەمبوونەوەی ناونووسینی منداڵان  بەڵام هێشتا دیاردەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو بەردەوامە و منداڵان لە ناکۆکییە چەکدارییەکانی جیهان دا بەژدارییان پێ دەکرێت.

سەرەڕای کەمی گەشی منداڵ لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە بەراورد بە پێگەیشتووان بەڵام چەندین هۆکار هەن لە دامەزراوە دەوڵەتی و ناودەوڵەتییەکان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی منداڵ وەك سەرباز. وەك:

  • گەشە و بەردەستبوونی هەڕەمەکی و خێرای چەکە خودکارە سوکەکان کە منداڵان دەتوانن بە ئاسانی بەکاریبهێنن بۆتە هۆکار و ڕێخۆشکەر لە بەکارهێنانی ڕاستەوخۆی منداڵان وەك جەنگاوەر.
  • زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو وایکردووە منداڵان سەرچاوەیەکی هەرزان و بەردەست بن بۆ دامەزراوە سەربازییەکان.
  • منداڵان بە بەراورد بە پێگەیشتووان مەیل و ویستێكی زیاتریان هەیە کە شەڕ بۆ پاڵنەرە نامادییەکان بکەن وەك (ئایین، ئابڕوو، پلەوپایە. تۆڵە و ئەرك).
  • بەهۆی ئەوەی منداڵان گوێڕایەڵتر و لە شێوەنانیان ئاسانترە بە بەراورد بە پێگەیشتووان بۆیە دەستبەسەرداگرتن، هەڵخڵەتاندن و باوەڕپێکردنیان ئاسانترە.
  • هەندێك سەرکردەی کۆمەڵە چەکدارییەکان بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە منداڵان سەرەڕای کەمی گەشەیان بەڵام چەند خەسڵەتێكی تایبەتی خۆیان وەك جەنگاوەر دەهێننە ناو یەکە چەکدارەکانەوە وەك (بێ ترسییەکی لە ڕادەبەدەر، چوست و چالاك لەگەڵ بەهێز و توند).[٥]

هەرچەندە هەندێك لە منداڵان بەزۆر و لەژێر فشاردا ناونووس دەکرێن، هەڵدەخەلەتێنرێن یان بەرتیلیان پێ دەدرێت بۆ چوونە ناو دامەزراوە سەربازییەکانەوە بەڵام هەنێکی تریان بە ویست و هەڵبژاردەی خۆیان بەژدار دەبن. ئەمەش چەند هۆکارێك لەخۆدەگرێت، لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٤ دا لەسەر منداڵان لە دامەزراوە سەربازییەکانی جیهان دا، ئاماژەیان کرد بە چەند هۆکارێکی ئاڵۆزی پاداشت بەخش، دیارتینیان ئەمانە بوون:

  • هەژاری چینایەتی لەگەڵ نەبوونی پەروەردە و خوێندنی مەدەنی و هەلی کار.
  • کلتوور و دیاردەی ئاسایی کردنی جەنگ.
  • بەدواگەڕانی هاوڕێی نوێ.
  • تۆڵە (بۆ نموونە دوای بینینی کوژرانی هاورێ و خێزانەکانیان.)
  • ئەو بیرۆکەیەی کە "ئەرکی جەنگاوەر دەبێتە واڵاکردنی ڕێگای پێگەیشتوویی."

سەرچاوەکاندەستکاری

  1. ^ UNICEF (2007). "The Paris Principles: Principles and guidelines on children associated with armed forces or armed groups" (PDF). Archived from the original (PDF) on 30 October 2016. Retrieved 24 January 2018. ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  2. ^ "Children at war". History Extra. Archived from the original on 12 January 2018. Retrieved 7 December 2017.
  3. ^ Coalition to Stop the Use of Child Soldiers (2008). "Child Soldiers Global Report 2008". Archived from the original on 10 October 2018. Retrieved 16 May 2018.
  4. ^ Machel, G (1996). "Impact of armed conflict on children" (PDF). Archived from the original (PDF) on 8 July 2017. Retrieved 2018-01-28.
  5. ^ MacManus, Deirdre; Dean, Kimberlie; Jones, Margaret; Rona, Roberto J; Greenberg, Neil; Hull, Lisa; Fahy, Tom; Wessely, Simon; Fear, Nicola T (2013). "Violent offending by UK military personnel deployed to Iraq and Afghanistan: a data linkage cohort study". The Lancet. 381 (9870): 907–917. doi:10.1016/s0140-6736(13)60354-2. PMID 23499041. S2CID 606331.