ملوانکەی شین
ملوانکەی شین ناوی کتێبێکە کە کۆمەڵە شیعرێکی مامۆستا شەریف حسەین پەناھی ی لە خۆی گرتووە. پێشەکیی ملوانکەی شین نووسینی مامۆستا ھێمن ە. ئەم کتێبە تەنیا بەرھەمی شەریفە کە تا ئێستا چاپ بووە. ساڵی ١٣٥٨ ک. ە (١٩٧٩ ز) پێنج کەڕەت بە فەرمی لە چاپ دراوە:
- چاپی یەکەم: ٣٠٠٠ دانە، خەرمانانی ١٩٧٩ ز
- چاپی دووھەم: ٥٠٠٠ دانە، گەڵارێزانی ١٩٧٩ ز
- چاپی سێھەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز
- چاپی چوارەم: ٥٠٠٠ دانە، بەفرانباری ١٩٧٩ ز (لە مەھاباد)
- چاپی پێنجەم: ٥٠٠٠ دانە، رێبەندانی ١٩٧٩ ز
- چاپی شەشەم: ٥٠٠ دانە، بەفرانبار 2024 ز سلێمانی)
زۆربەی شیعرەکانی ئەم دیوانە شیعرە، لە لایەن گۆرانیبێژەکانەوە کراون بە گۆرانی.
وەرگێڕان
دەستکاریکتێبی ملوانکەی شین بە زمانی فارسی لە لایەن عەبدولڕەحمان فەھیمی وەرگێڕاوەتەوە و لە بڵاوکردنەوەکانی گوفتمان و ئابڕەنگی تاران چاپ کراوەتەوە.
پێشەکییەکەی مامۆستا ھێمن
دەستکاریلە یەکەم لاپەڕەکانی ملوانکەی شین دا وتەکانی مامۆستا ھێمن سەبارەت بە شەریف و کتێبەکەی وەکوو پێشەکی چاپ کراوە. ئەمە دەقی ئەو پێشەکییەیە:
یەکەم جار لە بەزمێکی شاعیرانی مەھاباددا ناسیم و شێعریم بیست و خۆشم ویست. دوایەش بۆ رەخنە لێگرتن زۆربەی شێعرەکانی بۆ خوێندمەوە. بەڵام من بەش بە حاڵی خۆم خۆشم لێ ھاتن و بۆنی شێعرم لێ کردن. خەیاڵی ناسک و ھەستی ھونەرمەندانە و مەزموونی شاعیران ەم تێدا بەدی کرد. ھەر کەسە جۆرە بۆچوونێکی لە شێعردا ھەیە. من زیاتر لە خەیاڵی ناسک و مەزموونی ورد و نوێ دەگەڕێم، تا رواڵەتی جوان و رازاوە و کێش و قافیەی سەیر و سەمەرە، یا باشتر بڵێم شێعرم لە نەزم خۆشتر دەوێ. شێعرێکم پێ باشترە کە لە دڵەوە ھەڵقوڵێ و بە دڵەوە بنووسێ.
بەشی زۆری شێعرەکانی شەریف وان. سۆز و عاتیفە و کوڵ و کۆی دەروونی خۆنی. ھەستی خوێنەر یا گوێگر دەبزوێنن و حاڵەتی شاعیر لە کاتی نووسینی شێعرەکەیدا لە پیاوی ورد دەگەیەنن. بە بڕوای من ئەگەر ئەم شاعیرە زیاتر خۆماندوو بکا و پتر ھەوڵ بدا، شاعیرێکی نەک باش، بەڵکوو گەورەشی لێ پەیدا دەبێ. ھونەر سنووری بۆ نییە، ھیچ ھونەرمەندێک نەگەیشتووەتە دوندی ھونەر و ناشگاتێ، بەڵام ھی وا ھەیە زۆر بەرەو ژوور دەچن.
وەک تێگەیشتووم شەریف دەزانێ تازە وردە ھەنگاو بەرەو مەنزڵ ھەڵدێنێتەوە بۆیە بە ھیوام زۆر بەرەو ژوور بچێ. وا ھەست د ەکەم شەریف وەک من لەو بڕوایە دایە کە شێعر کۆن و نوێی نییە و باش و خراپی ھەیە. نەزم نە بە وشەی جوان و وەزنی سەنگین و قافیەی گران دبێتەوە شێعر، و شێعریش نە بە وشەی ساکار و کێشی سووک و لە کار نەھێنانی قافیە نزم دەبێتەوە بۆ نەزم. شێعر و نەزم دوو جۆرە ھونەرن کە دەبێ خوێنەری ورد، حوکمیان لە سەر بدا. بەڵام چەن خۆشە شێعر ئەوەندە باش بێ کە ھەم فۆڕمی لێک و لووس و رێک و پێک بێ و ھەم ناوەرۆکی ھەست بزوێن و دڵڕفێن.
خۆزیا شەریف ئەو ئامۆژگارییانەی ھەمیشە لە پێش چاو بێ: ھەرگیز لە شێعری خۆی رازی نەبێ و پێی وابێ کە دەتوانێ لەوەش باشتر شێعر بڵێ. تا شێعر دنەی نەدا، لە خەوی رائەپەڕێنێ و ھەستی نەبزوێنێ دەست نەداتە قەڵەم. ئەوەشی لە بیر بێ کە زمانەکەمان پێویستی بە خزمەت ھەیە و ھەوڵ بدا وشەی رەسەنی کوردی بەکار بێنێ و لە وشەی دەسکرد و داتاشراو بپارێزێ. تەنانەت لەکارھێنانی وشەی بێگانەی لە وشەی ناڕەسەنی کوردی پێ باشتر بێ. ھیوادارم دیوانی دووەمی ئەم شاعیرە زیاترم رازی بکا.
ھۆنراوەکانی ملوانکەی شین
دەستکاری- دیل
- نامەیەک بۆ فەلەستین
- یادێ
- قوتابخانە
- نامەیێ بۆ کۆڕی شاعیران
- ئامانجی قەڵەم
- بۆ گۆران
- کۆچ
- رووبار
- تەنیا
- ژار
- دێ
- بگری
- فەلسەفەی گەردوون
- ھەڵاڵە
- ھەنسک و فرمێسک
- لانەی بایەقووش
- وێنە
- پەپوولەی خەیاڵ
- بادە
- خێراب
- زرێبار
- خوداتان لە گەڵ
- ملوانکەی شین
- شوان
- نیگارێ
- چوارێنە
- تابووتی سوور
- خاک و خۆر
- شینی مامۆستا ھەژار
- پەری شێعر
- سازی ئاوارە
- کۆچ
سەرچاوەکان
دەستکاری- ملوانکەی شین، شەریف حسەین پەناھی، چاپی شەشەم، ١٩٧٩ ز.