ناسیاریناسی

(لە ماریفەتناسیەوە ڕەوانە کراوە)

ناسیاریناسی، مەعریفەتناسی، ئێپیستێمۆلۆژی یان بیردۆزی زانین (بە ئینگلیزی: Epistemology، بە عەرەبی: نظریة المعرفة‎) لە لقەکانی فەلسەفەیە کە گرنگی بە سروشت و سنوورەکانی زانین دەدات. مەعریفەتناسی خۆی ڕووبەڕووی ئەم پرسانە دەکاتەوە:

  • زانین چییە؟
  • زانین چۆن بەدەست دێت؟
  • مرۆڤ چی دەزانێت؟
  • ئەو شتە کە ئێمە دەزانین، چۆن دەیزانین؟

زۆرینەی گفتوگۆکان لەم گۆڕەپانەدا وردبوونەتەوە لەسەر شیتەڵکاریی سروشتی زانین و ئەوەی کە زانین چلۆن گرێدراوە بە تێگەیشتەکانی دیکەوە، لەوانە: دروستی، باوەڕ و پاساوھێنانەوە. لەگەڵ واتای بەرھەمھێنانی زانینیشدا سەروکاری ھەیە و ھەروەھا لەگەڵ گومانکاری لە بانگەشە جۆربەجۆرەکانی مەعریفەتدا.

وشەی «ئێپیستێمۆلۆژی» (Epistemology) لە یۆنانییەوە وەرگیراوە: episteme - ἐπιστήμη، «زانین، زانست» + λόγος، لۆگۆس.

زانین چییە؟

دەستکاری

لە وەڵامی ئەم پرسیارە دوو ڕێباز (ڕێباوەڕ)ی سەرەکی ھەن:

ڕێبازی ڕاستی (بە ئینگلیزی: Philosophical Realism) دەڵێت: ئەو شتانەی بە ھەستەکان یان بە ژیری (ھۆش) دەیانزانین شتانێکی ڕاستەقینەن و لە دەرەوەی بیر و ھۆشی ئێمەدان، بەو پێیە شتەکان ھەن جا ئێمە ھەستیان پێبکەین یان نا؛ و زانین درک پێکردنی شتەکانە وەک چۆن لە واقیعدا ھەن.

لە بەرامبەردا ڕێبازی نموونەیی (بە ئینگلیزی: Philosophical Idealism) کە دەڵێت: ئەو شتانەی ئێمە دەیانزانین (ھەستیان پێدەکەین) بوونیان بەندە بە بیر و ھزری ئێمەوە. بەو پێیە زانین درک پێکردنی شتەکانە وەک چۆن بۆ مرۆڤ دەردەکەوێت نەوەک ڕاستی بنچینەیی شتەکان.