فائیق تۆفیق (موحامی): بازرگان و بەڕێوبەر و نووسەر، فائیق کوڕی تۆفیق کوڕی عەبدولعەزیز و خەڵکی خانەقین و دایکی «حەمدییە کچی عەبدولعەزیز کوڕی سڵێمان کوڕی مووسا زەھاوی»یە. باوک و دایکی لە گۆڕستانی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی) نێژروان. خۆی ساڵی ١٨٩٠ لە خانەقین ھاتووەتە دنیاوە.

فائیق تۆفیق

سەرەتای ژیان و خوێندن

دەستکاری

خوێندنی تا ئامادەییی لە خانەقین و کۆلیجی حقووقی لە بەغدا تەواوکردووە. سێ خوشکی ھەبووە: نەزیمە، ژنی حەسەن فەھمی پاچەچیی پارێزەر بووە، دووەکەی دی، «ثەمینە»ی ژنی «حسێن جەمیل» و «بدوور»ی ژنی «نازم حەمید»؛ کاتی خۆی بۆ خوێندن چوونەتە بەیرووت. خۆی و خوشکەکانی بە باشی بە کوردی قسەیان کردووە. ماڵیان، لە تەنیشت ماڵی شازادە ساڵحەی خوشکی مەلیک فەیسەڵی یەکەم بووە. فائیق، ھاوپۆل و ھاوتەمەنی حەسەن تاڵەبانی بووە، پێکەوە خوێندنی حقووقیان تەواوکردووە.[١][٢]

وەزیفەی حوکمەت

دەستکاری

چەند ساڵێک قایمقامی ئامێدی، ھەڵەبجە و ڕەواندز بووە. پاشان خزمەتەکەی گواستراوەتەوە و کراوە بە (ناظر الخزينة). پێوەندییەکی توندوتۆڵی لەتەک مەلیک غازی ھەبووە. ساڵانێک، لەگەڵ «داود ئەلسەعدی»، پارێزەری «شەفیق عەدەس»ی جوولەکەی دەوڵەمەند بووە. ڕۆژگارێک کۆمپانیایەکی گواستنەوەی نێوان ئێران و عیراقی دامەزراندووە، نووسینگەکەی لە نزیکی (القصر الأبيض) بووە و لە خانەقین لقی ھەبووە، کارمەندەکانی جوولەکە و شوفێرەکانی کورد بوون. سەرەتای ساڵانی پەنجا خۆی پاڵاوتووە بۆ نائیبیی شاری خانەقین. وتاری لە ڕۆژنامەکانی عیراق دا بڵاوبووەتەوە، لەوانە وتاری (خانقين ليست مطيّة للطامعين). دوو خانووی لە خانەقین ھەبووە، لە «ئیسحاق کرندلی»ی جوولەکەی کڕیون.[١][٢]

گۆڤاری «گەلاوێژ»

دەستکاری

لە ژمارە ٣ی مارتی ١٩٤٤ (ساڵی پێنجەم)ەوە تا دوا ژمارەی ساڵی شەشەم (١٩٤٥) مودیری مەسئوولی گۆڤاری «گەلاوێژ» بووە.[١][٢]

گۆڤاری «دەنگی گێتیی تازە»

دەستکاری

پاشان بووەتە خاوەنی ئیمتیازی خولی دووەمی گۆڤاری «دەنگی گێتیی تازە» کە یەکەم ژمارەی ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٤٥ (ساڵی سێیەم) تا ژمارە (٣)ی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٦ (ساڵی چوارەم) بە گۆڤار و لەوەبەدوایش کە بە ڕۆژنامە و یەکەم ژمارەی -کە درێژکراوەی گۆڤارەکەیە (واتە ٤)- ١٨ی تشرینی دووەمی ١٩٤٦ و دوا ژمارەی پارێزراوی (٣٤) ٢٥ی ئابی ١٩٤٧ دەرچووە.[١][٢]

ڕۆژنامەی عەرەبیی سیاسیی گشتیی ڕۆژانە «الجھاد»

دەستکاری

ئەوەی زانراوە، فائیق تۆفیق ھەر ئەو دەورانە ئیمتیازی ڕۆژنامەیەکی عەرەبیی سیاسیی گشتیی ڕۆژانەی بە ناوی «الجھاد»ەوە وەرگرتووە، کە یەکەم ژمارەی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ لە بەغدا دەرچووە و -ئەوەندەی زانراوە- تا ساڵی ١٩٥٢ بەردەوام بووە.[٢]

ژیانی هاوسەرگیریی

دەستکاری

لە ئاخر و ئۆخریی تەمەنیدا ژنێکی مەسیحیی بەناوی «ماری» ھێناوە، دوو کچ (بوشرا و ذيكرا) و کوڕێکی «خالید» ناوی لێ بووە، ئێستا لە لەندەن دەژین.[١][٢]

لە کۆتاییی ١٩٧٥دا، کاتێک بەڕێوەبەری ئەوقاف بووە، یەکێ لە فەرمانبەرەکانی سووکایەتیی پێ کردووە، ئەویش تووڕە بووە و کەوتووە، جەڵتە لێێ داوە و کۆچی دواییی کردووە. تەرمەکەی براوە بۆ شاری (نەجەف)، لەوێ نێژراوە.[١][٢]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ ئ ا ب پ ت ج ئەم زانیارییانە بەڕێز ئیبراھیم باجەڵان لە خزمانی دایکی فایەق تۆفیق، بە تایبەت ماڵی مەحموود زەھاویی وەرگرتوون، شەوانی ٢ و ٣/٨/٢٠١٦ لێی وەرگیراون.
  2. ^ ئ ا ب پ ت ج چ ڕۆژنامەیێکی تازە، گۆڤاری "دەنگی گێتیی تازە"، ژمارە ١٢، ساڵی سێیەم، بەرگی پێنجەم، ل٢٦٤- لە: گۆڤاری دەنگی گێتیی تازە، خولی دووەم، بەرگی یەکەم، ژمارە ١–٢٠ (نشرینی دووەمی ١٩٤٥–١٨ی مارتی ١٩٤٦)، ئامادەکردنی سدیق ساڵح، ڕەفیق ساڵح و عەبدوڵڵا زەنگەنە، (پڕۆژەی ھاوبەشی بنکەی ژین و دەزگای ئاراس)، چاپخانەی ئاراس- ھەولێر، ٢٠١٠؛ زاھدە ابراھیم، کشاف بالجرائد والمجلات العراقیە، مراجعە عبدالحمید العلوچی، دار الحریە للگباعە- بغداد، ١٩٧٦، ێ٥٩.