شێرپەنجەی خوێن

کۆمەڵەیەکی نەخۆشیی شێرپەنجە

شێرپەنجەی خوێن (بە ئینگلیزی ئەمریکی: Leukemia) یان (بە ئینگلیزی بەریتانی: Leukaemia) بریتییە لە دروستبوونی شێرپەنجە لەو خانانەی کە خوێن دروست دەکەن. بەشێوەیەکی ئاسایی ھەموو خانەکانی خوێن (خڕۆکە سوورەکان، خڕۆکە سپییەکان، پەڕەکانی خوێن) لە مۆخی ئێسکەوە دروست دەبن، ھەموو خانەیەکی خوێن دوای تەواوبوونی تەمەنی خۆی تێکدەشکێت و دەفەوتێت، بەڵام لەو کەسانەی کە دووچاری شێرپەنجەی خوێن دەبن پرۆسەکە بەم شێوەیەی لێدێت: مۆخی ئێسک خانە و خڕۆکەی نائاسایی دروست دەکات، ئەم خانانەش بریتیین لە خانەی شێرپەنجەیی. ئەم خانە شێرپەنجەییانە سیفەتێکی نەخوازراویان ھەیە ئەویش ئەوەیە کە تێک ناشکێن و نافەوتێن و بڵاودەبنەوە بەناو خانە ئاساییەکانی دیکەی خوێن و دەبنە کۆسپ لەبەردەم ئیشی خڕۆکە ئاساییەکانی خوێن. لە ساڵی ٢٠٠٠دا ٢٥٦٠٠٠ کەس توشی شێرپەنجەی خوێن بوون کە ٢٠٩٠٠٠ کەسیان مردن بەھۆی ئەو نەخۆشییەوە تەنیا لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەمریکا ٤٤٬٢٧٠ حاڵەت دەست نیشانکرا. کوڕ زیاتر توشی ئەم نەخۆشییە دەبێت بە بەراورد لەگەڵ کچ.[١] جۆن ھوگز بێنت و ڕۆدۆلف ڤیرکۆ لە ساڵی ١٨٤٥دا نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنیان دۆزییەوە، ئەو دوو زانایە لە ساڵی ١٩٦٢ چارەسەری کیمیاییان بەکارھێنا بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن و سەرکەوتووبوون لە کارەکەیان.

تووشبوویەکی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن

جۆرەکانی

دەستکاری

شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی ئەوەی کامیان زووتر و خێراتر گەشەدەکات و خراپتر دەبێت دابەش دەکرێت، ئەویش یان درێژخایەنە کە لەسەرخۆ گەشەدەکات و خراپ دەبێت، یان کورت خایەن دە بەخێرایی گەشەدەکات و خراپ دەبێت، ھەروەھا سێرپەنجەی خوێن دابەش دەکرێت بەگوێرەی خۆری ئەو خانە خڕۆکە سپییەی کە شێرپەنجەی لێ دروست دەبێت، لە خانەی لیمفی خوێن یان لە خانەی مایلۆیدەوە دروست دەبێت.

  • لۆکیمیای لیمفی درێژخایەن (Chronic lymphocytic leukemia: CLL) کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەھێواشی گەشەدەکات، ھەموو ساڵێک ١٥٠٠٠ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەو کەسانەی توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن تەمەنیان لە سەرووی ٥٥ ساڵەوەیە، ھەرگیز لە منداڵدا ڕوونادات.[٢]
  • لۆکیمیای مایلۆدی درێژخایەن (Chronic myeloid leukemia: CML) کاردەکاتە سەر خانەکانی مایلۆید و بەھێواشی گەشەدەکات، ھەموو ساڵێک ٥٠٠٠ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن، ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لە کەسانی پێگەیشتوو لە تەمەندا ڕوودەدات.[٣]
  • لۆکیمیای لیمفی توند (Lymphoblastic) کاردەکاتە سەر لیمفە خانەکان و بەخێرایی گەشەدەکات، ھەموو ساڵێک ٥٠٠٠ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن. ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن بە شێوەیەکی سەرەکی لە منداڵدا ڕوودەدات، تا ڕادەیەکیش لە گەورەشدا ڕوودەدات.[٤]
  • لۆکیمیای مایلۆیدی توند (Myeloid leukemia) کاردەکاتە سەر خانەکانی مایلۆید بەخێرایی گەشەدەکات، ھەموو ساڵێک ١٣٠٠٠ کەس توشی ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن دەبن، ئەم جۆرە لە شێرپەنجەی خوێن لە منداڵ و گەورەشدا ڕوودەدات.[٥]
  • جۆرێکی دیکە لە شێرپەنجەی خوێن ھەیە، بەڵام دەگمەنە و بەھێواشی گەشەدەکات، پێی دەوترێت خانەی لۆکیمامی قژن (Hairy cell leukemia).[٦]

ھۆکارەکان

دەستکاری

لەڕاستیدا تا ئێستا بەتەواوی نەزانراوە ھۆکاری سەرەکی توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن چییە و نەشزانراوە بۆچی ھەندێک کەس توشی شێرپەنجەی خوێن دەبن و ھەندێکی دیکە توش نابن، بەڵام ھەندێک ھۆکاری مەترسیدار ھەیە کە ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکەن، ئەم ھۆکارانەش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی خوێن دەگۆڕێت.

ھۆکارە مەترسیدارەکان

دەستکاری

ھەندێک ھۆکاری مەترسیدار ھەیە کە ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکەن، ئەم ھۆکارانەش لە جۆرێکەوە بۆ جۆرێکی دیکەی شێرپەنجەی خوێن دەگۆڕێت. بەڵام بوونی یەکێک یان زیاتر لەو ھۆکارانە مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە توشی شێرپەنجەی خوێن دەبێت، بەڵام ئەوانە ھۆکاری مەترسیدار و یاریدەدەرن. کەسی وا ھەیە ئەو ھۆکارانەشی تێدایە و توشی شێرپەنجەی خوێنیش نابێت.

تیشکدان

دەستکاری

ئەو کەسانەی بەر تیشک دەکەون ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە، وەک ئەوانەی بەر بۆمبی ئەتۆمی دەکەون کە بڕێکی زۆر لە تیشکی لێوە دەردەچێت، بۆ نموونە ئەوەی لە ژاپۆن ڕوویدا لە جەنگی جیھانی دووەم، ئەو کەسانەی بەر تیشکی بۆمبی ئەتۆمی دەکەون ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاترە بە تایبەتی ئەگەر لە منداڵیدا بەریان بکەوێت ھەروەھا ئەو تیشکەی کە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە بەکاردێت ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیادەکات.[٧]لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە گرتنی تیشکی ڕێی بۆ بەشەکانی لەش وەک تیشکی گرتنی سنگ و شوێنەکانی دیکە بە تیشکی ئێکس ڕای، ئەگەر توشبوون بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەگەر زۆر بەکارببرێت.

جگەرەکێشان

دەستکاری

ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

بەنزین

دەستکاری

ئەو کەسانەی ئیش لەناو بەنزین و لەگەڵ و بەنزین کاردەکەن ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

چارەسەری کیمیایی

دەستکاری

ئەو کەسانەی کە چارەسەری کیمیایی وەردەگرن بۆ نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن، ئەگەری توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت وەکو لەوەی کەم بکاتەوە.[٨]

مەغۆلی

دەستکاری

ئەو کەسانەی کە مەغۆلیان (down syndrome) ھەیە ئەگەر توشبوونیان بە شێرپەنجەی خوێن زیاتر دەبێت.

بۆماوە

دەستکاری

ئەو کەسانە کە لە خێزانەکەیاندا کەسێک ھەیە دووچاری شێرپەنجەی خوێن بووە، ئەگەری توشبوونیان زیاترە.[٩]

نیشانەکان

دەستکاری

خانەی شێرپەنجەیی لە خوێندا ھەروەک ھەر خانەیەکی دیکەی ئاسایی خوێن دەتوانێت ھاتوچۆ بکات بە ھەموو شانە و خانەکانی لەشدا، نیشانەکانی نەخۆشییەکە کە پەیوەندی ھەیە بە ژمارەی ئەو خانە شێرپەنجەییانەوە. ئەو کەسانەی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی درێژخایەنیان ھەیە لەوانەیە ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوێت، بەڵام پزیشک لەکاتی پشکنینی ڕۆتینی دەیدۆزێتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنی کورتخایەنیان ھەیە، ئاساییانە دەچن بۆ لای پزیشک چونکە ھەست بە نەخۆشی دەکەن، ئەگەر مێشک توشبوو ئەوا نەخۆش ئەم نیشانانەی دەبێت: سەرئێشە ،ڕشانەوە، توانای ماسولکەکانی لەدەست دەدات ،پەرکەم.[١٠] ھەروەھا شێرپەنجەی خوێن کاردەکاتە سەر ئەندامەکانی دیکەی وەک: کۆئەندامی ھەرس، گورچیلەکان، کۆئەندامی ھەناسە، دڵ. لە بڵاوترین نیشانەکانی شێرپەنجەی خوێن بریتییە لە:

  1. ئاوسان و گەورەبوونی لیمفە خانەکان بە تایبەتی لە مل و بنباڵ، بەبێ بوونی ئازار.
  2. بوونی تا و ئارەقکردنەوە لە شەودا.
  3. زوو زوو توشی ھەوکردن دەبن.
  4. ھەستکردن بە ھیلاکی و لاوازی.
  5. خوێن بەربوون لە پووک، دەرکەوتنی پەڵەی سوور لەژێر پێست.
  6. ئازار و ناڕەحەتی و ئاوسان لەناو سک (ئاوسانی سپڵ و جگەر).
  7. دابەزینی لەپڕی کێشی لەش بەبێ بوونی ھۆکارێکی دیاریکراو.
  8. بوونی ئازار لە ئێسک و جومگەکانی لەشدا.[١١]
  • ئەم نیشانانە مەرج نییە تەنھا لە شێرپەنجی خوێندا ھەبن، بەڵکو لە چەندین نەخۆشی دیکەی لەشدا ڕوودەدەن، تەنیا پزیشک دەتوانێت دڵنیا ببێت.

دەست نیشانکردن

دەستکاری

ھەندێکجار پزیشکی نەخۆشی شیرپەنجەی خوێن لەکاتی پشکنینی ڕۆتینی بۆ نەخۆش دەیدۆزێتەوە، ھەر کاتێک نەخۆش ھەستی کرد یەکێک لە نیشانەکانی تێدایە ئەوا پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی تایبەت بکات بۆ دڵنیابوون.

ڕێگاکانی دەست نیشانکردن

دەستکاری
  1. پشکنینی سەرەتایی، لەم پشکنینەدا پزیشک دەگەڕێت بەدوای گەورەبوونی لیمفەکان و سپڵ و جگەر.
  2. پشکنینی خوێن، بۆ زانینی ژمارەی خڕۆکە سپییەکان ،خڕۆکە سوورەکان، پەڕەکانی خوێن، ئەم پشکنینە دەکرێت (CBC) , لە شێرپەنجەی خوێندا ژمارەی خڕۆکە سپییەکان زۆر زۆر زیاددەکات، بەڵام ژمارەی خڕۆکە سوورەکان و پەڕەکانی خوێن کەمدەکات.
  3. بایۆپسی: (Biopsy) ,بایۆپسی بریتییە لە وەرگرتنی پارچەیەک لە لەشی زیندوو بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشی، لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشک پارچەیەک شانە لە مۆخی ئێسک لە ئێسکی حەوز یان ھەر ئێسکێکی دیکە وەردەگرێت (بەنجی ناوچەیی بۆ ئەو ناوچەیە دەکرێت کە پارچەکەی لێوەردەگیرێت بۆ ئەوەی ئازاری نەبێت) ,پاشان پارچەکە دەنێرێت بۆ پزیشکی پاسۆلۆجیست بۆ دیاریکردنی جۆری شێرپەنجەکە. (ئەم ڕێگایە ڕێگایەکی زۆر وردە لە دیاریکردنی شێرپەنجەدا).
  4. گرتنی تیشکی ئێکسی سنگ X-Ray کە تێیدا ئاوسانی لیمفەکان دەردەخات.
  5. سایتۆگێنەتیکس، لەم تاقیکردنەوەیەدا پزیشکی پاسۆلۆجیست لەو پارچەیەی بۆی نێردراوە بۆ پشکنین کە لە مۆخی ئێسک وەرگیراوە، لەو پارچەیەدا دەگەڕێت بۆ بوونی کرۆمۆسۆمی نائاسایی کە لە ھەندێک جۆری شێرپەنجەی خوێندا ھەیە. بۆ نموونە بوونی کرۆمۆسۆمی فیلادیلفا لە شێرپەنجەی خوێنی جۆرمی CML.[١٢]

چارەسەر

دەستکاری

چارەسەری شێرپەنجەی خوێن بەگوێرەی قۆناغی شێرپەنجەکە و جۆرەکەی دەگۆڕێت، ھەروەھا بەگوێرەی تەمەنی نەخۆشەکە و بوونی خانەی شێرپەنجە لە شلەی CSF. مەرج نییە کە جۆرێک چارەسەر بۆ کەسێک باش بێت ئیتر بۆ کەسێکی دیکەش باش بێت، واتا جۆری چارەسەرەکە بەگوێرەی جۆری شێرپەنجەکە دەگۆڕێت، بەگشتی ئەم جۆرە چارەسەرانە بەردەستن: چارەسەر بە تیشک ،چارەسەری زیندەیی (بایۆلۆژی)، چارەسەری کیمیایی، نەشتەرگەری یان لابردنی سپڵ لەکاتی ئاوسانی و چاندنی مۆخ.[١٣] لەوانەیە کەسی توشبوو یەکێک یان زیاتر لەو چارەسەرانەی بۆ بکرێت، چارەسەر بە نەشتەرگەری و تیشک شێرپەنجە لادەبات لە شوێنی خۆی، بەڵام چارەسەر بە کیمیایی و ھۆرمۆن بەھۆی دەرمانەوەیە کە دەکرێتە ناو سوڕی خوێنەوە و بەو شێوەیە چارەسەری شێرپەنجەکە دەکات. چارەسەرکردنی شێرپەنجەی خوێن کاری یەک پسپۆر نییە، بەڵکو کاری کۆمەڵێک پسپۆرە وەک پسپۆری شێرپەنجە، پسپۆری چارەسەری تیشک، پسپۆری نەشتەرگەری، پسپۆری دەروونی، لەکاتی چارەسەری کیمیاییدا نەخۆش پێویستی بە چارەسەری یارمەتیدەر و ئازارشکێن و ئەنتیبایۆتیک ھەیە و پێی دەدرێت.[١٤]

سەرچاوەکان

دەستکاری
  1. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤٤
  2. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  3. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  4. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  5. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  6. ^ شێرپەنجەی خوێن لەزیادبووندایە، لە گۆڤاری زانستی سەردەم ژمارە ٤۵ لاپەڕە ۱٤۵
  7. ^ ھەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان، چاپی دووەم. دەزگای سەردەم. ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۷۱
  8. ^ ھەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان، چاپی دووەم. دەزگای سەردەم. ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۸۹
  9. ^ ھەڕەشە بایلۆجی و کیمیاییەکان، چاپی دووەم. دەزگای سەردەم. ساڵی ۲۰۰۳ ,لاپەڕە ۹۱
  10. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاھانەی مالبۆرن، کۆمەڵەی ئاسۆک. ٢٠ی ئازاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  11. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاھانەی مالبۆرن، کۆمەڵەی ئاسۆک. ٢٠ی ئازاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. پەڕەی دوو
  12. ^ ماڵپەری کانسەرڤیک، جۆرەکانی شێرپەنجە - شێرپەنجەی خوێن ،پێداچوونەوەی نەخۆشخانەی شاھانەی مالبۆرن، کۆمەڵەی ئاسۆک. ٢٠ی ئازاری ٢٠١٧ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە. پێداچوونەوەی گشتی
  13. ^ ماڵپەری شێرپەنجەی خوێن ،خۆپاراستن و چارەسەرکردن - بەشی یەک ١٣ی ئەیلوولی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.
  14. ^ ماڵپەری شێرپەنجەی خوێن ،خۆپاراستن و چارەسەرکردن - بەشی دوو ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٣ لە وەیبەک مەشین، ئەرشیڤ کراوە.